دەقی شرۆڤە سیاسیەکەی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەم شێوەیە:
"سەرکوتکاری و بەردوامی گوشارەکان بۆ سەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە لایەن سیستمی فاشیستی ئێرانەوە، بە ئامانجی مانەوە لە دەسەڵات، هیچ سنوورێک ناناسێت. ئەو ستراتیژیەی سەرکوتکردن و کپ کردن، لە بەرامبەر خواست و ئیرادەی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی وڵاتدا دروست بکات و دیموکراتیزەی بکات، لەبەریەککەوتن و رووبەڕووبوونەوەیەکی قووڵدایە. زیادبوونی قەیرانە گەورەکانی وەک هەژاری، بێکاری و برسێتی، بێ ئاویی، وێرانکردن و لەناوبردنی ژینگە، دەرمان، نان و کارەبا، هەر هەموویان لە سیاسەتی دژە مرۆڤایەتی و دەسەڵاتخوازانەی سیستمی کۆماری ولایی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەو دۆخەی ئێستا ئێرانی تێدایە، ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان کۆمەڵگا و رژێمە، کە بەرەو ئەوە دەچێت، کە چارەنووسی وڵاتەکە و سەرجەم گەلان یەکلایی بکاتەوە.
قەیرانە یەکجار قووڵە بەربڵاوەکان، وایکردووە تاک، چین و توژەکانی کۆمەڵگا لە پێناو دروستکردنی گۆڕانکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری ڕادیکاڵ تر بن. ئەوەی لەژێر ناوی شۆڕشی گەلان، لەچوارچێوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەستیپێکردبوو، ئەمڕۆش لە سایەی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکانی خانەنشینان، ژینگەپارێزان، ژنان، چالاکوانانی مەدەنی، ڕۆشنبیران و زیندانیانی سیاسی بەردەوامە. شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن، لە مانگەکانی ڕابردوودا، کە بە پلانی سیستماتیکی ڕژێم بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی ڕاپەڕین لە سەروبەندی جوڵانەوەی 'ژن، ژیان ئازادی' خراوەتەڕێ، روخساری ڕژێمی زیاتر لە جاران لەبەر چاوی کۆمەڵگا بێزراوتر کردووە. لە کاتێکدا کۆمەڵگا لە ژێر فشاری تاقەتپڕوکێنی قەیرانەکانی دەرمان، هەڵاوسان و هەژارییەوە بگرە، تاکوو قەیرانی ژینگەیی و بێ ئاوییدایە، سیستمی فاشیست سەرقاڵی تاوتوێکردنی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای حیجابی زۆرەملێیە، کە ئەمەش نیشانەی ترسی سیستمە لە ئیرادە و خواستی کۆمەڵگا بۆ هێنانە کایەی گۆڕانکاری. ئێستا بەرەی گەل و بەرەی ڕژیم وەک دوو دژبەری یەک زیاتر تۆخ بووەتەوە. بێ گومان ڕاپەڕینی گەلان لە یەک ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵگای گەیاندووەتە ئاستێک، کە چیتر سیستم بە پەسەند کردنی ئەو یاسا زۆرەملێیانە ناتوانێت کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێڕ ڕابگرێت. پرۆژە یاسای حیجابی ڕژێم، لە ڕووی بێدەرەتانی و دەستەوەستانی، چەقبەستوویی سیاسی، ئایدۆلۆژی و کولتووریەوەیە. دیارە هێز و زەبروزەنگی سیستم بە پلانی حیجاب لە بەرامبەر هێزی گەورەی شۆڕشی کولتووری گەلان پووچەڵ دەبێتەوە، هەر بۆیە ئەم شۆڕشە ڕاناگیرێت.
ئێستا کە رەوایەتی ئەو سیستمە لە لایەن خودی کۆمەڵگا و خەڵکەوە داماڵدراوە و پووچەڵکراوەتەوە، ڕژێم هەوڵدەدات بە دەستپێکردنی شانۆی هەڵبژاردن و گەرم کردنی تەنووری پڕوپاگەندەکانی، هانی کۆمەڵانی خەڵک بدات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. سەرباری ئەوە یەکدەستبوونی دەسەڵات و کۆماری دیکتاتۆری رژێم چیتر توانای ئەوەیان نەماوە، کە خەڵک بەرەو بەرەی بناژۆخوازی کونەپەرەست و ستەمکار ڕابکێشێت. ئەوەی ناوی هەڵبژاردن و بەشداریکردنیان لێناوە، تەنیا گەمەی سیاسی فریودەرانەیە، کە بەهۆی سەپاندنی دەنگ و خواستی دەسەڵاتی ستەمکار، دەبێتە هۆی هەڵکشانی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان.
لە سووتانی هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان و داڵاهو تا وشککردنی دەریاچەی ورمێ لە ئەنجامی سیاسەتە دەسەڵاتخوازانەکان، روونە کە پلانە سیستماتیکەکانی ڕژێم بۆ لەناوبردنی ئیکۆسیستەم و دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە تا چ رادەیەک دژە مرۆڤایەتین. بێ گومان بەشداری پر جۆش و خرۆش و لەخۆبوردەییانەی گەلەکەمان لە مەریوان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان شایەنی ڕێز و پێزانینی زۆرە. ئەو یەکڕیزی، هاوکاریی و هاوپشتییە شایەنی ستایشە و رێز و سڵاوی ئاراستە دەکەین. ئامادەبوونی هەزاران نیشتمانپەروەر و هۆگرانی زاگرۆس بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کارەساتە ژینگەییانە، بە دڵنیاییەوە پلانە دڕندانە و بە ئەنقەستەکانی ڕژێم و سوپای پاسداران لە پرۆسەی جینۆسایدی کولتووری و ئیکۆلۆژیدا بێکاریگەر کردووە. پشتبەستنی گەلەکەمان بە هێزی خۆی و دەستەوئەژنۆ چاوەڕوان نەکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتی قڕکەر، ئاستێکە لە گەشەی وشیاری کۆمەڵگاکەمان، مایەی خۆشحاڵی و شانازییە.
