ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە موراد قەرەیلان رایگەیاند، کە لەم کاتەدا کارکردن لەپێناو ئاکەپە-مەهەپە و دەنگدان بە ئاکەپە-مەهەپە وەک ئەوە وایە مرۆڤ سوکایەتی بە خۆی بکات و ئەوەی خستەڕوو کە لەم کاتەدا بەتایبەتی دایکان دەستیان بخەنە سەر ویژدانیان و دەنگ بدەن. قەرەیلان وتی، "بەڵێ دەبێت هەموو کەس دەنگ بە خۆی بدات". موراد قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو کە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان، لایەنە دیموکراتیکەکان، هێزەکانی هاوپەیمانی کوردستانی و تورکیایی دەبێت هەوڵ بدەن و تێبکۆشن و وتی، "مرۆڤەکانمان هەستیارن؛ دەبێت مرۆڤ ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند سەردانیان بکات. بەتایبەتی دەبێت سەردانی ئەو مرۆڤانە بکرێت کە تا ئێستا دەنگیان بە ئاکەپە داوە، مسوڵمانی راستەقینە هەستی مرۆڤانەیان هەیە. دەبێت مرۆڤ چایەکیان لەلا بخواتەوە".
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بەشداری 'بەرنامەی تایبەت'ی ستێرک تی ڤی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی لە بارەی قۆناغەکە دایەوە. دەقی دیدارەکە بەم جۆرەیە:
لەدژی گۆشەگیری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی ئەنجام دەدرێن، هەروەها کۆبوونەوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا ئەنجام دەدرێن. لەدوایین نمونەدا گەلی کورد لە دۆسێلدۆرف بەمەبەستی مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ئۆجالان گردبوونەوەیەکی ساز کرد. لەو بارەوە دەتانەوێت چی بڵێن؟
راستە، گەلەکەمان هەموو رۆژ لە گۆڕەپانەکاندایە. لەم دواییەدا لە دۆسێلدۆرف گردبوونەوەیەکی باش سازکرا. هەروەها لە لەندەن و ڤیەنا گردبوونەوە هەبوو. گەلەکەمان و وڵاتپارێزان کە بەشداریان لەو چالاکییانەدا کردبوو سڵاویان ئاراستە دەکەم. دیارە هێزە هەژمونخوازە پیلانگێڕەکان و دەوڵەتی تورک لە بیستن و بڵاوبوونەوەی هزر و روانگەی رێبەر ئاپۆ دەترسن. لەبەر ئەوەش سەرباری ئەو هەموو بانگەواز و رێپێوانانەش سیستمی ئەشکەنجەی دەرونی و گۆشەگیری لە ئیمراڵی کەم و سوک ناکەنەوە. نایانەوێت کە دەنگ و پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ لە دەرەوە ببیسترێت. ئەمە تەنیا سیاسەتی دەوڵەتی تورک نییە، هاوکات لە سیاسەتی هێزە پیلانگێڕەکاندایە. خۆی لە خۆیدا سی پی تی ئەوە دەشارێتەوە و رەوایەتی پێدەدات. ئەمە شتێکی گشتییە و ئاشکرایە لە هزر و روانینەکانی رێبەر ئاپۆ ۆر دەترسن.
بەڵام سەرباری هەموو رێوشوێنەکان کە دەیگرنەبەر ناتوانن رێگری لە هزر و روانینەکانی رێبەر ئاپۆ بکەن. ئەوەتا فەلسەفە و پاڕادیگمای هزر و روانگەکانی رێبەر ئاپۆ لە سەرتاسەری جیهان لەلایەن زۆر لایەنی زانا وەک پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ بەدواداچوون و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. هزری رێبەر ئاپۆ گۆڕدراوە بۆ پاڕادیگمایەکی گەردونی. رێبەر ئاپۆ بەو هزر و پاڕادیگمایەی خۆیەوە سنوورەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێپەڕاندووە.
لەم دواییەدا لە هامبورگ لە کۆنفڕانسێکیشدا بینیمان. بەر لە هەموو شتێک پیرۆزبایی لەسەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە لە کۆنفڕانسەکەدا رۆڵیان گێڕاوە. بە راستیش رەنج و ماندووبوونێکی زۆر باش و بەنرخ بوو. سەرباری دەستوەردانی دەوڵەتی ئەڵمانیا و هەوڵەکانی بۆ ئاستەنگ کردنیش بە شێوەیەکی داهێنەرانە و لە جێدا شوێنێکی دیکە دەستنیشان کرا و بە بەشداربوونێکی بەرچاو سازکرا. گفتوگۆکانی ئەوێ زۆر گرنگ بوون. ئەوەندەی بەدواداچوونمان بۆ کرد لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە کەسانی ئەکادیمی لەبارەی دۆخی هەنوکەیی، لەسەر هزری رێبەر ئاپۆ تێڕوانینی خۆیان پێشکەش کرد. هەروەها یەک لە بەشداربووان کە مامۆستای زانکۆ بوو لە قسەکانیدا وتی، "بەم جۆرە منیش بوومە شاگرد و خوێندکارێکی عەبدوڵا ئۆجالان". واتە مرۆڤێک کە خەڵکی ئەو پەڕی دنیایە ئەمە دەڵێت.
هزری کەسایەتیەک کە لە کوردستانەوە دەرکەوتووە لەتەواوی جیهان لە لایەن زانایانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پەسەند دەکرێت. ئەوە بەر لە هەموو شتێک بۆ ئێمە خوێندکاران و هاورێیانی رێبەر ئاپۆ، بۆ گەلەکەمان و تەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایە شانازی و سەربەرزییە. هزری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە جیهان لەسەر ئاستی گەردوونیدا بووەتە مایەی هیوا، ئەمەش مایە سەربڵندییە بۆ ئێمە، پارادیگمای رێبەر ئاپۆ لە سەر بنەمای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و بیرکردنەوەکانی لەبارەی شۆڕش کە پشت بە ئازادی ژن، ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک دەبەستێت، لە جیهان بووەتە مایەی هیوا. هەر لە بەر ئەوەشە بەدواداچوونی بۆ دەکەن، گفتوگۆی لەسەر دەکەن، کۆنفڕانسی لەسەر دەبەستن و خاوەنداری لێدەکەن.
