ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بە بۆنەی ساڵیادی ٤٠ەمینی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە قسەی بۆ ستێرک تیڤی کرد.
قەرەیلان ئاماژەی بە گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و رایگەیاند، کە لە ئیمراڵی ٢٦ ساڵە بەرخودانێکی بێهاوتا ئەنجام دەدرێت. قەرەیلان بەبیری هێنایەوە کە هەم لە کوردستان و هەمیش لە دەرەوەی وڵات لەپێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری گەلی کورد و دۆستانی رەنجێکی زۆریان داوە و دەستنیشانی کرد کە ئەو تێکۆشانەی تائێستا کراوە بەپێی پێویست نییە و دەبێت زیاتر فراوان بکرێت.
قەرەیلان ئاماژەشی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بەهاکانی گەلی کورد کرد و رایگەیاند، کە دەبێت لە دژی ئەو هێرشانە کۆمەڵگەی کورد لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لە زمان، گۆڤەند و دروشم و هێماکانی بکات.
قەرەیلان ئەوەی خستەڕوو کە لە ئێستادا دوو ستراتیژ لە ئارادان، یەکەم ستراتیژی ئازادیی کوردانە، ئەوەی دیکەش ستراتیژی دەوڵەتی تورکە بۆ عوسمانی نوێ کە ئامانجیەتی کوردان لەناوببات.
قەرەیلان باسی لەوەکرد کە پەدەکە لە ستراتیژی دەوڵەتی تورکدا بەشدارە. قەرەیلان رایگەیاند کە دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک بڕیاری شەڕی هەمەلایەنەیدا، لە ساڵانی ٢٠١٥، ٢٠١٦ دا، دوو جار دیداری لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە ئەنجامداوە و پێشنیازی کردووە کە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد پێکەوە هەنگاو بنێن و وتی، سەرباری ئەوەش پەدەکە خۆی رادەستی دەوڵەتی تورک کردووە.
هەڵسەنگاندنەکانی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان کە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤیدا کردبوو بەم جۆرەیە:
گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ ٣ ساڵ و ٥ مانگە یاخود ٤١ مانگە بەردەوامە. لەبارەی گۆشەگیری و چالاکیەکان کە لە بەرامبەر گۆشەگیری ئەنجام دەدرێن، ئێوە دەتانەوێ چی بڵێن؟
لەسەرەتا سڵاو و رێزی خۆم پێشکەش بە رێبەر ئاپۆ دەکەم. لە بنەڕەتدا گۆشەگیری ٤١ مانگ نیە، ٢٦ ساڵە. هەموو کات هەبووە. بەڵام ٤١ مانگە هیچ زانیارییەک نییە. ئەگینا گۆشەگیری هەموو کات لەسەر رێبەر ئاپۆ هەبوو. ٢٦ ساڵە رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی تێدەکۆشێت، بەرخودان و هەڵوێست دەگرێتەبەر. ئەوە زۆر بەواتایە. لەپێناو هەبوونی گەلی کورد، لەپێناو ئازادی گەلی کورد، لەپێناو یەکسانی، خوشک و برایەتی گەلان، لەپێناو ئازادی ژنان، لەپێناو دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشێت. تێکۆشانێک بە ئیرادەیەکی پۆڵایین، چەندین ساڵە بە پشوودرێژییەکی گەورە و بە شێوەیەکی سەروو هێزی مرۆیی بەڕێوەدەچێت. لەبەرامبەر ئەوە ئەو تێکۆشانەی کە ئێمە دەیکەین، بێگومان تێر و تەسەل نییە. واتە ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ بەو هەڵوێست و تێکۆشانەی خۆی باری هەرە گەورەی خستووەتە سەرشانی خۆی. دەبێت ئێمە باری سەر شانی سوک بکەین. ئێمە لە بەرامبەر سیستمی قڕکردن، ئەشکەنجەی دەرونی تێکۆشان بەرز بکەینەوە. کاتێک مرۆڤ لەو چوارچێوەدا لێی دەڕوانێت، بەس نییە. ئەو ئاستەی لەمرۆد هەیە وەک پێویست نییە، کەموکورتی تێدایە. بەڵام رەنجی زۆریش هەیە. واتە هەوڵدانی گەلەکەمان هەم لە بەشەکانی کوردستان هەمیش لە دەرەوەی وڵات و هەوڵەکانی دۆستانمان لەئارادایە. واتە ئەو هەڵمەتە جیهانیە ئاستێکی هەیە. بە تایبەتی لە رۆژانی دواییدا لە وەرگران و براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ ٦٩ کەس لێدوانیان دا، نامەیان نارد. بێگومان ئەوە زۆر واتادارە. بەر لەوەش لە زۆر وڵاتەوە کەسانی ناسراو، سیاسەتمەدار، بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، یاساناسان لێدوانیان دابوو. هەڵوێستێکی نێونەتەوەیی و نەتەوەییش هەیە، بەڵام وەک وتم، تێر و تەسەل نییە، دەبێت مرۆڤ بەهێزتری بکات. ئێمە وەک بزوتنەوە دەبێت لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ بەتەواوەتی خاوەنداری لە ئەرکی خۆمان بکەین. تێکۆشان زیاتر پەرەپێبدەین و بەو جۆرە باری سەر شانی رێبەر ئاپۆ سوک بکەینەوە. بەو جۆرە سیستمی قڕکردنی گۆشەگیری، تێکبشکێنین. ئەوە سەرەکیترین ئەرکی سەردەمە بۆ ئێمە. لەو چوارچێوەدا من داوا لە هەموو وڵاتپارێزانی کوردستان، لە هەموو جەنگاوەران و دۆستان دەکەم کە گوڕ بە تێکۆشان بدەن.
پێدەنێینە ٤٠ەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، ئێوە لەسەر هەڵمەتی ١٥ ی ئاب چی دەڵێن؟
سەرەتا ٤٠ەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، جەژنی ژیانەوە لە رێبەر ئاپۆ، لە هەموو گەلەکەمان، دۆستانمان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە تەواوی خەباتکاران پیرۆز دەکەم و لە ساڵی ٤٠ەمیندا هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم. ئەو ٤٠ ساڵەی تێپەڕبوو، لە مێژووی گەلەکەماندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەو ٤٠ ساڵە بە بەرخودانی زۆر گەورە، بە پیتی زێڕێن نوسراوە. بە خوێنی شەهیدانی قارەمان رازاوەتەوە. لە کەسایەتی فەرماندەی نەمر هەڤاڵ عەگید (مەعسوم کۆرکماز) سەرجەم شەهیدانی شۆڕش بە رێز و پێزانینەوە یاددەکەمەوە و جارێکی تر ئەو پەیمانەی بەوانمانداوە بە بیردەهێنمەوە. هەڵمەتی ١٥ ئاب لە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن، هەڵمەتێکی هەبوون و ئازادی بوو. لە ١٩٢٥ەوە پلانی چاکسازی رۆژهەڵات (شارک ئیسلاحات) لە کوردستان، سیاسەتی قڕکردنی بە شێوەی بەرفراوان بەڕێوەبرد، بەڵام لە ساڵی حەفتاکاندا دەرکەوتن و هاتنە مەیدانی رێبەر ئاپۆ هاتە ئاراوە و بەم جۆرە هەندێک گروپی کوردی سازبوون، دیسان پەکەکە دامەزرا و شەڕی حیلوان و سێوەرەک روویدا و بەرخۆدان گیرایەبەر. بەرخودانێکی کوردەواری پێشخرا و لە بەرامبەردا کودەتای فاشیستی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ روویدا و سەرەکیترین ئەرکەکەی ئەوەبوو کە پلانی چاکسازی رۆژهەڵات لە کوردستان سەربخات، سیاسەتی قڕکردن بگەیەنێتە ئەنجام. واتە بەو جۆرەی لێهات کە مرۆڤەکان لە ناو ماڵەکانیشیاندا نەیاندەوێرا بە کوردی قسە بکەن. بەو رادەیە زۆرداری لە سەر کولتور، زمان و هەبوونی زمانی