موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بۆ گەریلاکان و بینەرانی گەریلا تیڤی قسەی کرد.
وتەکانی قەرەیلان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هەفتەی قارەمانی لە گەریلا تیڤی بڵاوکرایەوە و بەم شێوەیەیە:
"هەموو هەڤاڵانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، هەموو گەنجانی کوردستان و ناوچەکە، سڵاوتان لێ بێت. گەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە بە حەماسەتێکی زۆرەوە پێشوازییان لە نەورۆزی ٢٠٢٣ کرد. بە تایبەتی بەشداری ئێوەی گەنجان، ژنان لە کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا بوو و ڕۆڵی پێشەنگایەتیتان گێڕا. هەموو گۆڕەپانەکانی نەورۆز بە دروشمەکانی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "ئازادیی جەستەیی بۆ رێبەر ئاپۆ" دەنگی دەدایەوە. ئەم دروشمە، داواکاریەک بوو و بڵند بوو. دیارە ئەو شتەی گەلەکەمان لەم سەردەمەدا دەیانەوێت، زیاتر ڕوون بوویەوە و ئەوەی دەیانویست لە نەورۆزدا زۆر بە جوانی ڕوون بوویەوە. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشداریی ئەم نەورۆزە بوون. لە کار و خەباتیاندا سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
هەڤاڵانی ئازیز، ئێمە لە هەفتەی قارەمانیداین. وەک دەزانرێت لە ٢١ی ئازار، واتە لە نەورۆز تا ٢٨ی ئازار، ڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی نەمر هەڤاڵ عەگید (مەعسوم کۆرکماز) بە هەفتەی قارەمانی ڕاگەیەندراوە. لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا بەرخودان بڵند بوو، تێکۆشان و خەبات کرا، دەستانی قارەمانانە ئافرێنرا. لە مێژووی گەلەکەماندا قارەمان، عەگید و جوامێر و پاڵەوان هەیە، بەڵام بەدروستبوونی هزر و ڕامان و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئەم قارەمانێتییە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردیدا مەزن بوو. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، قارەمانێتی و ئازایەتی لە کەسایەتیی کورددا لەگەڵ فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا ئاوێتە بووە. بوو بە ئیرادەیەکی مەزنی پۆڵاین. بوو بە هێز و بوێری و ئازایەتیی لە بن نەهاتو.
بەندینخانەکانی دەوڵەت شوێنی هەژموونیی دەوڵەتن و ئەو شوێنەن زۆرترینیان هەژموونیی دەوڵەتی تیادا دەسەپێنرێت. لە زیندانی ئامەددا لە کاتێکدا، کە زوڵم گەیشتە لوتکە، تۆقاندن گەیشتە لوتکە، هاوڕێ مەزڵوم دۆغان هەستایەوە و لە نەورۆزی ١٩٨٢ بە ئەندامدانی چالاکیی فیدانەی خۆی هەنگاوێکی مێژوویی ناو. لە دژی ئەو زوڵمە، ڕاپەڕین و یاخیبوون و وەستانەوە بوو. بە پێی ڕۆحی نەورۆز پیرۆزکردنی نەورۆز بوو. لە ١٨ی ئایار هەڤاڵ فەرهاد کورتای و ٣ هەڤاڵی دیکەی، واتە ٤ هەڤاڵ ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، بەو شێوەیە لە دژی دوژمن وەستانەوە و دوژمنیان ئیدانە کرد و بەرخۆدانیان بڵند کردەوە. ڕۆژی ١٤ی تەمووز ئەو چالاکییە مەزنە بە پێشەنگایەتیی هاوڕێ محەمد خەیری دورموش، کەمال پیر و عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک ئەنجامدرا، و بەوشێوەیە لە بەرامبەر دوژمن و لە ناو قەڵای ستەمدا وەستانەوە و دوژمن لە ناو قەڵای ستەمی خۆیدا تێکشکا. ئیرادەی شۆڕش، شۆڕشگێڕان و ئاپۆییەکان ئەنجامی بە دسەتهێنا و سەرکەوت. لە ناو زینداندا بە جەستەی خۆیان و بە ورە و ئیرادە و ئازایەتیی خۆیان بەرەنگارییان کرد، یاخیبوونیان پێشخست و لەو ڕێگەیەوە بە ئەنجام گەیشتن.
