پەژاک: هەڵمەتی ١٥ی ئاب پلانی لۆزانی بۆ جینۆسایدی گەلی کورد پوچەڵکردەوە
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاند، لە سایەی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە ئەو پیلانەی لە لۆزان لە پێناو جینۆساید و لەناوبردنی گەلی کورد دانرابوو، پوچەڵکرایەوە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاند، لە سایەی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە ئەو پیلانەی لە لۆزان لە پێناو جینۆساید و لەناوبردنی گەلی کورد دانرابوو، پوچەڵکرایەوە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێکدا لە بارەی ٣٩ یەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، رایگەیاندووە: "هەڵمەتی ١٥ی ئاب سەرکەوتوانە دەستیپێکرد و بەسەرکەوتوویش دەگاتە ئاکام".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو فیشەکەی ٣٩ ساڵ بەر لەئێستا بەرەو سەر دڵی دوژمنی فاشیست تەقێنرا لەئێستادا رەوتی تێکۆشان لەسەرجەم بەشەکانی کوردستانی گۆریوە و زیاتر لە هەموو کات لە ئازادی یەکجارەکی نزیکی کردوونەتەوە، هەروەک جەختیشی کردووەتەوە، کە ئەو هەڵمەتەی بە فەرماندەیی مەعسوم کۆرکماز ئەنجامدرا، پلانی لۆزان کە بۆ جینۆسایدی جەستەیی و کولتوری کورد داڕێژرابوو، پوچەڵ کردووەتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەم جۆرەیە:
هەڵمەتی ١٥ی ئاب سەرکەوتوانە دەستیپێکرد و بەسەرکەوتوویش دەگاتە ئاکام
ژیانەوەی گەلی کوردی چەوساوە کە لە ١٥ی ئاب لە ژێر فەرماندەیی هەڤاڵ مەعسوم کۆرکماز (عەگید) لە دژی فاشیزم دەستیپێکرد، گەلی کوردی بە رێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ بەرەو جەژنی سەرکەوتنی یەکجارەکی بە جۆش و خرۆش گەیاندووە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ١٥ی ئاب، رۆژی گەریلای گیانباز و وڵاتپارێزانی تێکۆشەری کورد لە رێبەر ئاپۆ و سەرجەمی گەلەکەمان پیرۆز دەکات.
گەریلاکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد ٣٩ ساڵ بەر لەئێستا و لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ لە ناوچەی دهێی سەر بە شاری سێرتی باکووری کوردستان، هەڵمەتی چەکدارییان دژی فاشیزمی تورک دەستپێکرد و کولتوری تێکۆشانی گیانبازانە و فیداییان لە پێناو رزگاری سەرجەم گەلی کورد و گەلانی چەوساوە پەرەپێدا. ئەم رۆژە، وەک رۆژی ژیانەوەی راستەقینە و هەڵمەتی بێهاوتای خاوەنداری لە یەک سەدە لە تێکۆشانی گەلەکەمان دادەنرێت. لەو کاتەیدا کە دوژمنانی فاشیستی سەردەست بە سەر چوار بەشی کوردستانەوە چیرۆکی سڕینەوە و لەناوبردنی کورد و کوردستانیان بە گوێی جیهاندا دەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کوردایەتی و کوردخۆشەویستییان لە گۆڕناوە و سەری گۆڕەکەیان بە کۆنکرێت داپۆشیوە، هەڵمەتی ١٥ی ئاب، گەلەکەمان بەئاگا هێنایەوە و خستییە سەر رێڕەوی ئازادی و رزگاری. ١٥ی ئاب ستراتیژی، پلان و تاکتیکی راستەقینەی بەرگریی رەوایە لە دژی دوژمن. رابوون و ژیانەوەی گەلەکەمان ئاوێتەی سەربەرزیی چیا لەشکان نەهاتووەکانی زاگرۆس بوو و گۆڕدرا بۆ هەوارگەی هیوا و ژیان و جۆش و خرۆشی ئازادیخوازان، ئەو رێگەی لەلایەن هەڤاڵ عەگید و بە رێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ کرایەوە، لەمرۆدا گەلەکەمانی لە لەناوچوونی یەکجارەکی رزگارکردووە و هەزاران گەنجی ئازا و گیانباز بە پەیوەستبوونیان بە ریزەکانی تێکۆشان لە چیاکان، رێگەی ئازادییان تا لوتکە بەرزەکانی کۆبانێ، هەولێر، ئامەد و رۆژهەڵاتی کوردستان دەپێون. رێبازی تێکۆشانی ١٥ی ئاب، کولتوری چۆن ژیان و ئازاد ژیان فێری گەنجانی کورد دەکات و لەمرۆدا دەستکەوتەکانی بووەتە هەوێنی ئازادی تەواوەتی گەلەمان، لە چوارچێوەی کۆبانێکان ناوبانگیان لە جیهان دەنگیداوەتەوە و بووەتە هیوای ئازادیخوازان و لە بەرگی سەرهەڵدانی شۆڕشگڕی "ژیان، ژیان، ئازادی" گەشاوەتەوە.