کوردی هەبوو، گوشار هەبوو. بێگومان رێبەر ئاپۆ بەر لە هەموو کەس ئەو مەترسیەی لەسەر کۆمەڵگەی کورد بینی و بۆ ئەوەش ئامادەکاری کرد. ئامادەکاری هەڵمەتی کرد، جارێکی دیکە ئەو نیەت و نیازەی دوژمنی بینی، هەڤاڵان لە زینداندابوون. مەزڵوم دۆغان، کەمال پیر، خەیری دورموش، فەرهاد کورتای ئەو راستیەیان بینی، هەربۆیە خۆیان بەخت کرد. رۆحێکی فیدایی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی قڕکردن پێشخرا. خۆی لە خۆیدا هەڵمەتی ١٥ی ئاب بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ عەگید بە هەمان رۆح و هەمان بڕیار ئەنجامدرا. بێگومان تەنیا دەرکەوتن و وەستانەوەیەکی چەکداری نەبوو. راستە لایەنی چەکداری هەبوو، بەڵام واتای ئایدۆلۆژی، کولتوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی هەبوو. ئەوە تا هات زیاتر خۆی سەلماند، کاتێک کۆمەڵگەش بە چاوی خۆیان بینیان کە رێبازێکی نوێ، رێبازی گەریلا هەیە کە ناکەوێت و نابەزێت، لەناو کۆمەڵگادا بڕوا پێشخرا. لە ٨٤ەوە تا ٩٠ ئەو تێکۆشانەی کرا، لە کۆمەڵگای کورد بە تایبەتی لە باکوری کوردستاندا ئیتر بیر و بڕوای پێشخست. لەبەر ئەوە ئەو کوردانەی مردبوون، زیندووبوونەوە، رژانە شەقامەکان، واتە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک هاتەئاراوە. بەو جۆرە کۆمەڵگای کورد خۆی نوێکردەوە، ئازایەتی بەبەردا کرایەوە. بە بوێریەکی گەورەوە رژانەوە شەقامەکان. ئەوە شۆڕشی ژیانەوەیە، ژیانەوە ئەوەیە، شۆڕش ئەوەیە. شۆڕش هاتەئاراوە. لە جزیرا بۆتان، کچی کوردی ئێزدی هەڤاڵ بێریڤان (بنەڤش ئاغات) سەرەتا لەناو گەلدا خەباتی کرد، چالاکی چەکداری کرد، دواتر لە شەقامەکانی جزیرە بە قارەمانی شەڕی کرد و شەهیدبوو. ئەوەش بووە جۆش و خرۆشێک. واتە لە تێکشکاندنی دەسەڵاتداری ستەمکاردا، لە شکاندنی کۆیلایەتی ژناندا بوو سەرەتایەک. بەو جۆرە شۆڕشی ژنی بەرەوپێش برد. ئەوە سەرەتایە. واتە بەم جۆرە هەڵمەتی ١٥ی ئاب رۆڵی زۆر گرنگی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا گێڕا. لە بنەڕەتدا واتە لە ماوەی ٩ ساڵی رابردوودا لە بنەڕەتەوە سەرکەوت، رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٩٣ دا ئاگربەستی راگەیاند. ئەو کاتە بەڕێز جەلال تاڵەبانیش هات و ئاگربەستی راگەیاند. لەبەر ئەوە رێگری لە توندوتیژی کرا و پرسی کورد بەمەبەستی چارەسەری هێنرایە سەر مێز. بەڵام دەوڵەتی تورک هەرگیز نیازی خۆی بۆ قڕکردن نەگۆڕی، لەو کاتەوە تائێستا بۆ تێکشکاندن و گۆڕینی ئامانجی سیاسەتی قڕکردنی ئەوان تێدەکۆشین. خۆی هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە ساڵانی یەکەمدا ئەنجامی بەدەستهێنابوو. لەمرۆشدا بەو رۆحەوە تێکۆشان دەکەین. ئەو رۆحە رۆحی سەرکەوتنە. بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرەو سەرکەوتن دەبات.
باسی گرنگی ١٥ی ئابت کرد لە باکوور. کاریگەری ئەم هەنگاوە لەسەر پارچەکانی تری کوردستان چی بوو؟
بێگومان کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ پێشتر لە ڕۆژئاوای کوردستان تێکۆشانی کردووە. زۆرێک لە هەڤاڵان لەو کاتەدا بەشدار بوون. بەڵام هەڵمەتی ١٥ی ئاب لەسەر پارچەکانی تری کوردستان و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش کاریگەریی داناوە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٨ بەدواوە لە کاتی ئەنفالدا پێشمەرگە لە باشووری کوردستان پاشەکشەی کرد. دیسان لە هەمان کاتدا قۆناغێکی گرینگی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا، لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە داگیرکارییەکان، قۆناغێک هاتەپێش کە هەموو شتێک بەرەو دواوە دەڕۆیشت. ڕێک لەو کاتەدا، لە ساڵانی ٨٨، ٨٩، ٩٠، سەرهەڵدانی شەڕی گەریلا لە باکووری کوردستان دەستی پێکرد و بوو بە هیوایەک بۆ هەموو کوردستان. ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو. دواتر شەڕی گەریلایە گۆڕا بۆ سەرهەڵدان. کاتێک گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بینی کە گەلی باکوور سنگی خۆی کردووەتە قەڵغان لەبەرامبەر تانک و زرێپۆشەکانەوە و لە شەقام و کۆڵاناندا شەڕ دەکەن، هاوکات بینی کە سەدامیش کەمێک لاواز بووە لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ دەستی بە ڕاپەڕین کرد. مرۆڤ ناتوانێ کاریگەری بەرخۆدانی باکوور لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبینێ. واتە هەڵمەتی ١٥ی ئاب ڕۆڵێکی نەتەوەیی گرتە ئەستۆ و دواتر هێدی هێدی لە ناوچەکەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەند. چونکە لە دژی فاشیزم بەرخۆدانێکی شۆڕشگێڕانە دەستی پێکردبوو، بەرخۆدانێکی سەردەمی بوو، بۆیە کاریگەرییەکی وای لێکەوتەوە. هەروەها کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای کوردی گرنگ بوو. واتە باکووری کوردستان نیوەی کوردستانە، ئەگەر لە باکوری کوردستان سەرهەڵدانێکی وەها نەبووایە، بە دڵنیاییەوە پرۆسەی ئازادی لە بەشەکانی دیکەشدا لاواز دەبوو. بەڵام لە باکوور ئەم ڕاپەڕینە هێزی بە کۆمەڵگای کوردستان بەخشی، هێزی بە نەتەوەی ڕزگاری کوردستان بەخشی.
مێژووی تێکۆشانی چەکداری دەگاتە ٤٠ـەمین ساڵوەگەڕی خۆی. لەسەر ئاستی تاکتیک و لێهاتوویی هەپەگە لە ساڵی ٤١ـەمیندا چی دەڵێن؟
سەرەتا دەبێت بڵێین چەند ساڵی ڕابردوو ئاسان نەبووە، لەم تێکۆشانەدا عەگید و هەڤاڵانی هێژای زۆرمان شەهید بوون. بە سایەی ئەم شەهیدانەوە ئەم ٤٠ ساڵە وەک داستانێک دروستبووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. هەڤاڵ عەباس دەڵێت، بۆ یەکەمجارە بەبەردەوامی ٤٠ ساڵ لە کوردستان بەرخۆدانێکی وەها بەڕێوە بچێت. ئەوە ڕاستە. لە هەمان ماوەی ٤ ساڵەدا، بۆ یەکەمجارە، لە بەشی ڕۆژئاوای زاپ شەڕ بەردەوامە. واتە دەوڵەتی تورک وەک ئەندامێکی ناتۆ، هەموو جۆرە چەکێکی مۆدێرنی بەدەستەوەیە و هەموو چەکێک لە دژی گەریلا بەکاردەهێنێت و هەموو چەکی ئەتۆمی تاکتیکی قەدەغەکراو و چەکی جیاواز لە دژی گەریلا بەکارهێناوە، بەڵام دیسان نەیتوانیوە زاپ کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمە بە دڵنیاییەوە ئاستێکی بەرزە. واتە ئەگەر ئاستێک نەبووایە ئەم هەموو تەکنیکە کە لە ماوەی ئەو ٤ ساڵەدا بەکارهاتووە دەیتوانی سەر بکەوێت. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی تورک بێشومار سەربازی هەیە.