لە هەلومەرجی هەنوکەییدا، لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ژینگە، شەقام، شوێنی کار و بوارەکانی دیکەدا، کۆمەڵگا و دەوڵەت لە ئێراندا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. دەرئەنجامی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ، وەک شۆڕش و گۆڕانکارییەکی گەورە وایە، کە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر شانی یەک بە یەکی تاکەکانی کۆمەڵگا. ئەو بنبەستانەی کە سیستمی فاشیستی لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، ژینگە، کۆمەڵگا، کولتوور و ئەقڵیەتدا پێی گەیشتووە، دۆخی سیاسی ئێستای زیاتر تووشی ئاڵۆزی کردووە و کۆمەڵگا ناڕازیتر و وشیارتر بووەتەوە. لەمڕۆدا ڕژیم هێشتا کەڵکەڵەی گەمە سیاسیە فریودەرانە و پۆپۆلیستیەکانیەتی له رێگەی باڵەکانی سەر بە خۆیەوە، لە بەرگی بناژۆخواز، میانڕەو و ریفۆرمخوازدا، بەو جۆرە وێنای دەکات کە له ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزه دەرەکییەکان و دیپلۆماسی و پەیوەندییه نێونەتەوەییەکان سەرکەوتوو بووه. بێ گومان قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران هاوتەریب لەگەڵ هەبوونی قەیران لە پەیوەندییە هەرێمایەتی و جیهانییەکان، ئەو وڵاتەی بە هۆی قەیرانە یەکجار قووڵە بەربڵاوەکان، گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە. پانتایی قەیرانەکان بەڕادەیەک بەرفراوانە، کە هیچ کام لە بەرنامە ناوخۆیی و دەرەکییەکان یەکناگرنەوە و تەواوکەری یەکتر نین و دەستێوەردانە ناوچەییەکانی ئێران و سەرکوتگەرییەکانی لە ناوخۆدا، ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵدێرێک بردووە، ئەگەر کۆمەڵگا ئاگاهانە و وشیارانە خوێندنەوەی دروست بۆ ئەم دۆخە بکات، دەتوانێت ئەم دەرفەتە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنچینەیی بقۆزێتەوە. لەم پرۆسەیەدا ئۆپۆزسیۆنی زۆر لاوازی ئێران و کۆمەڵگای ناڕازی بەهێز بە دڵنیاییەوە بە ئاراستەی هێنانەکایەی گۆڕانکاری یەکناگرنەوە و هاوسەنگ نین. پێویستە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پێداچوونەوە بە پێکهاتە، چییەتی و ئاستی هێزی شۆڕشگێڕی خۆیان بکەنەوە و بە رەخنەدانی راستگۆیانە، شایستەبوونی خۆیان بۆ کۆمەڵگا بسەلمێنن. بەو پێیە، ویستی گەلان بۆ گۆڕانکاری بەهێزترە لە خواستی رژێم بۆ سەرکوت و مانەوە.
لە قۆناغی ئێستادا، بەدڵنیاییەوە پێگەی کۆمەڵگا بە بەراورد لەگەڵ ناوەند و پەراوێز، بە هۆی جیاوازی لە ڕادەبەدەری دۆخی ناهەمواری گەلانی وەک کورد، بەلووچ و گەلانی دیکە لەگەڵ دۆخی ناوەندی دەسەڵات، بە ڕوونی قەیرانی گەورەتر دەخاتەڕوو. شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خوڵقاندنی کەشێکی خنکێنەر لە بەلوچستان و سەرکوتکردنی چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی لە ناوچەکانی دیکە، چییەتی نەرێنی پلانە سیاسیە سەرکوتکارانەی ڕژێم نیشان دەدات. تا ئەمڕۆ هەرچەندە ڕۆژانە بەرنامە سیاسییەکانی ڕژێم لە هەموو کایەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام خۆڕاگریی گەلەکەمان بە هۆشیاری و ئاگایی لە بەرامبەر شەپۆلی جینۆسایدی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی سەرەڕای ئاستەنگەکان، سەرکەوتوو بووە. باوەڕەمەندبوون بە چۆکدانەدانی گەلەکەمان بەرامبەر بە سیستەمی ستەمکار، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بەردەوامیی تێکۆشانی گەلەکەمان. شەپۆلی دەستبەسەرکردن و هەوڵەکانی ڕژێم بۆ وێرانکردنی ژینگە و سەرکوتکردنی شەقام، ئاماژەیە بۆ ترس و بێدەرەتانی ڕژێم بەرامبەر بە گەلی کورد. هاوپشتی گەلەکەمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی مەریوان هاوشێوەی یەکدەنگی لە شەقام و سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یە و ئەڵقەیەکی ئەو زنجیرەیە. بەم بڕوایەوە دەکرێت سەرکەوتوانەتر لە سەرجەم گۆڕەپانەکاندا ئامادەیی هەبێت. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم هاوپشتی، هاوسۆزی و یەکڕیزییەی هێز، رژێمی کۆمەڵکوژکار چیتر توانای سەرکوتکردنی نابێت. دۆخی نالەباری ئێران و دەسەڵاتەکەی لە سەرجەم بوارەکاندا بەهۆی ئەو هەمووە قەیرانە گەورانەوە، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگا زیاتر بەرەو گۆڕانکاری و وەرچەرخان دەبات و ئەم رەوتە راناگیرێت.
ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
ژ.ن