پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەدەچێت، کە نزیکەی ٢١٦ هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە پرۆسەکەی ئەمرۆدا هەیە.

Loading live posts...

کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ لە ژێر چاودێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی چوار پارێزگای هەرێمی باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت. جگە لەو چوار پارێزگایەی باشووری کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکوک، بەغدا، سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالە، واست و ئەنباریش بنکەی دەنگدانی تایبەتی بۆ دەنگدان کراونەتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دەنگدانی تایبەت ١٦٥ بنکە و ٧٤٩ وێستگەی دەنگدانی کردووەتەوە.

پرۆسەکە لە پارێزگای سلێمانی بە کردنەوەی٥٧ بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت کە ٧٨ هەزار ٦٦١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە هەولێر ٦٢ بنکەی هەیە، لە دهۆک ٣٣ و لە پارێزگای هەڵبەجەش یەک بنکەی دەنگدانی تایبەت هەیە.

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستی پێکرد بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە چوار بنکە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت کە ٤٢٦١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هاوکات نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان چاودێری پڕۆسەکە دەکەن، دەنگدەدارنی هێزە تایبەتەکان بە گەرمیەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.

بڕیارە دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاتژمێر ٦:٠٠ ئێوارە بەردەوام بێت. نزیکەی ٢١٦ هەزار کەس لەسەرتاسەری هەرێم، کە دەکاتە رێژەی٧.٤٪ی کۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا هەیە.

رۆژی یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت و بە گشتی ٢ ملیۆن و ٢٠٨ هەزار و ١١٥ دەنگدەر مافی بەشداری لە پرۆسەکەدا دەبێت.