هەروەها تا ئەو ڕادەیە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن...
هەرجۆرە چەکێکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. بۆردومانی کیمیایی هەیە، لە زەویەوە تۆپباران هەیە. واتە حکومەتی تورک بەم شێوەیە دەیەوێت هەر شەڕ و تەکنیکێک بەکاربهێنێت. بەڵام هەرجارە شکست دەهێنێت. بێگومان میتۆد و ئاستێکی تێکۆشان هەیە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گریلا ٤٠ ساڵە ئەزموونی هەیە و ئاستی تایبەتی خۆی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا لە هەرێمەکانی مەتینا لە ڕۆژئاوای زاپ بەرخۆدانی مێژوویی بەڕێوە دەچێت. ڕێز و سڵاوی خۆم دەنێرم بۆ هەموو هەڤاڵان لەم بەرخۆدانەدا بە تایبەت لەم شەڕ و بەرخۆدانانەی دوواییدا شەهادەت دروستبوو. یادی هەردوو هەڤاڵ، جانفیدا و سیدار، بەرخۆدانوانانی هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ، بە ڕێز و منەتدارییەوە بە بیردێنمەوە. جارێکی تر لە کەسایەتی هەڤاڵ نەواڵ و ڕۆستەمدا یادی هەموو شەهیدانی مەتینا بەرز ڕادەگرم، لە کەسایەتی هەڤاڵ باهوز هەولێر کە خەڵکی کۆبانی بوو، هەموو شەهیدانی خواکورک، لە کەسایەتیی ئەو قارەمانانەدا، بە ڕێز و حورمەتەوە بە بەبیر دێنمەوە و ئەو بەڵێنەی کە بەو هەڤاڵانەمان دابوو دووبارەی دەکەمەوە. واتە پێویستە بڵێین لەم ٤ ساڵەدا، ڕەنج و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانی شەهیدان درێژەی هەبوو و مێژوویەکی خوڵقاند و ئەزموونێکی بەرهەم هێناوە. دەتوانم بڵێم ئەو تێکۆشانەی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەم ئاستە، لەسەر بنەمای ٣ کۆڵەکە بووە. یەکەم: فەلسەفە، ئایدۆلۆژی سەرۆک ئاپۆ و فەلسەفەی ئاپۆیی بوون. ئەم ڕۆحە لەسەر ئەم کۆڵەکەیە بنیات نراوە. لە کوڕان و کچانی کورددا خۆی بینیەوە، بوو بە ئیرادەی بەهێز و فیدایەتی پەرەی سەند. ئەساس و بنیادی ئەمەیە. پرسی دووەم ئەزموونە، ئەزموونی زیاتر لە ٤٠ ساڵ. چونکە ئێمەش لەسەر بنەمای ئەزموونمان خۆمان پەروەردە دەکەین. ئەمەش واتە هەر هەڤاڵێک کە ئێستا بەشدار دەبێت بە ئەزموونی زیاتر لە ٤٠ ساڵەوە پەروەردە دەبینێت. سێیەم پرس تاکتیک و داهێنانە. شارەزابوونە لە تەکنیک. لە ڕاستیدا ئێمە لەم بابەتەدا کەمێک دواکەوتین. لە سەردەمی خۆیدا ڕێبەر ئاپۆ لەم ڕووەوە زۆر ڕەخنەی لێگرتین. بەڕاستی دواکەوتین، بەڵام هەرچەندە درەنگ بوو تاکتیک و داهێنان پەرەی پێدرا. ئەگەر ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ئاست و لێهاتوویی ئێستامان دروست بکردایە ئێستا دۆخێکی جیاوازمان دەبوو. تەنانەت ئەگەر ١٠ساڵ لەمەوبەر ئەم شێواز و میتۆدەمان بەرهەم بهێنایە، لە هەموو بوراێکەوە لە پیشەوە بووین، ڕەنگە ئەنجامەکان ئەمڕۆ شتێکی تر ببوان. وەک وتم ئەگەر درەنگیش بێت، ئەمڕۆ گەیشتوینە ئاستێک. لەبواری تاکتیکەوە دەرفەت و ئیمکان دروست کراوە. لەدژی هێرشە ئاسمانییەکانی دوژمن، پەرەپێدانی تیمە تایبەتە گەڕۆکەکان و هەماهەنگ و دواتر پەرەپێدانی شەڕی ژێرزەوینی، پەرەپێدانی شێواز و تاکتیکی جۆراوجۆر لە شەڕی تونێلەکان، هەروەها پەرەپێدانی تاکتیک و داهێنان لە ئاستێکدا لەگەڵ خۆیدا قووڵبوونەوەیەکی دروست کرد و کەوتە خزمەت گەشەدانی تەکنیکییەوە. بۆیە دەتوانم بڵێم ئێستا لە ئاستێکداین. بەڵام بەس نییە، هێشتا کەمە. مەبەستم ئەوەیە کەموکوڕیمان هەیە. وەک وتم ئەم شتانە بە ئاسانی بەدەست ناهێندرین. ئەمڕۆ لە مەتینا و زاپ و باکوور بەرخۆدان ئەنجام دەدرێت. هەموو ڕۆژێک لە باکوور شەڕ ڕوودەدات. واتە دۆخەکە ئاسان نییە. ئێمە لەو پێناوەدا قوربانی دەدەین. ئەمەش پێویستی بە فەداکاریی، زانیاری و قووڵبوونەوە هەیە. گرنگ ئەوەیە مرۆڤەکان بە دروستی لەم قۆناخە تێبگەن، لەسەر ئەم بنەمایە، گەشەکردنی شێواز، گەشەکردنی عەقڵیەتی شەڕمان پەرە پێداوە. هەندێک پێشکەوتن دروست بووە. هێشتا بەس نییە. بەڵام ئێستا، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ئێمە بە پێی شێوازی خۆمان ڕێبازێکمان خوڵقاندووە، ئێستاش ئەو ڕێبازە پەرەی پێدراوە و ئازایەتی شەڕ و بەرخۆدانی ئێستا لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر وا نەبووایە کەس نەیدەتوانی بەرامبەر ئەو هەموو هێرش و تەکنیکە سەربازیانە دەوام بهێنێت، واتە هەم ئیرادە، هەم تاکتیک و داهێنان و هەم ئەزموون لە پێشکەوتنەدا ڕۆڵیان هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین گەریلاکانی ئازادی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستی شەڕی داهێنەرانە. شەڕی سەر زەوی و شەڕی ئاسمانی ئەنجام بدەن، ئەمە شتێکی نوێیە و لە پەرەسەندنی شەڕی ئاسمانیدا بەردەوام دەبێت. چوارەمین پرس، شەڕی ئەلکترۆنیکیە. ئێمە لێرەدا کەموکوڕیمان هەیە. بەڵام گەشە دەکات و کاری لەسەر دەکرێت. بەم شێوەیە بە پێی میتۆدە سەردەمیەکان، لە شەڕدا لە هەموو بوارەکاندا داهێنان گەشە دەکات و بەم شێوەیە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە خۆیاندا داهێنان دەخوڵقێنن و ئیرادە پەرە پێ دەدەن و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ناو خۆیاندا قووڵتر دەکەنەوە و بەم شێوەیەش دەبنە هێزێکی نەبەزیو. دەوڵەتی تورک هەمیشە دەڵێ ئێمە لەناویانمان برد، تەنانەت بەشێک لە کوردەکانیش، وەک پەدەکە باوەڕییان پێیەتی، هەر بۆیەش بەو شێوەیە بەشداری و هاوکاری دەکات. واتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەدەستیان هێناوە، ڕێگە بە دوژمن نادات ئەنجام بگرێت. چونکە هێزێکی لەبننەهاتوو دروست بووە. لەمەش زیاتر ئێمە تەنها لە بەرەیەک و شوێنێکی دیاری کراودا نین. نەک هەر لە هەرێمی بادینان، بەڵکو لە هەموو شوێنێک هەین. ملیۆنان کەس لە پشتمانەوەن. ئەوهێندە گەنجی کورد، کچ و کوڕی کورد لە هەموو شوێنێک لە تێکۆشاندان. واتە ئەمە وەک لافاوێک لە جوڵەدایە و تا ئازادی کوردستان ئەم لافاوە ڕاناگیرێت و هیچ بەنداوێک ناتوانێت ببێتە بەربەستی. هەمیشە نەبەزە و سەردەکەوێت.