بە کورتی هزری رێبەر ئاپۆ لە ئەمریکای لاتین، ئەفریقا، ئاسیا بڵاوبووەتەوە و ئەستەمە بەر بەوە بگیرێت. هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ لەسەر ئاستی نێونەتوەییدا لەلایەن زۆر کەسەوە قەبوڵ دەکرێن و بۆ گەلانی چەوساوەی ناو سیستمی سەرمایەداری بووەتە هیوایەکی گەورە.
ئەو شەڕەی لە زاپ دەستیپێکرد ساڵێکی تێپەڕاند. ئەنجامە ئەو شەڕە چی بووە؟ هاوکات بۆ رای گشتیش بڵاوکرایەوە کە کۆبوونەوەی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە بەرێوە چووە. لە وەها قۆناغێکدا بەرێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە چەندە گرنگە، چ کاریگەرییەکی داناوە؟
بەڵێ، ساڵێک بە سەر قۆناغی ئێستای شەڕدا تێپەڕی. دوژمن لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ هێرشی دژواری ئاسمانی بۆ سەر گۆڕەپانە ئاماژە بۆکراوەکان دەستپێکرد. دوای سێ رۆژ واتە لە ١٧ی نیساندا لە رێگەی ئاسمانەوە هێزەکانی خۆی دابەزاند و لەسەر زەویشەوە دەستی بە شەڕ کرد. ئێستا ساڵێکی پڕکردووەتەوە و هێشتا شەر بە دژواری بەردەوامە. دیارە لە مێژووی تورکیا و لە مێژووی کوردستاندا ئەمە شتێکی نوێ نییە. ئەو هێرشانەی کە دوژمن ناوی 'ئۆپراسیۆن'ی لێناون ساڵێکە بێ پسانەوە بەردەوامن. بۆ نمونە، لەکاتێکدا کە ئێمە ئەنجامدانی چالاکیمان راگرتووە، هەموو رۆژێک دوژمن لە رۆژهەڵاتی زاپ لە گۆڕەپانەکانی سیدا و چەمچۆ، لە رۆژئاوای زاپ لە سەر هێڵی شاخی ئێف ئێم بەردەوام هێرش دەکات. باشە بۆ هێرش دەکات؟ لەبەر ئەوە ئەو ناوچانە گەریلایان تێدایە و ناتوانن گەریلا لەوێ دەربکەن. هێرشەکانی ئێستا سەلمێنەری ئەوەن. دەوڵەتی تورک ئێستا هەموو رۆژێک بە چەکی قورس، تانک و چەکی جیاجیا هێرش دەکاتە سەر سەنگەرەکانی گەریلا و بەرخودان لەوێ هێشتا بەردەوامە. راستە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی زاپیان داگیرکردووە. بەڵام لە رۆژئاوای زاپ ئەو ناوچانەی کە داگیریان کردبوو لەبەر ئەوەی نەیانتوانی تیایدا بمێننەوە لێی کشانەوە. هەربۆیە ئێستا تەنیا لە شاخی ئێف ئێم هەن. بە دڵنیاییەوە لە ئێف ئێم سەنگەری گەریلاش هەی و لەوێ لە نزیک یەکن. لەبەر ئەوەش هەموو رۆژێک بە تانک و چەکی جیاجیا هێرش دەکەن.
هەموو ئەمانە نیشانەی شکستهێنانی سوپای تورکە. ئەو سوپایەی بە خۆی دەڵێت 'دووەم هێزی گەورەی ناتۆم' سەرباری ئەوەی پێشکەوتووترین چەکەکانی سەردەمی بەدەستەوەیە، هەروەها سەرەڕای ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی قەدەغەش بەکاردەهێنێت، هەروەها گەرچی لەلایەن گلادیۆی ناتۆ و هەندێک هێزی باشووریش پشتیوانی لێدەکرێت، دەوڵەتی تورک ناتوانێت گەریلا لەوناوچانە دەربکات. بێگومان هەموو ئەمانە تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا روویان نەداوە. لەم دوا ساڵەدا بێ پسانەوە شەڕ لە هەمان سەنگەرەکاندا بەردەوامە. ئەگینا وەک دەزانرێت ئەم شەڕە لە بنەڕەتدا لە ساڵی ٢٠٢١ دەستیپێکرد. واتە دەوڵەتی تورک دوو ساڵە دەیەوێت زاپ، ئاڤاشین و مەتینا داگیربکات، بەڵام ناتوانێت. بۆ پرۆپاگەندە ئەمە ناڵێم. ئەمانە راستین و لەو گۆڕەپانانەی کە دەڵێم هەموو رۆژێک شەڕ روودەدەن. ئەوان هەموو رۆژێک هێرش ئەنجام دەدەن و ئەو شوێنانەس دیارن کە لێی کشاونەتەوە. رەنگە دەوڵەت تورک و دۆستەکانی سود لە توانای راگەیاندنەکان وەربگرن و نەهێڵن راستی ببینرێت، بەڵام دەوڵەتێک کە بەو توانایانەوە دەیویست ئەو گۆڕەپانانە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا داگیر بکات، دواتر بچێت بۆ قەندیل و شەنگال و رۆژئاوا، لە زاپ گیریخوارد و ئاسێ بوو، لەوێ چەقی و هێشتاش لەو ناوچانە شەڕ بەردەوامە. ئەمە راستیە. بێگومان ئەوە شتێکی ئاسایی نییە. زۆر جار ئەو دۆخەمان شرۆڤەکرد.
