پژاک: کوێستان داودی بۆ ساتێکێش بیری ئازادی نەتەوەکەی لە مێشکیدا نەسریەوە

پژاک رایگەیاند، ژنە تێکۆشەر کوێستان داودی ئەندامی کەنەکە کە بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد، هیچکات کۆڵی نەدا و بەردەوام گرێدراوی ئاڕمانج و هیواکانی بۆ ئازادی بوو.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەبۆنەی کۆچی داودی کوێستان داودی ئەندامی کەنەکە و ژنەتێکۆشەری کوردەوە پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

 پژاک لە پەیامەکەیدا دەڵێت، " بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوێستان داودی سیمای خۆشەویستی گەل بە ئاسمانی ئازادیدا کۆچی دوایی کرد کە وەک ئەستێرەیەکی خوشی و  پرشەنگی تێکۆشانی روناکی بۆ رێبوارانی ئازادی روناککەرەوە بوو ، یادی هەرمان و پیرۆز بێت."

راگەیەندراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:

"بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوێستان داودی سیمای خۆشەویستی گەل بە ئاسمانی ئازادیدا کۆچی دوایی کرد کە وەک ئەستێرەیەکی خوشی و  پرشەنگی تێکۆشانی روناکی بۆ رێبوارانی ئازادی روناککەرەوە بوو ، یادی هەرمان و پیرۆز بێت.

کوێستان یەکێک لە ژنانی تێکۆشەری خەباتی ئازادی و یەکسانی بوو کە بەردەوام لە مەیدانی خەبات دژی چەوسانەوە و داگیرکاری چالاکانە تێکۆشانی کرد و بۆ کاتێکیش لەم تێکۆشانەدا کۆڵی نەدا و بەردەوام وەک پێشەنگێکی شۆڕشگەر و یەکسانخواز روبەڕوی هەموو کۆسپەکانی ئەم رێبازە بووەوە و تەنانەت لە سەردەمی گەنجێتی و شۆڕشی گەلانی ئێران، وەک بەشێکی زۆر لە لاوانی شۆڕشگێری ئەو سەردەمە، لە دژی سیستمی دیکتاتۆری پاشایەتی ئێران بەشداری ناڕەزایەتیەکاندا کرد و لە دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی تازە بەدەستەڵات گەیشتووی ئیسلامی ئێران بووە و لەو رێگەوە کەوتە زیندانی حکومەتی فاشیست و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران و مەترسی ئەشکەنجە و ئێعدام بەردەوام لە زینداندا سێبەری بە سەردا داگرتبوو. بەڵام هیچکات کۆڵی نەدا و بەردەوام گرێدراوی ئارمانج و هیواکانی خۆی بۆ ئازادی بوو.

کوێستان لە تاراوگەش بەردەوام لە چالاکی و تێکۆشاندا بوو و بۆ ساتێکێش بیری ئازادی نەتەوەکەی لە مێشکیدا نەسریەوە و بە موڕال و هێزی تێکۆشانی، ورەی دەدا بە هاوسەنگەران و دۆستان و تێکۆشەرانی خەباتی رزگاریخوازی کوردستان.

ئێمە وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ، نەمانی فیزیکی هەڤاڵ کوێستان لە مەیدانی خەباتی ئازادی بە خەسارێکی مەزن دەزانین و بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە رێبوارانی ئازادی و هاوسەنگەران و گەلی کورد دەکەین و بەتایبەت لە هەڤاڵ رێبوار و کوڕەکانی و بنەماڵەی سەربەرز و نیشتمانپەروەری کوێستان دەکەین و یادی ئەم تێکۆشەرە بەردەوام لە ئاسمانی تێکۆشانی وڵاتەکەماندا گەشاوە دەمێنێت."

ف.ق