لە ڕابردوودا وەزارەتی شەڕی تورک هەمیشە لێدوانی یەکلایەنی دەدا، هەموو کاتێک باسی زیانەکانی ئێوە و داگیرکارییان دەکرد، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ڕاگەیاندراوێکیاندا باسی لە ڕاگەیاندراوەکەی ئێوەیان کرد و بە درۆیان دانا. پەیوەست بەم باتەوە ئێوە چی دەڵێن؟
ڕاستە هەم وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی شەڕ هەم وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی شەڕی ئێستا لێدوان دەدەن. بە تایبەت وەزارەتی شەڕ هەفتانە لێدوان دەدات، وەکو تر ناهێڵێت هیچ کەسێک لە تورکیادا لە چاپەمەنییەکاندا باسی شتێکی دیکە بکات. یانی بۆ دروستکردنی کۆنترۆڵ، لە چوارچێوەی شەڕی دەرونیدا کە بەڕێوەی دەبات بەوشێوەیە لێداوان دەدەن. ڕاگەیاندراوەکانی وەزارەتی بەرگری تورک ٩٥ لەسەدی درۆیە. نا ڕاستن. بۆ نمونە لە کۆتا ڕاگەیاندراودا دەڵێت کە لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ هەتا ئەو کاتەی ڕاگەیاندراوەکەی داوە، یانی هەتا تەمموزی ٢٠٢٤ دەڵێت ١٦٥٢کەسمان کوشتووە. یانی لە ئێمەیان کوشتووە. بێگومان لەمەدا تەنها باسی باشوور و ڕۆژئاوا دەکات. یانی باکوور لە دەرەوەی ئەمەدایە. ئەمە درۆیە. ئێمە خۆمان ئەوە دەزانین، بۆنمونە لەناو ٧ مانگی ڕابردوودا، واتا لە سەرەتای کانوونی یەکەمەوە هەتا تەمموزی ٢٠٢٤ ئێمە لە باکوور و باشووریش ٩٩ هەڤاڵی شەهیدمان هەبووە. وەکو دیکە هیچ شەهیدێکی دیکەمان نیە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم وەزارەتە وەزارەتی شەڕی دەرونیە، درۆ دەکات، هەتا ئێمە لە ڕۆژئاواشمان پرسی، دەڵێن ئێمە لەدەستدانمان نەبووە، بۆیە زۆر جار بە درۆمان خستنەوە، بەڵام دواتر دەستبەرداری ئەوە بووین. بۆچی؟ دەیانەوێت لە ڕای گشتیدا وەک هەموو کاتێک لەوێ شەڕی خۆیان دەکەن، خۆیان پیشان بدەن. زانیاری هاوشێوە لەسەر گەریلاکانمان دەدەن، بەڵام ئەو زانیارانە درۆن. وەک وتم بە شەڕێکی دەرونی ئەم کارە بەڕێوەدەبەن. یان وەکو دی دوای ئەوەی تۆماری شەهیدەکانمان دێت، ئێمە ئاشکرای دەکەین. کە لە هەمان ڕۆژدا ئاشکرای ناکەین، بە هۆکاری درەنگکەوتنی دیکۆمێنتەکانەوەیە، بەڵام دوای ماوەیەک ئاشکرای دەکەین. یانی شەهیدەکانمان ڕادەگەیەنین، دوای ئەوە دەڕوانیتە چاپەمەنییەکانی تورکیا، لە تی ئاڕ تیدا (TRT) ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆ دەردەکەوێت، دەڵێت میت ئۆپراسیۆنێکی زۆر گرنگی بەسەر پەکەکەدا ئەنجام داوە. میت بەدواداچوونی بۆ کردووە و دوای ئەوە ئۆپراسیۆنەکەی ئەنجام داوە و فڵان کەسی شەهید کردووە. کەچی ئێمە پێش مانگێک ئەوەمان ڕاگەیاندووە و لەو کاتەدا نەبووە. یانی بە ئاشکرا درۆیە. یاری بە عەقڵی کۆمەڵگە دەکەن. لە ڕاستیدا پێییان وایە کۆمەڵگە هەرگیز لە چاپەمەنییەکانی ئێمە ناڕوانێت. ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی درۆی لەم جۆرە بڵاوبکەنەوە. پێویستە کۆمەڵگەی ئێمە باوەڕ بەم جۆرە درۆیانە نەکات. بۆخۆمان وەک شۆڕش هیچ شتێک ناشارینەوە. وەک وتم گەر بە درەنگ بوونیش بێت بە هۆکاری دیکۆمێنتەکان، هەموو کاتێک دەستمان ناکەوێت، هەمیشە ڕاستی شۆڕشگێڕی بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە.
هێرشەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەبەرامبەر کولتوری کورداندا بەردەوامە، گەنجان و ژنان لە ئاهەنگ گێڕانەکاندا دەستگیر دەکرێن. چۆن ئەم بابەتە هەڵدەسەنگێنرێت و پێویستە لە بەرامبەر ئەمەدا چێ بکرێت؟
کۆمەڵگە هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەم تایبەتمەندییانە شکۆی کۆمەڵگەیە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت شکۆی کۆمەڵگەکەمان تێکبدات. بۆ ئەمەش لەوە بڕوانن بۆ نمونە دایکێکی ٨٣ ساڵە دەخەنە زیندانەوە. کەسانی بەتەمەنی ٧٥ ساڵ ٨٠ ساڵان دەخەنە زیندانەکانەوە. هێرش دەکەنە سەر گۆرستانەکانمان و دەیشێوێنن. هیچ لێبوردەییەکیان نیە. بۆنمونە هەر بە شێوەی مەبەستدار هەڤاڵانی زیندان بەرنادەن. یانی کینە و ڕقیان هەیە. بەو جۆرە دەیانەووێت شکۆی کۆمەڵگە تێکبدات. بۆ مەسەلەی کولتوریش هەمان شتە. یانی هەردەم دەڵێت ئێمە TRTی کوردیمان کردووەتەوە، زمانی کوردیمان ئازاد کردووە، بەڵام لە بنەمادا خواستیانە زمان لەناوبەرن، هەتا دەیەوێت لە ڕێگەی TRTیەوە ئەو کارەی دەیەوێت بگەیەنێتە ئەنجام. وەک بینیمان پێشتریش ڕێنمایە هاتووچۆکانی سەر ڕێگاکانیان ڕەشکردەوە کە بە زمانی کوردی نوسرابوون.هەتا گەیشتووە بەوەی ئاهەنگی کوردی لە وان، لە لایەن پارێزگاری وانەوە بە یاساوە سنووردار بکرێت. یانی گوایە ئیدی کورد ناتوانێت سەربەخۆ ئاهەنگی خۆیان بگێڕن. بەرامبەر بە ئاهەنگی کوردی نیگەرانن. لە زمانی کوردی نیگەرانن. هۆکارەکەی چیە. ئەوەیە سیاسەتی دەوڵەتی تورک بۆ کوردان سیاسەتی لە ناوبردنە. قڕکردنە. بۆئەمەش پێویستە کۆمەڵگەکەمان خاوەنداری لە بەهاکانی بکات. بۆ ئەم بابەتەش پێویستە هەموو کەسێک لە ماڵی خۆیدا و لە هەموو جێگەیەک بە کوردی بنوسێت و بە کوردی قسەکات. یانی گەنجانی بەرێز بڕوانن من بۆخۆم تورکییەکی باش دەزانم. بۆچی لێرەدا هەمیشە بە کوردی قسەکەم. هەڵبەت هۆکاری خۆی هەیە. پێشتر هەندێک کەس دەیانگوت حەز لەزمانی تورکی ناکەین، نەک ئەوەی من حەز لە زمانی تورکی ناکەم. منیش حەز لە تورکی دەکەم، بەڵام سیاسەتی قڕکردن لەسەر زمانەکەمان هەیە. پێویستە خاوەنداری لەزمانی خۆمان بکەین و پەرەی پێبدەین. پێویستە هەموو کەسێک بەتایبەت ئاگاداری ئەمەبێت. خاوەنداری لە ئەرکی نەتەوەی خۆی بکات. گێڕانی ئاهەنگ، نمونەیەک لە ئەفریقای باشوور هەیە. لە ئەفریقای باشوور لە بەرامبەر ڕژێمی نەژادپەرستی ئاپارتەید بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی گەل هەبوو. وەک سەرهەڵدان ناوی دەهێنرێت. ڕژێمی ئاپارتەید زۆر لەمە نیگەران بوو. بە سەماکردنی خۆیانەوە سەرهەڵدانیان گەشکرد و دواتر ڕژێمیان لەناوبرد. لە ئێستاشدا پێویستە خاوەنداری لە ئاهەنگی خۆمان بکەین. لە هەموو جێگەیەک ئاهەنگی کوردی بگێڕین و بە زمانی کوردی قسەکەین. سەرباری ئەوەی هەندێک دادگا وتنەوەی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'یان وەک ئازادی رادەربرین پێناسەکردووە و وتوویانە کە ئەو دروشمە تاوان نییە، بەڵام دیسان بەو پاساوەوە پۆلیس گەنجان دەستگیر دەکات، دەڵێت ئەو دروشمەیان وتووەتەوە. ئەو دروشمە تاوان نییە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەیانگرن، واتە خۆیان یاسای خۆیان پێشێل دەکەن. کەواتە دەبێت ئێمە لە هەموو شوێنێک بە کوردی قسە بکەین. لە هەموو جێگەیەک ئاهەنگ بگێڕێن و بڵێین 'بژی سەرۆک ئاپۆ' ئەمە ڕەوا بکەین. یانی بەم شێوەیە پێویستە ناڕازیبوون پیشانی دەوڵەتی تورک بدەین کە دەیەوێت بەهاکانی کۆمەڵگەمان لەناوبەرێت، لەبەر چاویان بخات، بێناسنامەبوون پێشبخات، پێویستە لە بەرامبەر ئەوانەدا لە هەموو جێگەیەک هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتی نەتەوەی پیشان بدەین.