جینۆسایدی جەستەیی و کولتوری کە فاسیستەکان لە لۆزان واژۆی کۆیلایەتی و ژێرچەپۆکی گەلی کوردیان لەسەر کردبوو، لە سایەی هەڵمەت و قەڵەمبازی ١٥ی ئاب و سازکردنی سوپای ئازادیخوازی کورد، پوچەڵکرایەوە. تێکۆشانی چەکداری و رەوای گەلی کورد لە ژێر ناوی بەرگری و خۆپاراستنی رەوا لە دژی رژێمە فاسیستیەکان کە هۆکار دروستکردنی کێشەی کوردن، ئەنجامی کۆتایی یەک سەدە تێکۆشانی گەلەکەمان یەکلایی دەکاتەوە. ئەو فیشەکەی ٣٩ ساڵ بەر لەئێستا بەرەو دڵی دوژمنی فاشیست تەقێنرا، لەمرۆدا رەوتی تێکۆشانی هەر چواربەشی کوردستانی گۆڕیوە و گەلەکەمانی زیاتر لە هەموو کات لە ئازادی یەکجارەکی نزیک کردووەتەوە.
لە ١٥ی ئابدا پرۆسەی ژیانەوە و هەستانەوەی گەلی کورد و رزگاری و ئازادی ژنان بەشێوەی هاوکات هاتەدی و بواری بۆ سازکردن و دامەزراندنی سوپای ژنان خۆشکرد. یەکەم فیشەکی هەڵمەتەکە، لە ژێر فەرماندەیی عەگید و بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ کەسایەتی چەوساوەی کورد و کەسایەتی ژنای کۆیلەکراوی کردە ئامانج. لەسایەی راچەنین و باگاهاتنەوەی ژنانی کورد و گەلەکەمان، سیاسەتی سەد ساڵەی دوژمن لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژی کولتوری تووشی تێکشکان و شکستی ققورس بوو. ئەو شکستە گەورەیەی دوژمنە فاسیستەکان، بووە مایەی ئەوەی گەورەترین پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ بکرێت و بە دیل بگیرێت. بە دڵنیاییەوە هەڵمەتی ١٥ی ئاب سەرکەوتوانە دەستیپێکرد و بە سەرکەوتنیش دەگاتە ئاکام و ئەنجام. شێوەی تێکۆشانی شکۆمەندانەی گەریلا لەمڕۆدا بووەتە نمونە بۆ ئازادیخوازان و دیموکراسی خوازان لە ناوچەکە و جیهان و بزوتنەوەی ئازادیی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی پاکتاو و جینۆسایدی کولتوری و جەستەیی زیاتر لە جاران پتەو و بەهێز کردووە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ٣٩یەمین ساڵەی ژیانەوە و هەڵسانەوەی ١٥ی ئاب لە رێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدان، هێزەکانی گەریلا و سەرجەم گەلەکەمان، لە سەر بنەمای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ تێکۆشان لە دژی فاشیزم.بانگهێشتی ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.داوا لە سەرجەم گەنجانی کورد دەکەین لەپێناو خاوەنداری لە خونی شەهیدان و بۆ بە ئەنجام گەیاندنی تێکۆشانی ئازادیخوازی بێنە ریزی گەریلا لە جیا ئازادەکان.
بە دڵنیاییەوە رێچکە و هێڵی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، مانیفیستۆی هێڵی سێهەمی رێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی گیانبازانەی گەلی کوردە. گەل و تێکۆشانێک کە بە پاکی و راستگۆیانە، گیانبازانە و فیداییانە دێنە سەر ئەو رەوتە، بێ گومان ئەو رۆژە دێت ئاهەنگی شکۆمەندی سەرکەوتن و ئازادییان دەگێڕن. ئەوەی وەک میراتی دەوڵەمەند و پڕاوپڕی هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆمان بە جێماوە، لەمرۆماندا توێشووی رێگە و چرای رووناککەرەوەت رێگەی تێکۆشانی گەلەکەمانە تا مەنزڵگەی ئازادی. ئەم تێکۆشانە تا لەناوبردنی فاشیزم و هێنانەدی ئازادی گەلەکەمان بەردەوام دەبێت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
هـ.ب