لە پرسیارەکەتاندا باستان لە کۆبوونەوەی دەستەی فەرماندەییتان کرد. بەڵێ، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ و واتادار بوو. بە بەشداربوونێکی بەرفراوان ئەنجامدرا و هەروەها ئەو پراتیکەی باسمان کرد بە تەواوەتی هەڵسەنگێندرا هەروەها پلانی ساڵی نوێ داندرا، دەستکەوتەکانمان دەستنیشان کران. بە راستیش لە رووی تاکتیکیەوە ئەو بەرەوپێشچوونانەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان خوڵقاندوویانن بە کەڵکی تەواوی مرۆڤایەتی دێن. سەلمێنرا کە ئیرادە، داهێنەری و بوێری و ئازایەتی مرۆڤ چۆن دەتوانێت تەکنەلۆژیای سەردەم سکست بدات. ئەوەی هاتنە ئاراوە لەم چوارچێوەدا زۆر گرنگن. رەنگە ئەو بەرەوپێشچوونانە هەر هەمووی لەناو رای گشتیدا بڵاونەبووبنەوە- کە ئەمەش کەموکورتیە- بەڵام ئەو بەرخودانەی کرا مێژووی نوێی نوسیەوە.
بێگومان ئەمە ئاسان نەبوو. بەر لە هەموو شتێک لەمەدا رەنج و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ رۆڵی هەیە. رۆڵی گیانبازی و بەرخودانی گەلەکەمان هەیە. هەروەها رۆڵی سیاسەتی کورد و سیاسەتی چەپی تورکیا هەیە کە خۆیان بەدەستەوە نەدا و بە هەڵوێست بوون. بە کورتی گەلەکەمان و رێبەرمان لە بەرمابەر هێرشە فاشیستی-قڕکەرییەکانی دەوڵەتی تورک خۆڕاگرییان کرد. بێگومان گەریلاش پشتی بە هەموو ئەوانە بەست و بەرخودانی مێژوویی ئەنجامدا. بەتایبەتی لە بابەتی گیانبازیدا خۆی گەیاندە ئاستێکی زۆر باڵا. راستە قوربانیمان بۆ ئەوەش دا. ئامارەکانیش راگەیەندران. لەماوەی ئەم ساڵەدا تەنیا لەو سێ گۆڕەپانەدا ٢٥٩ شەهیدمان بەخشی. هیچ یەک لەوان کەسایەتی ئاسایی نەبوون؛ هەموویان قارەمانانی سەردەمی ئێمەن. هەموو ئەو شەهیدانەی لەم قۆناغەی شەردا بەخشیمانن، لە رۆژهەڵاتی زاپ هاوڕێ باگەر گەڤەر، ئاڤزەم چیا، مزگین رۆناهی، جیگەر مەلازگرد، رۆژدا ماکو، دۆغان ژیرکی، لە رۆژئاوای زاپ هاورێ دەلیل زاگرۆس، نالین فرات، گوڤەن، زەمانی، ئۆزگور و ئامانج، لە هێڵی مەتینا/جۆلەمێرگ هاورێ نوری یەکتا، بەرفین رێباز، رۆزا و حەکیم بە بیردەهێنمەوە. بێگومان بەرخودانی ئاڤاشین بەتەنیا قۆناغێکە. لە کەسایەتی هاوڕێ هەڵبەست کۆچەرین و فەدایی کۆبانێدا سەرجەم گیانبازانی ئاڤاشین بە بیردەهێنمەوە. هەروەها لە کەسایەتی ماهیر مەزڵوم، رۆناهی دەڤریم، باران چراڤ و رێزان ئامەددا هەموو قارەمانانی خۆڕاگرمان بە بیردەهێنمەوە کە وەک ئەندامانی یەکینەی گەڕۆکی بریارگەی ناوەندی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەشدارییان لە هێرشەکاندا کرد.
ئەو هەڤاڵانەی کە بەشدارییان لەم بەرخودانەدا کرد هەر هەموویان مێژوویان نوسیەوە. ئێمە ئەو بەڵێنەی کە بەوانمان داوە دووبارە دەکەیەنەوە و دەڵێن کە ئێمە خاوەنداری لە یادی ئەوان دەکەین. ئەو بەرهەمەی لەپاش خۆیان جێیان هێشتووە بناغەیەکی گرنگ و مێژوویەکی ناوازە بۆ گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە دەخوڵقێنێت. لە هەمان کاتدا لە داهاتووشدا رۆڵێکی گرنگیان دەبێت لەبەر ئەو بەرخودانە بە راستی دوژمن وەستێندرا.
ئەگەر بەهۆی ئەو بەرخودانەوە نەبوایە و دوژمن بە راستی بیتوانیبایە گەریلا شکست بدات، سەردەمێکی تاریک بۆ گەلی کورد دەستیپێدەکرد. لەبەر ئەوە دوژمن دەیویست دەست بەسەر دەستەکەوتەکانی گەلی کورددا بگرێت. هەروەها گەلانی ناوچەکەش بە مێشکی عوسمانی نوێ پێیان دەنایە سەردەمێکی مەترسیدار و تاریک. بەڵام بەرخودان بەری بەوە گرت. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە هاوکات لە رێگەی ئەو هێرشانەوە دەیویست سیستمی فاسیستی هەمیشەیی بکات. بەڵام ئەم بەرخودانە بووە بەربەستێک لەبەردەم ئەوەدا. بەڵێ، هێرشەکانی سەر گەلەکەمان زۆر دژوار بوون و گەلەکەمان بە هۆی ئەو هێرشانەوە زۆر زیانی بەرکەوت. دوژمنیش هەزاران کوژراوی هەبوو. ئێمەش بە سەدان شەهیدمان دا. ئاخۆ کێ بەرپرسە لەوە. تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی بەرپرسیارن لەوە.