لە هەرێمەکەدا چەندین قەیران و ئاڵۆزی هەیە. لەم سەروبەندەدا دەوڵەوتی تورک ڕۆڵێ نەرێنی دەگێڕێت. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە بەم نزیکبوونەوەیە دەیەوێت چی بکات. ستراتیژی هەرێمی دەوڵەتی تورک چیە؟
لە ئێستادا شەڕی سێهەمی جیهانی بە جۆرێک ڕوودەدات. ناوەندی ئەم شەڕەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کوردستان و فەلەستینە. هەرچەندە لە ئۆکرانیش شەڕ هەبێت، بەڵام ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەبەرئەوەی کێشە هەر گرنگ و سەختەکان لەم هەرێمە ڕودەدەن. لە ئێستادا شەڕی فەلەستین لە چاپەمەنیەکاند بڵاودەکرێتەوە. بەڵام شەڕی کوردستان بە ڕووی چاپەمەنیەکاندا داخراوە. شەڕێکی سەخت لە کوردستاندا هەیە. بەڵام سانسۆرکردنی هەیە. تەنها ئێمە یەک لایەنە لەسەری قسەکەین. بۆیە لە ڕای گشتیدا بڵاونابێتەوە و سانسۆری هەیە. بەداخەوە لە کوردستاندا بەم شێوەیە. لە فەلەستیندا وەک کۆمەڵکوژی شەڕ بەڕێوەدەچێت. کوژراو هەیە، کۆمەڵکوژی هەیە. لەم دوایانەدا قەیرانەکان ئەوەندە زۆر بوون و گومانی ئەوەدەکرێت شەڕێکی هەرێمی دروستبێت. ئەمەیە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت. بە مانایەکی تر تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەکی دووڕویانە لە هەردوو لایەنەکەوە ڕۆڵ دەگێڕێت. خواستێتی شەڕ لە هەرێمەکەدا دروستبێت. بۆچی؟ بۆئەوەی ئەو لایەنانەی دەچنە ناو شەرەکەوە لاواز ببن، ئەویش خۆی بەهێز بکات. ئەمە ئامانجەکەیەتی. دەڵێت پێویستە ئێمە پاکیجێکی ئاسایشی دروستکەین، یانی ئاوا دەیەوێت سود لە لاوازیی هێزە هەرێمییەکان وەربگرێت. بەم شێوەیە دەیەوێت خۆی بەهێزبکات بۆئەوەی سیاسەتی خۆی لەسەر هەرێمەکە جێبەجێبکات. لە ئێستادا کێشەکان لە هەرێمەکەدا بە کوشتن، بە کۆمەڵکوژی چارەسەر نابێت. نە لە فەلەستین و نە لەکوردستانیشدا کوشتن و کۆمەڵکوژی چارەسەر نیە. چارەسەری هەمیشەی ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. پێویستە گەلانی هەرێمەکە ڕاستی یەکتر و چۆنیەتی مامەڵەکردن و ژیان و گەڕان بەدوایدا لە ڕێگەی دیالۆگی هاوبەشەوە قبوڵ بکەن. چارەسەرەکە لەوێیە. هەر بۆیە ئێمە پشتیوانی ئەم هەوڵە ئاگربەستە دەکەین. شەڕێکی هەرێمی لە بەرژەوەندی گەل نابێت.
کەسانی هەلپەرستی وەک ئاکەپە-مەهەپە دەیانەوێت سود لەم ئاڵۆزییانە وەرگرن، بەڵام پێویستە مرۆڤ ڕێگە بەوە نەدات. بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان لەسەر هەرێمەکە بەدی بهێنن دەیانەوێت شەڕ دروستکەن. بەڵام کێشەکانی هەرێمەکە بە شەڕکردن چارەسەر نابن. لە کۆتاییدا لایەنەکان ناچارن دیالۆگ بگرنەبەر بۆئەوەی بەرەو چارەسەری هەنگاوبنێن.
ستراتیژی سەرەکی لە هەرێمەکە چییە؟
دەوڵەتی تورک لەم دە ساڵەی دواییدا ستراتیژێکی نوێی بە بنەما گرتووە. ئەوە گرنگە. واتە لە ساڵی ٢٠١٤ شەڕ لە دژی داعش هاتە ئاراوە و کورد تیایدا هاتنە پێشەوە. شۆڕشی رۆژئاوا بەر لەوە روویدا. خۆی لە باشوریش قەوارەیەکی کوردی هەیە، لە باکور هەدەپە دەنگێکی بەرزی بەدەستهێنا، لە سەدا ١٣ی دەنگەکانی مسۆگەرکرد. دەوڵەتی تورک لەو بەرەوپێشچوونانەی کورد ترسا، کە تورکیا دابەش ببێت، بچوک ببێتەوە. وتیان بۆ ئەوەی تورکیا بچوک نەبێتەوە دەبێت دەستوەردان بکەین، شەڕ بکەین و تورکیا وەک پێشوو نەبێت، دەبێت تورکیا گەورە بکەین. لەسەر ئەوبنەمایە لە ناو سیستمی دەوڵەتدا هێزەکانی ئێستا یاخود ئاکەپە-مەهەپە، ئەرگەنەکۆن، پارتی وەتەن، ئوراسیاچییەکان هەموویان یەکیان گرت و ئەردۆغان وەک رێکخەر هەڵبژێردرا. واتە قەبوڵیان کرد. لەبەر ئەوەی ئەردۆغان دەرفەت و توانای لەبەردەستە، کۆمەڵگەی هەیە. بەم جۆرە یەکیان گرت. پێشتر هەموویان دژی یەکتربوون. بۆ نمونە مەهەپە لە دژی ئاکەپە بوو، ئاکەپە و ئەرگەنەکۆن دوژمنی یەکتربوون، مەگەر کەسانی سەر بە ئەرگەنەکۆن نەگیرابوون؟، ئەوانە واتە هەموویان کۆبوونەوە و وتیان بەهۆی مەترسییەکانی سەر تورکیا دەبێت یەکبگرین، بە هۆشمەندی عوسمانی نوێوە بجوڵێینەوە. خۆمان لەم سەردەمەدا گەورە دەکەین، یاخود لە هەڕێمەکەدا خۆمان دەکەینە دەوڵەتێکی هەرێمی، ئیمپریالیست. بۆ ئەوە میساقی میللی داگیردەکەین، سوریا، عێراق بەو جۆرە دەخەینە ژێر هەژمونی خۆمانەوە. بەهۆی ئەو ئەقڵیەتەوە ئەوان سەربازەکانیان ناردووتە عێراق و سوریا و لیبیاوە. تەنانەت ناردیانە سۆماڵ، نایجریا و هەروەها ئازەربایجان، واتە دەوڵەتی تورک ستراتیژێکی نوێ وەک کۆنسێپتێک بۆ خۆی قەبوڵ کرد و لەسەر ئەو بنەمایە دەسەڵاتی ئێستا سازبوو. لەم نێوەدا پێگەو و قەوارەی کوردی ئازاد بۆ خۆی بە مەترسی دەبینێت. دەیەوێت سیاسەتی قڕکردن، لەناوبردن بەسەر کۆمەڵگەی کورددا جێبەجێ بکات و بەو جۆرە خۆی گەورە بکات. واتە عوسمانی نوێ لە بنەڕەتدا ئەقڵیەتی تورانیزمە. دەیەوێت تورکایەتی برەوپێبدات. دەیەوێت بەو جۆرە خۆی گەورە بکات. بریار و ستراتیژی دەوڵەتی نوێی تورک ئەمەیە.
