ڕێپێوان لە ئامەد: شۆڕشی ژنان فراوان دەبێت

ژنانی ئامەد لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژانە گۆڕەپانەکان و پەیامیاندا " شۆڕشی ژنان فراوان دەبێت".

پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد و تۆڕی بەرەنگاربوونی توندوتیژی ئامەد بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لەبەردەم دادگای ئامەد تا گۆڕەپانی شێخ سەعید ڕێپێوانیان کرد، بەشێک لە ئەندامی پارت و ڕێکخراوەکان و پەرلەمانتاران بەشداربوون.

وێنەی ژینا ئەمینی و نارین گوران (٨ ساڵ) کە ٢١ ی ئاب بێسەروشوێن بوو لە ٨ ی ئەیلول تەرمەکەی دۆزرایەوە، هەڵگیرا، درووشمی "لە ژینا ئەمینی تا نارین، بکوژەکان دەناسین" بەرزکرایەوە.

پۆلیس ڕێپێوانکەرانی گەمارۆدا ژنان بە هەلهەلە و چەپڵە و درووشم ناڕەزایەتیان دەربڕی و گەمارۆکەیان شکاند.

لە گۆڕەپانی شێخ سەعید، وتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد ڕاگەیاندراوی هاوبەشی خوێندەوە، گوتی: "ژینا ئەمینی بووەتە سیمبولی چالاکی فراوان لە هەموو جێیەک. ترسیان لە ڕێکخستنی ناسنامەی ژنی ئازاد تادێت مەزنتر دەبێت".

هەروەها ڕایگەیاند لێپرسینەوە لە بکوژان و پارێزەری بکوژانی نارین و ژینا ئەمینی و تەواوی ژنان دەکەین، گوتی: "بۆ لێپرسینەوە لە بکوژی ژنان و بەدیهاتنی دادپەروەری لە شەقامەکانین".

لە کۆتاییدا گوتی: "تێکۆشانی ژنان دژی ڕژێمە پاشڤەڕۆکان تادێت مەزنتر دەبێت. شۆڕشی ژنان لە ئێران تا ئامەد تادێت فراوان دەبێت. دەنگی "ژن، ژیان، ئازاد" بە یەک دەنگ بەرز دەبێتەوە. پێداگرین لەسەر بەرخۆدان".