ڕۆژی هەینی ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٢، لە ڕۆژانی سەرەتایی دەستپێكردنی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادیی'، خۆپیشاندانێكی گەورە لە شاری زاهیدان ئەنجامدرا و تێیدا هێزەكانی دەوڵەت بە زەبری چەك و توندتوتیژی هەوڵی بڵاوەپێكردن بە خۆپیشاندەرانیاندا و لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠٠ خۆپیشاندەر كوژران و ئەو ڕۆژەش وەك ھەینی ڕەش یان هەینی خوێناوی ناودێر كراوە. بە بۆنەی یەکەمین ساڵڕۆژی ئەو کوشتارە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمجۆرەیە:
"هەینی خوێناوی زاهیدان کوشتارێک بوو لە دژی هەموو گەلانی چەوساوە
کوشتاری ژمارەیەک لە ھاوڵاتیانی ئازادیخوازی بەلووچ لە ڕۆژی هەینی، ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شارەکانی زاھیدان و خاش، بەدەستی ھێزە سەرکوتکارە بکوژەکان، لە لایەن کۆمەڵگای بەلووچ و پێشەنگەکانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' وەک "هەینی خوێناوی" ناودێر کراوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) یادی گیانبەختکردووانی گەلی چەوساوەی بەلووچ لەو ھەینیە ڕەشەدا بەرز ڕادەگرێت. ئێمە پاڵپشتی و پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلانی چەوساوەی ئێران بەتایبەتی گەلی بەلووچ دەکەین.
ڕووداوی هەینی خوێناوی لە ڕۆژی ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢، کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلی بەلووچ لە چوارچێوەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا ڕوویدا، بە باشی ڕووی قێزەونی سیستەمی فاشیستی ئێرانی ئاشکرا کرد. لە کاتێکدا شۆڕشێک لە ژێر ناوی ئازادی گەلان و ژنان دەستی پێکرد، بەرپرسانی فاشیستی ئێران لە شاری ڕاسک دەستدرێژییان کردە سەر کچێکی بەلووچ و دەیانویست شکۆی ئەو گەلە بشکێنن. جارێکی تر سەلمێندرا کە لە لوتکەی شۆڕشی ژنان لە پێناو ئازادی، ئەنجامدانی دەستدرێژی لە لایەن کاربەدەستان و فەرماندەکانی ڕژێم، دوژمنایەتییەکی ئاشکرایە بەرامبەر بە هەموو ژنان. ھەربۆیە ڕاپەڕینی گەلی بەلووچ لە دژی وەها دەسەڵاتێکی خراپەکار ڕەوا بوو و کوشتار و خوێن ڕشتن لە لایەن ڕژیمی دەسەڵاتدار لە زاهیدان و خاش نموونەیەکی زەقی کۆمەڵکوژیی دژی سەرجەم گەلانی چەوساوەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. وەڵامی ڕاپەڕینی دیموکراتیکی زاهیدان و خاش بە گولـلەی جەنگی و کوشندە نیشانەی دڕندەیی ڕژیم بە ئامانجی پەرەپێدانی سیاسەتی جینۆساید دژی گەلی بەلووچ و تۆقاندنی هەموو ئەو گەلانە بوو کە ڕوویان لە شەقامەکان کردبوو. کوشتنی نزیکەی ١٠٠ سەرھەڵدێری بەلووچ کە بە شێوەی دیموکراتیک ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە دەستدرێژی ئاشکرا و بێ باکانەی کاربەدەستانی ڕژێم دەربڕی، خۆی لە خۆیدا نموونەیەکی ئاشکرای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و تا ئەو کاتەی چەوساندنەوە و ستەم کۆتایی پێنەیەت، دەبێت بە ئازادیخوزی و تێکۆشانی گەل ئیدانە و ریسوا بکرێت. پێویستە گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی بەلووچ لەوە تێبگەن کە ڕاستەوخۆ دوای کوشتاری ٣٠ ئەیلول، دەرکردنی سزای لە سێدارەدان، هەروەها ئەشکەنجە و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە زیندانەکان، وەڵامی دەسەڵاتی فاشیستیی تاران بۆ تێکۆشەرانی سەر شەقام و گەلان بووە، ھەربۆیە ئەم تاوانانە مایە لێخۆشبوون نین. شێوازی کوشتنی "خودانور لەجەیی" لە ڕاستیدا سووکایەتیکردن بە گەلانی چەوساوە بوو. تۆڵەسەندنەوەی ئەو کوشتارانە تەنها لە رێگەی ئازادی گەلی بەلووچ و بەدیهاتنی دیموکراسی مسۆگەر دەبێت.
" پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) " وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتاری ھەینی خوێناویی زاهیدان لەلایەن ڕژیمی فاشیستی ئێرانەوە، یادی ئەو شەهیدانە کە شەهیدی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی 'ژن، ژیان، ئازادی'ن بەرزڕادەگرێت. ئێمە پشتیوانی تەواو و ھەمەلایەنەی خۆمان بۆ گەلی چەوساوەی بەلووچ ڕادەگەیەنین، کە زۆرترین نادادپەروەری و ستەمیان بەرامبەر کراوە، داواش لە هەموو ئازادیخوازان و دیموکرسیخوازان دەکەین کە گەلی چەوساوەی بەلووچ بە تەنیا جێنەهێڵن و ھەموان لە ھەڵمەتی ئەو گەلە تێکۆشەرە دژی سیستەمی ستەمکار و فاشیستی ئێران پاڵپشت و پشتیوانیان بین. بێ گومان یەکڕیزی و یەکێتی نێوان گەلانی چەوساوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هۆی دەستەبەر بوونی ئازادی و دیموکراسی. تێکۆشانی گەلان دەگاتە سەرکەوتن.
ژ.ن