ئێوە ستراتیژی دەوڵەتی تورکیاتان هەڵسەنگاند. مرۆڤ چۆن دەتوانێ پشتیوانیەکانی پەدەکە و ئەم ستراتیژە لێک بداتەوە؟
ئەمە بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئێستا دەزانین دەوڵەتی تورک ئەم چەمک و ستراتیژەی بۆ خۆی قبوڵ کردووە، ئێمە لێ تێدەگەین، بەدوادا چوونمان بۆ کردووە. لەو کاتەدا ویستمان لەگەڵ لایەنی کوردیدا هاوبەشی بکەین، لەگەڵ زۆرێک لە ڕێکخراوەکاندا هاوبەشمان کرد. بە واتایەکی تر دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە چەمکێکی نوێ و مەترسیدار. ئەمە مەترسییە بۆ هەموو کورد، دەبێت لە دژی ئەمە یەکبگرین. پێویستە ستراتیژی نەتەوەی کورد بنیات بنرێت. باسمان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشەیەی دەوڵەتی تورک کرد. پاشان لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦دا شەخسی خۆم دووجار چوومە سەردانی بەرێوەبەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو بابەتانەمان لەگەڵیان تاوتوێ کرد. کاتێک باسمان کرد ووتیان ڕاستە. با پێکەوە بین. بڕیارماندا کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروست بکرێت. پاشان کۆمیسیۆنەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردوو جارەکە، سەرەڕای ئەوەی بڕیار درا لە کۆبوونەوەکاندا، بەڵام جێبەجێ نەکرا. پارتی وا خۆی ڕاگرت و نەهاتە پێشەوە. پاشان لە ساڵی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم دەستی پێکرد. هەروەها بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری پەدەکە بوو. لە کاتی ڕیفراندۆمدا دەوڵەتی تورک دژایەتی کرد. چوو لەگەڵ ئێران دیداری کرد، لەگەڵ عێراق کۆبووەوە. سەربازانی عێراقی هێنایە سلۆپی. وتی، ئێمە پێکەوە دەستوەردان بکەین. واتە دژایەتی خۆی بە ڕوونی دەربڕی. لە بنەڕەتدا ئەم کارەی تورکیا بانگەشەکانی پشتڕاست کردەوە. بۆ نموونه هیوادار بووین پەدەکە ئەم ڕاستیانه ببینن و ڕەنگه بکرێت له یەکتر نزیک ببینەوه. بەڵام بینیمان پەدەکە تەسلیمی تورکیا بوو. ڕاستە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت تەسلیم بووە. چونکە تەیب ئەردۆغان خۆی وتی برسیتان دەکەم، هەموو شتێکی وت. بەڵام دواتر چوونەوە لای تەیب ئەردۆغان و داوای لێبوردنیان لێکرد. ئەمە تەسلیمیەتێکی تەواو بوو. نموونەی وا لە مێژوودا بوونی هەیە. واتە بۆ نموونە لە ساڵانی ١٨٣٠ و ١٨٣٢ بەدواوە دەوڵەتی عوسمانی زۆر لاواز بوو. لە کوردستان لێرە لە ڕەواندوز میر محەممەد ڕەاندوزی زۆر بەهێز بوو. هەروەها لە بۆتان میر بەدرخان بەگ گەنجێکی بەهێز بوو. ئەگەر هەردووکیان بهاتبانە لای یەک، دەیانتوانی دەوڵەت ڕابگەیەنن. واتە هیچ کەسێک لەو ئاستەدا بیتوانیبا بەربەستێکی گەورە لەبەردەمیان دروست بکات نەبوو و هێزی خۆیان بەهێزتر لە هەمووی بوو. بەڵام چی دەکەن؟ میر محەممەد ڕەواندوزی هێرش دەکاتە سەر بۆتان. دەیەوێت دەسەڵاتی بەدرخانی شکست پێ بهێنێت. لە هەمان کاتدا جارێکی تر هێرش دەکاتە سەر شەنگال، پێشتر فەرمانی(کۆمەڵکوژیی) بەسەر گەلی ئێزدی ئێمەدا کردووە. بە هەزاران کەسی ئێزیدی کوژران. واتە بەو شێوەیە خۆیان بە گژ یەکتردا هاتن. ئەوەی ڕوویدا چی بوو؟ میر محەممەد ڕەواندوزی شکستی هێنا. مەبەستم ئەوەیە نەک لەو شەڕەدا، دواتر هێزەکەی لەناوبرا. دەوڵەتان شکستیان پێهێنا. دواتر دەوڵەتی عوسمانی بە هاندانی ئینگلیز و فەرەنسییەکان هێرشی کردەسەر بەردخان بەگ و لەناویان برد. بەو شێوەیە ئەم دەرفەتەش لەدەستچوو.
