ڕێپێوانی ٢٥ی تشرینی دووەم لە شەنگال

لە شەنگال کۆمەڵگەی ئێزدی و عەرەب بە پێشەنگایەتی تاژێ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێپێوانێکیان ئەنجام دا. لە ڕێپێوانەکە بانگەواز کرا بۆ فراوانکردنی تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان.

ئەمڕۆ لە ٢٥ ی تشرینی دووەم کە سیمبولی ڕۆژی تێکۆشانی جیهانیی ژنانە، کۆمەڵگەی ئێزدی و عەرەب و بەشەکانی کۆمەڵگە و ئەندامانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکان بە پێشەنگایەتی تاژێ ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە لە سنونێ ئەنجامدرا، بە سەدان وێنەی ئەو ژنانەی کە بە دەستی پیاو، داعش، پەدەکە و دەوڵەتی تورک کوژرابوون هەڵگیرا.

لە ڕێپێوانەکە دەیان پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیرا، دروشمی، "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم مەجلیسی گەلی سنونێ دەستی پێکرد هەتاوەکو چوار ڕێیانی مام زەکی بەردەوامبوو. بە ناوی جەماوەر و ژنانی تاژێ نەعیم بەدەل قسەی کرد و ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم کە ڕۆژی تێکۆشانی ژنانە لە تێکۆشەر و بەرخۆدەرانی ژن پیرۆز کرد و گوتی: "ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە هەموو ژنێک کە لە دژی توندوتیژی تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن، لە هێزەکانمان یەژەشە، یەبەشە و یەژا ستار پیرۆز دەکەین. لە هەموو ئەو ئەو ژنانەی لە شۆڕشدا گیانی خۆیان بەختکردوە پیرۆز دەکەین. هەزاران ژن لە زیندانی ئێرانن، ئەم ڕۆژە لە کەسێتی ئەواندا لە هەموو ژنانی زیندانی پیرۆز دەکەین. لە هەموو ئەو ژنانەش کە تاوەکو ئێستا لە ژێر ئەشکەنجەدانی داعشن پیرۆز دەکەین".

نەعیم بەدەل داوای لە هەموو ژنان کرد لە دژی توندوتیژی پیاو و دەوڵەت بەرخۆدان بکەن و گوتی: "دەڵێین دەبێت هەموو ژنان لە هەموو شوێن لە دژی توندوتیژی و بندەستی بەرخۆدان بکەن و قبوڵی نەکەن. دەبێت ستەمی دەسەڵات قبوڵ نەکات. لە تورکیا، عێراق، ئێران و کوردستان ژن دەکوژرێن. ئێمە دەڵێین، بەسە توندوتیژی لە سەر ژنان".

نەعیم بەدەل داوای لە ژنانی ئێزیدی کرد لە دژی توندوتیژی پیاو بەرخۆدان بکەن و گوتی: "دەبێت ژنانی ئێزیدی بەرخۆدان بکەن و ئیدی ئەشکەنجە و توندوتیژی قبوڵ نەکەن. تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت. ئێمە دەڵێین، دەبێت یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگە پێش بکەوێت. پێویستە ژن دەسەڵاتداری قبوڵ نەکات و شۆڕشی خۆی پێکبێنێت. سڵاو دەنێرین بۆ وریشە مورادی و هەموو ژنانی بەرخۆدەر لە زیندانەکانی ئێران. بە "ژن، ژیان، ئازادی" سەردەکەوین".