تەیب ئەردۆغان بەر لە چەند رۆژ چووە ئامەد. تەواوی ئەوەی لە ئامەد وتی، درۆن. بەر لە هەموو شتێک ئەوان شەڕیان هەڵگیرساند. ئێمە هێشتاش لە سەر هێڵی لێکتێگەیشتنی دۆڵمەباخچەین. هەرگیز ئەوەمان تێکنەدا. ئەوان ویستیان لەسەر خوێنی کوردان دەسەڵاتداری خۆیان هەمیشەیی بکەین. لەبەر ئەوە مێزەکەیان هەڵگێڕایەوە و هێرشیان کردە سەر ئێمە. بەڵام ئەردۆغان لە ئامەد راستیەکەی هەڵگێڕایەوە و درۆی کرد. ئەوان ویستیان پاکتاومان بکەن و لەناومان ببەن. نەیاندەویست لەگەڵ کوردان رێبکەون و ئێمە قەبوڵ بکەن. نەیاندەویست ناسنامەی گەلی کورد قەبوڵ بکەن و هەڵیانکوتایە سەر ئێمە. ئێمەش بەرامبەر بەوە خۆڕاگریمان کرد. بەرخودانی ئێمە، شکۆ و سەربەرزی ئێمە و مرۆڤایەتیەتی ئێمەیە. وەک گەل لەپێناو هەبووندایە، بۆ داهاتوویەکی ئازادە. هەربۆیە ئەو بەرخودانە بۆ ئێمە ئەرکێکی پێویستە. بەڵام ئەوان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتداری خۆیان، بۆ داگیرکردنی میساقی میللی و باڵادەستی خۆیان لەسەر ناوچەکە هێرشیان کردە سەر ئێمە. لەبەر ئەوە خودی ئەوان بەرپرسن لە رژاندنی خوێن. بەڵام وەک ئەوە ی ئێمە هێرشمان کردبێت نیشانی دەدەن؛ ئەوە راست نییە. بەم جۆرە ئابووری تورکیایان لەناو برد، گەلانی تورکیا بە گشتی برسی کراون؛ بوونە هۆی گیانلەدەستدانی رۆڵەکانی گەلان. واتە ئۆباڵی ئەمە لە ئەستۆی ئەواندایە، بەڵام ئەوان ویستیان کە بەو هێرشانە کۆتایی بە ئێمە بهێنن، سەرباری ئەوەش نەیانتوانی.
لە قۆناغی ئەم شەڕەی دواییدا راگەیەندرا کە تەرمی چەندین سەربازی کوژراو لە ژێردەستی گەریلاکاندان. هەروەها بانگەواز بۆ بنەماڵەی سەربازان کرا کە بچن و تەرمەکانی رۆڵەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام ئەوەندەی بەدواداچوونمان بۆ کردووە لەو رووەوە هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە. دەتوانن لەوبارەوە چی بڵێن؟
ئێستا بە تایبەتی تەیب ئەردۆغان منداڵی سەرکردەکانی ئاکەپە یاری بە ملیۆنان دۆلار دەکەن، بەڵام چەند سەنتێک دەخەنە گیرفانی منداڵانی هەژار و داماوی گەلی تورکیا، دەیانکەنە سەربازی کرێگرتە و دەیاننێرنە سەر ئێمە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری مردنی ئەو سەربازانە. بەڵام خاوەندارییان لێناکەن. زۆرینەیان ناسنامەیان راناگەیەندرێت. ئێستا هەڤاڵان هەندێک لەو تەرمانەیان لە هەندێک شوێن داناوە بۆ ئەوەی دوژمن بێت و بیانباتەوە. هەروەها سوپای تورک هەندێک لەو تەرمانەی سوتاند و لەناوی بردن. ئێستا دوو تەرم لە ژێر دەستی هەڤاڵاندان. سوکایەتی بە تەرمەکانی ئێمە دەکەن، بەڵام ئێمە وەک ئەوان سوکایەتی بە تەرمەکان ناکەین. ئێمە بەڕێزەوە مامەڵە دەکەین. رێزگرتن لەبەرامبەر مردووەکان چۆن بێت ئێمە بەو جۆرە رێزیان دەگرین. تەرمەکان لەلای ئێمە هیچیان لێنەکراوە. بەڵام ئەوان خاوەنداری لە تەرمەکانی خۆشیان ناکەن. ساڵەکەیم بیرنایاتەوە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدابوو ئیسرائیل بۆ ئەوەی دوو تەرمی خۆی کە کەوتبوونە دەست فەلەستینیەکان وەربگرێتەوە، نزیکەی ٢ هەزار جەنگاوەر و شەڕڤانی فەلەستینی ئازاد کرد. بێگومان ئەو بەها بۆ سەربازە مردووەکانیشی دادەنێت. بەڵام چەندەش بە دەوڵەتی تورک بڵێین 'وەرن تەرمەکان وەربگرنەوە' قەبوڵی ناکەن. دەمەوێت ناوی دوو تەرم کە ئێستا لەژێردەستماندایە سەرلەنوێ رایبگەیەنمەوە. مستەفا بازنا. ناوی دایکی دۆندو، ناوی باوکی رەمەزانە. خەڵکی ناوەندی دوزجەیە. ناجی کایگوسوز. ناوی دایکی شەنگول، ناوی باوکی سایم. خەڵکی تەپەباشی ئەسکیشەهیرە. رێکخراوە مەدەنییەکان دەتوانن بێنە ئامێدی لە گۆڕەپانە شاخاوییەکان بمانبینن. ئەگەر بێن دەتوانین ئەو تەرمانە بە پارێزراوی رادەستی ئەوان بکەین. ئێمە بە رۆژی پیرۆزدا تێپەڕ دەبین، لە مانگی رەمەزانداین و چەند رۆژی تر جەژنی رەمەزانە. هەربۆیە ئەگەر بنەماڵەی ئەو سەربازانە بێن و لە رێگەی رێکخراوە مەدەنییەکانەوە پەیوەندیمان پێوەبکەن، دەتوانین ئەو تەرمانە رادەستی ئەوان بکەین. ئێمە لە بەرامبەر ئەوەدا هیچمان ناوێت، راستە فەلەستینیەکان لە بەرامبەر دوو تەرمدا دوو هەزار شەڕڤانی خۆیان وەرگرتەوە بەڵام ئێمە ئەو بڕیارە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی جێبەجێ دەکەین.