ئێستاش هەروایە. بەم شێوەیە دەیانەوێت دەرفەتەکانمان لێ بسێننەوە. نابێت ڕێگە بەم کارە بدەین. وەک کورد، وەک وڵاتپارێز نابێت ڕێگە بدەین مێژوو لەم سەدەی ٢١ـەدا دووبارە ببێتەوە. با پرسی ئازادی کورد بەرز بکەینەوە و بیگەیەنینە سەرکەوتن. کەواتە دوو ستراتژی هەیە. ستراتژیەێک بۆ ئازادی کورد ستراتژێکی عوسمانی، دەوڵەتی تورک کە مەبەستی لە ناوبردنی کوردە. پەدەکە بەشداری لە ستراتیژی تورکیەدا کردووە. مەبەستم ئەوەیە بەڕاستی ئەمە چۆن ڕوون بکرێتەوە؟ ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. چونکە ئەوانیش دەڵێن ئێمە کوردین. بە ناوی کوردایەتییەوە لەگەڵ هەموو کەسێک مامەڵە دەکەن. بەڵام دەیانەوێت کورد لەناوببەن. لێرەدا ستراتژی ئەوان دەخەینەڕوو و پێناسەی دەکەین. پیلانەکان بە بڕیاری مەهەپە، ئەرگەنەکۆن دەست نیشان دەکرێن. ئەمانە ڕەگەزپەرستن. بوونی کورد وەک هەڕەشەیەک لەسەر نەتەوەکەیان دەبینن. ئەوان پێگەی کوردیان ناوێت. راستە کورد هەیە. بەڵام ئێستا پەدەکە بەشێکە لەو ستراتژیەی کە دەیەوێت کورد لەناو ببات. واتە بەڕاستی بابەتێکی زۆر گرنگە و دۆخێکە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە. پێویستە ڕوونکردنەوە بدەن. بە بڕوای ئێمە هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەمە لە لایەنی کوردەوە نییە. هیچ ڕوونکردنەوەیەک بوونی نییە. ئەمەش ئاشکرایە. ئەوان دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببەن. بۆ نموونە دوای ڕیفراندۆم تورک هەمان شتیان کرد. بە واتایەکی تر بڕیاردرا ناوچە ستراتژییەکانی باشووری کوردستان داگیربکەن، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەر سەرهەڵدان و هەر جۆرە جموجۆڵیەک بوو. هەمان بڕیاریان لەسەر سوریاش دا. ڕۆژئاوای کوردستانیشی گرتەوە. ئەمە کەی دەستی پێکرد؟
دوای ساڵی ٢٠١٧ بوو، بۆچی؟ ئەوان لە ڕیفراندۆم دەترسان بۆ ئەوەی هیچ شتێک دووبارە نەبێتەوە، سەربەخۆیییان ڕانەگەیاند، دەیانویست بۆخۆیان ڕیفراندۆم بکەن. ئێستاش دەڵێت بۆ پەکەکە هاتووم. بەڵام مەبەست پەکەکە نییە. بڕیاری داوە هیچ شتێک لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەودا نەکرێت، بۆیە دەیەوێت باشووری کوردستان کە ناوچەیەکی ستراتیژیکە بخاتە بن کۆنترۆڵی خۆیەوە. بەڵام چی کرد بۆ ئەوەی بیانوویەک بدۆزێتەوە پەکەکەی کێشاوەتە ناو بیانووەکانیەوە. ئەگەر پەکەکە نەبوایە بیانوویەکی تریان دەهێنایەوە. لەوانە دەیانوت تورکمانەکانی کەرکوک لە مەترسیدان، ئێمە بۆ پاڵپشتی ئەوان دێین. بە واتایەکی تر دەوڵەتی تورک بڕیاری داگیرکردنی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی داوە، سەرەتا بە شێوەیەکی فەرمی وەکوو ئەوەی هەرێمێکی ئارام دروست دەکات هاتووە و لە درێژخایەندا هەمان سنوورەکانی میساقی میللی داگیر دەکاتەوە. میساقی میللی وەک باسێکی شاراوە هێندە ئاشکرا باسی ناکەن بەڵام باخچەلی، نووسەرەکانیان، شرۆڤەکارەکانیان دەیڵێن. تەنها تەیب ئەردۆغان خۆی باسی میساقی میللی ناکات. بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی هەمان مەبەست چوونەتە ناو ڕۆژئاوا و زۆر شوێنیان داگیرکردووە. بەڵام شتێکی سەرەکی کە ئەو کاتەش ئاماژەم پێدا ئەوەیە کە هەمان کار بۆ باشووریش دەکەن. دەیانەوێت هەرێمێکی ئەمنی دروست بکەن. ٣٠-٤٠ کیلۆمەتر لەدەرەوەی سنوورەکانیان داگیربکەن. ٣٠-٤٠ کیلۆمەتر بەرەو باشوور کە دەکاتە لەسەدا ١٥ی خاکی باشوور. بەڵام پەدەکە هاوکاریان دەکات و لە گەڵ سیاسەتەکانی ئەواندایە.
هەر بۆیە وتم هیچ ڕوونکردنەوەیەک بوونی نییە. واتە پەکەکە بیانووە لێرەدا، ئەوەش نەبوایا بیانوویەکی تریان دەدۆزیەوە. دەمەوێت بڵێم دەوڵەتی تورک قەد ناوچە داگیرکراوەکان چۆڵ ناکات. ئەگەر بەدوادا چوون بکەن، دەبینیت ئەم ڕێگایانە کە دروست دەکرێت، هەمووی تێچوونێکی هەیە، ئەم بنکەو بارەگایانەی کە دروستی دەکەن بۆ 10 ساڵان نییە. بۆ ئەوەیە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و لەناوچەکە داگیرکاری پەرە پێ بدات. چۆن نابینرێت؟ دەبێت ئەمە ببینرێت. بەڵام دەبینین هەڵسوکەوتەکان زۆر جیاوازن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەمەوێت بانگەوازی لە گەلەکەمان بکەم. گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، سەرەتا گەلی بادینانمان. ئەوان بەچاوی خۆیان ئەم شتانە دەبینن. ئێمە لەسەرەتاوە بڕیارمان دا، گوتمان بەرەنگاری دەبینەوە. ئێمە پارێزوانی لێدەکەین. بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی باشووری کوردستان هەموو هەوڵێکمان داوە. تەنانەت بەدیلی گرانمان داوە، بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین. ئێستا دەیانەوێت بۆ نموونە گارێ بگرن. چۆن دەتوانن گارێ بگرن؟ گارێ شاخێکە لەسەر موسڵ حاکمە. لە ناوەڕاستی هەولێر و دهۆکە. لە دڵی هەرێمدایە. بەڵام ئێمە ڕێگە بەم کارە نادەین. ئێمە بەرخۆدان دەکەین. با لە دژی داگیرکاری شەڕ بکەین نەک ببیەنە یارمەتیدەرییان. تەنانەت بۆ هەڵبێین. ئێمە هەڵناین. ئەوەی ئێستا ٤ ساڵە بەڕێوەی دەبەین، لەمەودوا لە ئاستێکی بەرزدا درێژەی پێدەدەین. پێویستە گەلەکەمان پشتیوانیمان بکات. ئێمە تێکۆشانی وڵاتپارێزانە بەڕێوە دەبەین و ڕووبەووی دوژمن بووینەتەوە. دەبێت دوژمن لەوێ بکرێتە دەرەوە. تا ئێستا بەرخۆدانی ٤ ساڵەمان چۆن بەڕێوە بردووە بەهامان شێوە بەرزتر دەبێتەوە، ئەگەر پشتگیری گەلەکەمان هەبێت دەتوانین لەو هەرێمانە بیکەینە دەرەوە. بەو بۆنەوە بانگەوازی من بۆ هەموو گەلەکەمانە لە باشووری کوردستان بەتایبەت عەشیرەتەکانی کوردستان، ئەوانەی کوردایەتی خۆیان پاراستووە، ئەوانەی وڵاتپارێزییان هەیە، ئێمە پشتیوانی گەلەکەمانمان دەوێت و ئێمە شەڕی پارە ناکەین و نە گرێدراوی کەسیشین. ئێمە سەربەخۆین. ئێمە کوردی کوردستانین. ئێمە شۆڕشگێڕین. ئێمە بەڵێنمان داوە ئەم خاکە لە دوژمن و داگیرکاریی بپارێزین. بەردەوام گەلەکەمان دەپارێزین. هەروەها ئێمە دەمانەوێت وڵاتپارێزانی کوردستان چ حزب و عەشیرەت و ڕێکخراوە مەدەنیەکان پشتیوانمان بن بۆ ئەوەی پلانی ئەم دوژمنە تێکبشکێنین. داگیرکاری کۆتایی پێ بهێنین. پلانەکانی دوژمن تێکبدەین و ئەم وڵاتە و گەلەکەمان بپارێزین. ئەمە بانگەوازی ئێمەیە بۆ گەلەکەمان.
