پەیەدە: پێکەوە لەدژی هێرشی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرین!

پەیەدە لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک رایگەیاند، جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک شکست دەهێنێت. پەیەدە بانگەوازی هەڵوێستوەرگرتنی لەبەرانبەر هێرشەکان کرد.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری پارتی (پەدەکە) هێرشێکی فراوانی لەدژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەستپێکرد.

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک راگەیەنراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و وتی، " هاوکات لەگەڵ زیادکردنی هێرشەکانی سەر گوندەکانی تەل تەمر و زرگانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سوپای داگیرکەری تورک سەرقاڵبوونی جیهان بە شەڕی ئۆکراینا و روسیا وەک دەرفەت بەکارهێنا و بە چەکی قورس، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئێف٤ و ئێف١٤ هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی گردی رەش، زاپ، ئاڤاشین و مەتینا. بەم شێوەیە هەموو بەهاکانی مرۆیی و ئەخلاقی پێشێل کرد.

دوای سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدانی سەرۆکی میت  و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان ئەم هێرشە ئەنجامدراوە.

سوپای داگیرکەری تورک پلانی هەیە کە بە هەلیکۆپتەر هێزەکانی لە ناوچەکە بڵاوبکاتەوە و دواتر لە رووی زەمینیەوە پێشڕەوی بکات و کوردستان پارچە بکات.

دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە ئامانجی ئەوەیە کە شەڕ و فیتنە لەنێوان کورداندا دروست بکات و لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت شکست و ئاڵۆزی ناوخۆی خۆی بشارێتەوە.

ئێمە وەک پەیەدە هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەرمەزار دەکەین. هەرچەند دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش ئەنجام بدات، سەرناکەوێت و ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت. دەوڵەتی تورک وەک هەموو کاتێک شکست دەهێنێت.

ئێمە بانگەوازی لە گەلی کوردستان و هەموو هێزە شۆڕشگێرەکانی جیهان دەکەین کە لە بەرانبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت و هێرشەکان شەرمەزار بکەن."

ف.ق