ئەقڵیەتی ئاکەپە ئەمەیە. ویژدانی تێدانییە، هەستی مرۆیی تێدا نییە. تەرم هەبێت دەیسوتێنن و جێیدەهێڵن. لێرە لە گۆڕەپانی شەڕدا مانەوە، خاوەندارییان لێنەکردن. ئەگەر دیل هەبێت نایپارێزێن و دەیانکوژن. لەو ئەقڵیەتەدا هەستی مرۆڤایەتی بوونی نییە. بانگەوازی من بۆ گەلی تورکیا ئەوەیە کە ئەو راستیە ببینن.
دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەموو پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی ئایندەی تایبەت کردووە بە شەڕ و تەڤگەرەکەی ئێوە، هەموو هەڵسەنگاندنەکانی دەخاتە نێو ئەم چوارچێوەیە، بەڕای ئێوە، پەیوەندی ئەم شەڕە یەک ساڵەیە چییە بە سیاسەتی تورکیاوە و چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەت هەیە؟
شەڕ دیاردەیەکە ناکرێت لە سیاسەت و پراکتیک جیابکرێتەوە، شەڕ درێژکراوەی سیاسەتە، بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیا ئەم شەڕە بەڕێوەدەبات و دەیەوێت سیاسەتەکەی لەسەر ئەم بناغەیە دابڕێژێت، ئەو خاوەنی تێگەیەکە و پێیەوە پەیوەستە. بەڵام بەتایبەت لە دوو ساڵی پێشوودا، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بەگوێرەی سیاسەت و هەڵبژاردنەکانیان پلانی شەڕیان داناوە، ئەمەش ئاشکرایە، لە شوباتی ساڵی ٢٠٢١ هێرشیان کردە سەر هەرێمی گارە، ئەگەر بیرتان بێت، پێش هێرشەکە ئەردۆگان گوتی: «ڕۆژی چوارشەممە مزگێنییەکی خۆشتان پێ دەدەم»، ویستیان بارەگای گەریلا وێران و پەرتەوازە بکەن لەڕێگەی هێرشێکی لەناکاوەوە، دەیانویست بەگوێرەی چیرۆکێکی داهێنراوی خۆیان نمایشێک پێشکەش بکەن و ئینجا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدەن، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەیانویست سەرکەوتنێکی گەورە لە دژمان بەدەستبهێنن، تاوەکو بیکەن بە کەرەستەی پرۆپاگەندە و پاشان هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن، بەڵام سەرنەکەوتن، چونکە نەیانتوانی سەرکەوتنە دڵخوازەکەیان بەدەستبهێنن. لەم بارەیەوە، مرۆڤ دەتوانێت پێچەوانەی قسەکانیان بسەلمێنێت، چونکە دەیانویست هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەئامانج بگرن، واتە خوازیاربوون لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و گارە سەرکەوتن بەدەستبهێنن. سەرەتا ویستیان گشت ناوچە ستراتیژییەکانی باشوری کوردستان داگیربکەن، پاشان لەڕێگەی هەڵکردنی ئاڵاکانیانەوە لەوێ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدەن، بەڵام شکستیان هێنا. دوو ساڵی ڕابردوو، هەموو پلانەکانیان لەسەر ئەم بناغەیە داڕشت، لە گارە شکستیان هێنا، ئیتر هێرشیان بۆ سەر ئاڤاشین و زاپ دەستپێکرد، کاتێک تا کۆتایی ساڵ هیچ ئەنجامێکیان چنگ نەکەوت، ئیتر چەکی نوێیان بەکارهێنا، بێگومان بۆ بەکارهێنانی ئەم چەکانە ڕێگەپێدانی ناتۆیان وەرگرتووە، دەیانویست لەڕێگەی چەکی ناوکی تەکنیکییەوە ئەنجامێکیان چنگ بکەوێت، دەیانویست بەرخۆدانی تونێلەکان تێکبشکێنن، تاوەکو هێزەکانی بەرخۆدان پاشەکشە بکەن بەرەو ناوچەکانی هەولێر و موسڵ. بەڵام لێکدانەوەکانیان نەیپێکا، چونکە ڕێبازەکانی گەریلا چەکەکانیانی پوچەڵکردەوە، تونێلەکانمان ناوبرد بە «قەڵای ژێرزەمین»، چونکە هەریەک لە تونێلەکانمان، ئەگەر ئامادەکردن و بەکارهێنانی دروست بێت، دەبێتە قەڵایەک دژی هەر جۆرە چەکێک، بێگومان هەر ئەمە نییە، بەهۆی دووبارە خۆڕێکخستنەوەی گەریلاوە، بە تەکنیکەکانیان، بە زیرەکی و ڕێبازە داهێنەر و ئەزموونە مەزنەکانیان، دوژمن هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی چنگ نەخست.