هەڤاڵ ئەو جۆرەی دیارە و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین، عێراقیش بەشداری ئەو ستراتیژە بووە. لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
ڕاستە، واتە سیاسەتی حکومەتی عێراق لەماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا، لە سەردەمی کازمیەوە تا ئێستا سیاسەتێکە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقدا نییە. مەبەستم ئەوەیە کەسێک دەتوانێ پێم بڵێت ئێوە بەرژەوەندی عێراق دەزانن، واتە خۆیان نایزانن؟ ڕاستییەکان لەبەر چاودایە. دەوڵەتی تورک چاوەڕوانیەکی وەهای لە عێراقە. مەبەستم ئەوەیە ڕوانگەی خۆی هەیە، بۆ نموونە لە باشیک سوپای تورک هەیە. عەبادی، کاتێک سەرۆک وەزیران بوو، دەیویست ئەو سەربازانە لە باشیک بچنەدەرەوە. بەڵام تورکیا نەچووەدەرەو و هێزی زیاتری لەوێ زیاد کرد. بۆچی؟ لەبەر ئەوە حسابی خۆی کردووە. دەیەوێت هەندێک لایەنی تورکمانی بجوڵێنێ، هەندێک لایەنی عەرەبی-سوننە هەروەها بەڕێکخستن بکات، لەگەڵ ئەوەش دەیەوێت هەندێک لایەنی کوردی لەپێناو بەرژوەندییەکانی خۆی بکار بێنێت و ئێستاش دەیکات. لە باشوور و عێراق زۆر لە هەوڵداندایە. واتا پلان و نەخشەی عوسمانی نوێ لەسەر عێراق و باشووری کوردستان کردووتەوە. بە واتایەکی تر ئەم سیاسەتەی ئێستای عێراق زەمینەی بۆ سیاسەتی عوسمانی نوێ خۆش کردووە. سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، حکومەت، ڕەنگە هەندێک لایەنی دیکە، ئەزموونێکی وەهایان نەبێت. لەوانەیە کێشەیەکی وەها لەکاردا بێت، بەڵام ئێمە دەزانین کە لە بنەمای دەسەڵاتدا چوارچێوەیەکی بەڕێوەبەری هەماهەنگ هەیە. بەڕێز مالکی و هادی عامری و قەیس عەلی و عەبادی و ئەوانی تر چۆن ئەم دۆخە نابینن و پەسەندی دەکەن و ڕێگا بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ دەکەنەوە؟ بەڕاستی مرۆڤ تێناگات. بە بۆچوونی ئێمە ئەمە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر داهاتوی عێراق. عێراق چیتر ناتوانێت دەستی تورکیا لەخاکەکەی بکشێنێتەوە و لەم سەردەمەدا ئەو جۆرە حوکمڕانییە تەنها سەربازی نییە، بەڵکو ئابووری و سیاسی، کولتووری و سەربازییە. ئێستا تورکیا سەرەتا پێگەی سیاسی خۆی بنیات بنێت و دواتر لە ڕووی ئابوورییەوە دەستوەردان دەکات. تورکیا لەوبارەوە لەسەر عێراق حیسابی کردووە واتە چاوەڕیەکی وەها دەکات. ئەم سیاسەتە کە ئێستا عێراق بەڕێوەی دەبات، رێگای دەستدرێژی بۆ تورکیا دەکاتەوە. بۆ ئەوەش بەڕای ئێمە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراقدا نییە.
پلانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا و باکوور- ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرایە، دەربارەی ئەمە چی دەڵێن؟
لە ئێستادا دەوڵەتی تورک نەک هەر ئەوەی دەیەوێت ڕۆژئاوای کورستان داگیربکات، بەڵکو دەیەوێت کۆتایی بە ڕۆژئاوای کوردستان بهێنێت. نمونەی ئەمەش عەفرین و سەریکانییە. لە ئێستاشدا گەر لەدەستی بێت، دەیەوێت لە کۆبانێ و جزیرەش ئەمە ئەنجام بدات. یانی دەیەوێت بە قوڵای ٣٠ کیلۆمەتر داگیرکاری بکات، ئەو جێگانەشەی داگیری دەکات بە زانینەوە کوردی تێدا ناهێڵێتەوە. لە ڕابردوودا لایەنە کوردییەکان هەڵەیانکرد، یانی بۆ نمونە بە گەلەوە دەرچوون لە عەفرین. لە ڕاستیدا بە بێ ئەوەی هەستی پێبکات بوو بە یارمەتیدەری ستراتیژی تورک. دەیانەوێت کوردان دەرکەن و لە جێگەیان عەرەباکان جێگیربکەن، یانی دیموگرافیا بگۆڕن. مەبەستم ئەوەیە گەر کورد هەبن، ئەوا سەدا ٢٠ و سەدا ٢٥ هەبێت، بۆچی؟ بۆ ئەوەی بناغەی سۆسۆلۆژیای خۆسەری لە باربەرن. یانی لە ئێستادا تورک ترسێکی زۆری لە ستاتۆی خۆسەری هەیە. دەیەوێت بناغەی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی لە ناوبەرێ. لە ڕۆژئاواشدا ئەگەری هەیە. بۆچی؟ دەڵێت ٣٠ کیلۆمەتر سنور دروستەکەم، گەر ئەم ٣٠ کیلۆمەترە دروستکەم هەربۆخۆی ڕۆژئاوای کوردستان بوونی نامێنێت. یانی مرۆڤ دەتوانێ بڵێت، گەر دەوڵەتی تورک بێت بەدەستیەوە، خاوەنی دوو ئامانجە؛ یەکێکیان لەناوبردنی ڕۆژئاوایە، دووەمیشییان ئەوەیە کۆتایی بە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنیت. یانی نەک بە تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ عەرەب و سوریانیش ئامانجی خۆی هەیە. ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری ئەوان لەناوبەرێ و کۆنترۆڵی بکات. دەیەوێت بەم شێوەیە ڕژێم چارەسەر بکات. یانی نزیکایەتی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە، پێویستە ئاوا ببینرێت. ئەمە داگیرکاری نیە، ئەمە قڕکردنە. وێڕای ئەوەی ئەم حەقیقەتە ئاشکرایە، دەبینین هەندێکیش لەبەر خۆیانەوە دەڵێن ئێمەیش کوردین، ئێمەیش سیاسەتمەدارین، ئێمەیش ئەنەکەسەین و نازانم چین، لە ئەنقەرەن. بێناموس، دەیەوێت کۆتایی بە وڵاتەکەت بهێنێت، گوندەکانت لەناوبەرێ. تۆ چێ دەکەی لەوێ؟ بێنە ناو گەلی خۆتانەوە، لەگەڵ گەلی خۆتاندا بجوڵێنەوە. بەرخۆدان هەیە، پشتگیری لە بەرخۆدان بکەن. یەکبگرن، هاوپەیمانی دروستکەن. بەڵکو بەم شێوەیە مرۆڤ بتوانێت دووژمن تێکبدات. جگە لەمە هیچ ڕێگەیەکەی دیکە نیە. ئێوە لەوێ لەگەڵ دوژمندا خەریکی زوڵمکردنن. ئەمە ئێوە ڕزگار ناکات. ئەمە ستراتیژی ئەوانە، ئامانجیەتی ڕۆژئاوای کورستان نەهێڵێت. نمونەی عەفرین لەبەرچاوە. دەیانەوێت بڵاوە بە کوردان بکەن. بۆیە پێویستە هەموو کوردانی وڵاتپارێز لەم کاتەدا یەکێتی خۆیان دروست بکەن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بۆ تەواوی کوردستان بانگەوازی یەکێتی نەتەوەیی بکەم. بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ١٥ی ئاب، بە ڕاستی لەمڕۆدا مەترسییەکی گەورە لەسەر تەواوی کوردستان هەیە. ڕەنگە هەندێک لایەن نەیەنە یەکێتی نەتەوەییەوە، لەبەرەی دووژمندا جێگە بگرن، بەڵام هەموو دامەزراوەی وڵاتپارێز، پارت، تەڤگەر، ئەوانەی وڵاتپارێزن، رۆشنبیر، شاعیر، هونەرمەند و هەموو کەسێک پەرە بە هەوڵدانی یەکێتی نەتەوەیی بدەن و لەم قۆناغە مێژوویە گرنگەدا، بەدڵنیاییەوە ئیمەی کورد پێویستە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان ستراتیژێکی هاوبەش پەرە پێبدەین و لەسەر ئەم بنەمایە بجوڵێینەوە. دەرفەتی سەرکەوتنمان هەیە. گەر ئەم دەرفەتانە بەکارنەهێنین، ئەوا دووژمن دەیەوێت پلانگێڕییمان لەسەر دروستکات، ئەم دەرفەتانەی کە بۆ ئازادی کوردستان هێنراوەتە ئاراوە لەباربەرێت. بۆیە بانگەوازی لە هەموو کەسانی وڵاتپارێز دەکەم لەم قۆناغە مێژوویەدا پێویستە یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنین. بەم بانگەوازییە کۆتایی پێدێنم و جارێکی دیکە جەژنی ژیانەوە لە تەواوی گەلەکەمان و هەڤاڵانمان پیرۆز دەکەم و بۆ ساڵی ٤١ـەمینی هەڵمەتی ١٥ی ئاب هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.