بەکورتی، ئەم جەنگە بەردەوامە تەواو گرێدراوە بە سیاسەتەوە، خڵوسی ئاکار شەڕی لە زاپ بەڕێوەبرد، لەوێ چاوەڕێی ئەنجامێک بوون تا دەستوبرد لە ئەنقەرەوە بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بدەن، بەڵام شکستیان هێنا، تەنها بۆ ماوەی مانگێک وەهایان کرد؛ بەڵام هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ڕوودەدات، بەڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ، ڕەوشیان خراپتر دەبێت، ڕەنگە زۆرکەس حەز بە بینینی ئەمە نەکەن، بەڵام ئەگەر گەریلا لەناوببرێت و پلانی ئاکەپە و مەهەپە سەربگرێت، کەس ناتوانێت بیانوەستێنیت، نەوەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەوان خەریکن ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لاوازدەکەن، بۆیە بەرخۆدانی گەریلا لەبنەڕەتدا ئاستەنگە لەبەردەم فاشیزم. پێش هەفتەیەک، هەڤاڵمان هێلین ئومیت هەندێک هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم مژارە کرد و گوتی: «بەرخۆدانی گەریلا گەرەنتی دیموکراسییە لە تورکیا»، ئەم هەڵسەنگاندنە زۆر دروستە، پراکتیک ئەم ڕاستییەی دەرخست. ئەگەر تەوژمی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە پێشبکەوێت، ئەگەر هێزی گەریلا بشکێت و هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لاواز ببێت، کۆمەڵگە گیرۆدەی دابەشبوونێکی مەزن دەبێت، هەموو ئۆپۆزیسیۆنێک لاوازدەبێت و درێژە بە ڕژێمەکەیان دەدەن. لەم بارەیەوە، ڕەهەندی سیاسی ئەم شەڕە زۆر پێشڤەچووە، ئێمەش هەردەم بە ڕۆژەڤی دەزانین.
بەم هۆیەوە، دەیانەوێت ئەنجام لەم شەڕە بەدەستبهێنین، پاشان بیکەن بە هۆکاری بردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکان، هەروا چیرۆک لەم بارەیەوە دەگێڕنەوە. بۆ نموونە، دەڵێن «تورکیا لە مەترسییەکی مەزندایە» و هتد. ئەوان درۆ دەکەن، دەڵێن دەوڵەت بنیات دەنێین، ئەم قسەوباسانە تەنها سیناریۆن و لەسەر مێزەکانیان ئامادەکراون. بەم شێوازە، هەر شتێک بڵێن بۆ کاریگەری دانان لەسەر گەلی تورکیا، هەموو درۆ و سیناریۆیە. پاشان دەیانەوێت سیناریۆکانی وەک «سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، بەرگریمان لە تورکیا کرد، ڕێگەمان لە پارچەبوون گرت و یەکتێیمان پێکهێنا»، بکەن بە کەرەستەی سیاسی. باشە ئەوە کێیە تورکیا پارچەدەکات؟ بیرکردنەوەی ئەوان تورکیا پارچەدەکات، ئێمە ئامانجمان دابەشکردنی تورکیا نییە، ئێمە داوای گۆڕانکاری دەکەین لە تورکیا، تا بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی دیموکراتیک، دەمانەوێت گەلی کورد و هەموو گەلان بە ئازادی بژین، دەمانەوێت یەکێتییەکی دڵخواز و بەردەوام لەنێوان گەلی کورد و تورک بێتە دی. کەچی لەڕێگەی درۆکانیانەوە دەیانەوێت بیکەن بە کەرەستەی شەڕ، بە مانایەکی تر، دەیانەوێت لەڕێگەی خوێنڕێژییەوە دەسەڵاتەکەیان بپارێزن و درێژەی پێبدەن. ئەوان هەوڵدەدەن ئاژاوە لەنێوان گەلی کورد و تورک بخوڵقێنن، لەم ڕێگەیەشەوە، دەیانەوێت دەسەڵاتە فاشیستییەکەیان دابمەزرێنن و درێژەی پێ بدەن، ئەمە ڕەهەندی سەرەکی شەڕەکەیانە.
هەڵبژاردنێک لە باکوری کوردستان و تورکیا بەڕێوەیە، پاش ئەوەی پارتەکان کاندیدی خۆیان ئاشکرا کرد و دەستیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کرد، چ دەڵێن لەسەر قۆناغی هەڵبژاردنەکان بەگشتی؟
سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، پێم وایە، نابێت زۆر خۆمان فریوبدەین، بەڵام پێویستە هێزە چەپە دیموکراتیکەکانی تورکیا و گەلی کورد لەم پرۆسەیەدا خۆیان بەهێزتر بکەن، نابێت گەلی ئێمە چاوەڕێی هیچ شتێک بکات لە ئەوانیترەوە، پێویستە گەلەکەمان متمانەی بە خۆی هەبێت. دوو هاوپەیمانیی مەزن لە تورکیا هەن، هاوپەیمانی کۆماری و هاوپەیمانیی میلەت. هاوکات هاوپەیمانیی میلەت ناودەبرێت بە مێزی شەش کەسی، بۆ ماوەی ساڵێک گفتوگۆیان کرد و چەندین دەقیان ئامادە کرد، پرۆژەکانیان پێشکەش کرد. وەک دەڵێن، دەکرێت لە هەزاران دەق و کتێبدا شتەکان شیبکرێنەوە، کارەکانی خۆیان دەستنیشان کردووە، بەڵام پرسی کورد لەنێو پرۆژەکانیان نابینرێت. وەک پەیماننامەی لۆزان. هەڵبەت سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان تێپەڕیوە، بێگومان لۆزان ڕۆژەڤە. نزیکەی ساڵێک گفتوگۆیان لەسەر کرد، سەرباری گفتوگۆکردن لەسەر کوردستان و کورد لە کۆبوونەوەکاندا، کەچی لەو بەڵگانەی بڵاویان کردۆتەوە باسی کورد نەکراوە، وەک ئەوەی کورد بوونی نەبێت پاش ئەو هەموو تراژیدیایەی بەسەر کوردستاندا هاتووە. تا ئێستا، هەموو کۆمەڵکوژییەکان لەسەر ئەم بناغەیە ئەنجامدراون. مێزی شەش کەسی، باسیان لە زۆر مژار کردووە، کەچی پرسی کورد نەهاتۆتە بەرباس، بەڵام ئەگەر کەسێک پرسی کورد چارەسەر نەکات، ناتوانێت دیموکراسی لە تورکیا بچەسپێنیت. تا ئەوکاتەی دەوڵەتی تورکیا لە شەڕدا بێت دژی گەلی کورد، واتە تا ئاشتی بەرقەرار نەبێت، هەرگیز تورکیایەکی دیموکراتیک گەشە ناکات. ئەمە لەلایەک. لەلایەکی تر، هەرگیز تورکیا لەڕووی ئابوورییەوە پێشناکەوێت.
تڕۆڵەکانی ئاکەپە دەڵێن، تا ئێستا ٢.٥ بۆ ٣ تریلیۆن دۆلار لەم شەڕەدا خەرجکراوە، واتە هەموو قازانجەکانی لەم شەڕەدا خەرجکردووە، دژی کێ؟ دژی کورد، مەگەر کورد چی دەوێت؟ کورد مافی سروشتی خۆیان دەوێت، بە مانایەکی تر، وەک چۆن هەموو گەلان خاوەنی مافی زمان و خۆبەڕێوەبەریین، گەلی کوردیش ئەوەی دەوێت. کورد خوازیاری جوداخوازی نییە، دەیانەوێت پێکەوە بژین، بەڵام هاوکات خاوەنی مافە سروشتییەکان بێت. بەڵام دەسەڵات ئەمە گەورە دەکات، وەک بڵێی ئەوە کۆتایی تورکیایە. دەڵێن دەستی دەرەکی هەیە، ئەمە درۆیەکی گەورەیە. بەم سیناریۆیانە دەیانەوێت ئۆپەراسیۆن دژی کوردان ئەنجام بدەن، وا دەزانن کورد شایستەی کوشتن و لەناوچوونە، دەیانەوێت پرسی کورد لەڕێی کوشتنەوە چارەسەر بکەن، دەخوازن لەڕێگەی کوشتنی گەنجانی کورد و ڕێبەرانی کورد و گەلی کورد و ئەشکەنجەی جەستەیی ڕێبەری گەلی کوردەوە، پرسی کورد چارەسەر بکەن. ئەوان ئەمەیان دەوێت. تا حکومەت دەستبەرداری ئەم زیهنیەتە نەبێت، دیموکراسی لە تورکیا پێشناکەوێت، نابێتە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز. بۆیە پرسی کورد پرسی سەرەکییە، کەچی مێزی شەش کەسی پرسی کورد ڕەچاو ناکات.
بۆیە مژاری هەرە گرنگ، خۆبەهێزکردنی هێزە وڵاتپارێز و دیموکراتیکەکانە. بە مانایەکی تر، پێویستە کاربکەن و زۆرترین نوێنەر بنێرنە پەرلەمان. ئەگەر وەها بکەن، ئەوکات ڕێگە بۆ زۆر شت خۆش دەکەن. بۆیە دەبێت پشت بە هێزی خۆیان ببەستن و چاوەڕێی هیچ شتێک لە کەس نەکەن. لەم پێناوەدا، دەبێت گەلەکەمان و بازنە دیموکراتیکەکان و هێزە هاوپەیمانەکانی کوردستان و تورکیا کاربکەن، ئەمە ڕاستە، چالاکی و گردبوونەوە و ڕاگەیاندراوی ڕۆژنامەوانیش گرنگن، بەڵام گەلەکەمان هەستیارە، پێویستە سەردانی هەموو ماڵ و گوندێک بکات، بۆ نموونە، بەتایبەت ئەوانەی دەنگیان داوە بە ئاکەپە و هەموو موسڵمانە ڕاستەقینەکان و خاوەن ویژدانەکان، دەبێت سەردان بکرێن و پیاڵە چایەکیان لا بخورێتەوە، بۆچی؟ چونکە ئەوەی ئاکەپە دەیکات هیچ پەیوەندییەکی نییە بە مرۆڤایەتی و ئیسلام و یاساوە، هەموو گەلیان بە برسێتی جێهێشتووە، گەلی ئێمەیان موحتاجی نان و پیاز کردووە. پێویستە هەموو کوردێک ئەم بێویژدانی و ستەمەی سەر گەلەکەمان ببینێت، دەبێت هەموو گوندپارێزەکان ئەمە ببینن، با هەموو ئەوانەی تا ئێستا لەگەڵ ئاکەپە وەستاون ئەمە ببینن، با هەموو هاوڵاتییەک ئەمە ببینێت. با سەردانی هەموو ئەمانە بکرێت و لەسەر ئەم بناغەیە بجووڵێنەوە.
بەڕاستی ئەمە قۆناغێکی گرنگە، ئەگەر کەسێک گوێ بە ویژدان و ستەم نەدات، ئەوا سەرباری هەموو ئەم شتانە دەنگ بە ئاکەپە دەدات، ئەمە کارەساتە بۆ ئەوان، دەبێتە گەورەترین خیانەتی گەلی کورد. بۆ نموونە، چۆن خێزانی شەنیاشار لە ڕوحا ڕووبەڕووی سوکایەتی و ستەم بوونەوە، ئەندامانی ئاکەپە ئەم کارەیان کرد، ئاکەپەش خاوەندارێتی لەم کەسانە کرد. ئێستە خێزانی شەنیاشار لە ڕوحا بۆتە کاندید، بەڵام ئاکەپەش وەزیری دادی لە ڕوحا کردۆتە کاندید، مانای چییە؟ واتە، دەڵێت «تۆ دەڵێی ستەم نییە، ئەوەتا دادپەروەری بۆ تۆ»، خۆی دەسەپێنێت و دەیەوێت ستەم وەک دادپەروەری پیشان بدات، دەیەوێت گەلەکەمان بە فشار و ستەم بترسێنێت، ئەمەش نموونەیەک.
نموونەیەکی تر، وەک دەزانن، دوو هاوڵاتی ئێمە لە هەرێمی شاخ لە وان، لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێدرانە خوارێ، لە ئەنجامدا سەروەت تورگوت شەهید بوو، عوسمان شیبان لە مردن ڕزگاری بوو، بەڵام ئێستا، عوسمان شیبان بە ٧ ساڵ و نیو سزا درا پاش دەربازبوونی لە مردن، چی ڕوودەدات! تۆ لێی دەدەیت، لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێی دەدەیت، سەربازەکانت لەسەر زەوی لێی دەدەن و دەیکوژن و پاشان سزای دەدەیت!
ئێستە مژارێکی تر بۆتە ڕۆژەڤ. پرسی کۆبانی دژی هەدەپە کراوەتەوە، پرسی کۆبانی چییە؟ گەلەکەمان لە سەرتاپای کوردستان لە دژی داعش ڕێپێوانیان کرد، داعش گەیشتە دەروازەکانی کۆبانی و نزیکبوو لە داگیرکردنی کۆبانی. گەلی ئێمە ڕێپێوانی کرد تا سەرنجی جیهان بۆ ئەم مەترسییەی ڕابکێشێت و هاوکاری کۆبانی بکەن، بەڵام ئەردۆگان چی کرد؟ فەرمانی بە پۆلیس کرد و گوتی «بیانکوژن و لێیان بدەن»، واتە ٥٣ کەسیان لە گەلەکەمان کوشت و سکاڵای یاساییان دژی هەدەپە جووڵاند، دەیانەوێت سزای هەتاهەتایی بەسەر هەموویان بسەپێنن. ئەم هەموو ستەمە ڕێی تێ ناچێت. فەرمانت بە پۆلیس کرد و پۆلیسەکانت ئەم کەسانەیان کوشت، زۆربەی کوژراوەکان ئەندامانی هەدەپە بوون. با بڵێین، بەشێکیان لایەنگری هەدەپە نەبوون و بانگەشەکەیان ڕاستە. باشە، بە بەڕێوەبەرایەتی هەدەپە دەڵێن «ئێوە کوشتان و حوکم دەدرێن»، ستەمی وەها هەبووە؟ ئەوان تا ئێستا وەها دەکەن.
دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای هەموو شەممەیەک کۆدەبنەوە لەپێناو ڕۆڵەکانیان کە دەوڵەتی سەرنگوونی کردوون، ئاخۆ هیچ شتێک هەیە هێندەی ئەم داوایە مرۆڤانە و دادپەروەر و ڕەوا بێت؟ ئەم دایکە هێژایانە بەدوای ئێسقانی ڕۆڵەکانیان دەگەڕێن، کەچی دەستگیریان دەکەن، هیچ ویژدان و بەزەییەکیان نییە، نابێت ئەو مرۆڤانەی خاوەنی ویژدان و بەزەیین دەنگ بدەن بەم کەسانە و ببنە هاوبەشیان، دەبێت هەموو لەم ڕاستییە تێبگەن، بۆیە دەبێت ماڵ بە ماڵ بگەڕێن.
لەلایەکی ترەوە، بڕواننە خۆیان و کاندیدەکانیان، هاوپەیمانیی دز و بکوژانە، یان دزن یان بکوژ. ئەم کەسانە دەیانەوێت ببنە کاندید و پەرلەمانتار لەپێناو زیادکردنی سامان و ئەنجامدانی دزی و تاڵانی، بۆ تەعینکردنی خزمەکانیان، مەگەر وا نییە؟ هیچ سیاسەتمەدارێکی کورد و دیموکراتیک پاش هەڵبژاردنیان دەوڵەمەند بوون؟ نەخێر، چونکە ئەوان بۆ خزمەتکردن دەچنە پەرلەمان، هەندێکیان دادگایی دەکرێن و دەستگیر دەکرێن. بەکورتی، دەبێت گەلەکەمان ئەم جیاوازییە ببینێت. پێویستە هەمووان بۆ ئەم مەبەستە کاربکەن. تەنانەت ئەوانەی جیاوازییەکەش نابینین، دەبێت لە هەڵوێستە تێبگەن. بۆیە دەبێت لەم پێناوە کاربکەن، هەڵوێستێکی وڵاتپارێزانە و دژی بەگژاچوونەوەی کوردان پەیڕەو بکەن. دەبێت ئیرادە بەم جۆرە بێت، ئەمە پێویستییەکی هەنوکەییە. بۆیە وەک وتم، پێویستە کاربکەن. کاتێکی کەم ماوە، پێویستە بەوردی لێی بکۆڵنەوە و بەهێزی بکەن. ئەگەر خۆتان بەهێز بکەن، هێزە دیموکراتیکەکان لەگەڵ کورد یەکبگرن، ئەوکات ئیرادەیان دەبێت و دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. بۆیە دەبێت هەمووان لەم ماوەیەدا بەباشی کاربکەن.
لەم قۆناغەدا، کارکردن لەگەڵ ئاکەپە و دەنگدان بەم پارتە، مانای خۆفریودانە، بەتایبەت دایکان، لەم قۆناغەدا، دەبێت هەمووان دەست لە ویژدانیان دابنێن و دەنگ بە خۆیان بدەن، ئەمە زۆرباشە، بەڵێ، هەمووان دەنگ بە خۆیان بدەن.
هـ.ب / ژ.ت