جارێکی تر لە ساڵی ١٩٨٤دا پێشخستنی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ لە دژی ڕژێمی فاشیستیی ١٢ی ئەیلوول بوو بە سەردەمێکی نوێ لە مێژووی هەبوون و خەباتی گەلەکەماندا. ئەوە زۆر مانادابوو. بەڵام لەو هەلومەرجەدا بەرەوپێشبردنی هەنگاوێکی ئاوا ئاسان نەبوو، بوێرانە تێکۆشان و خەباتی بوێرانە ئاسان نەبوو. ئەم ئازایەتییەی فەرماندە نەمر هەڤاڵ عەگید (مەعسوم کۆرکماز) بڵندی کردەوە و پێشەنگایەتیی بۆ کرد. بە پێشەنگایەتیی ئەو، ئەو چالاکی و جوڵەیە لە دهێ و شەمزینان ئەنجامدرا، بوو بە سەردەمێکی نوێ لە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورددا. لە دهێ بە فەرماندەیی هەڤاڵی عەگید و بەدران (محەمەد سێەڤگات)، ئەرداڵ (مستەفا یۆندەم) مۆری خۆیان لەو چالاکییە و لە چالاکیی ئەو سەردەمە دا. هەڤاڵ عەگید، هەر تەنها یەک چالاکیی نەکردووە، بەڵکو چالاکیی سەردەم و مێژوویی کرد.
ئەوەی لە خەباتی چەکداری دا ئەو هەڤاڵە بە دەستیهێنابوو و خاوەنی ڕەنجی زۆر بوو تیایدا، پەروەردەی گۆڕەپانی فەلەستین، گەڕانەوە، جارێکیتر دووبارە کشانەوە بۆ فەلەستین و جارێکیتر گەڕانەوە، پێشخستنی بناغەی خەباتی شەڕی چەکداری، بنیاتنانی بنکەی گەریلا، چەسپاندنی هێڵی گەریلا، تاکتیک و شێوازیی گەریلا، ڕۆڵ و پێگەی فەرماندەی هێژا هاوڕێ عەگید لە پێشخستنی هەموو ئەوانەدا زۆر بەرچاو بوو. لە یادی ٣٧ ساڵەی شەهیدبوونی هەڤاڵی عەگیددا جارێکی تر هەڤاڵی عەگید و لە کەسایەتیی ئەودا بەڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو قارەمانانی شۆڕش، شەهیدە قارەمانەکان دەکەمەوە و سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنین. ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە، ئێمە ئاڵایان بە بەرزی و بە شەکاوەی ڕادەگرین، ناهێڵین چەکەکانیان لەسەر زەوی بمێنێتەوە. لەدروستکردنی ژیانێکی ئازاد، کوردستانی ئازاد، ڕێبەرایەتیی ئازاد یادیان بە زیندوویی ڕادەگرین.
بێگومان لە هەفتەی قارەمانێتیدا زۆر داستانی قارەمانانە هەیە. بۆ ئەوەی نەورۆز ببێت بە نەورۆز و پیرۆز بکرێت، وەک ئەوەی دەخوازرێت نەورۆز پیرۆز بکرێت، هەڤاڵی ئازیز و هێژا زەکییە ئالکان، ڕەهشان دەمیرەل، ڕۆناهی و بێریڤان، هەروەها سەما یوجە و هەموو ئەو هەڤاڵانە، کە خۆیان فیدا کرد، بە بەجەستەی خۆیان ئاگری نەورۆزیان گەشاندەوە، بەو شیوەیە نەورۆزیان پیرۆز کرد. لە درێژەدان بە رێگاکەی هاوڕێ مەزڵوم دۆغان لە درێژەدان بە ڕێگاکەی کاوەی هاوچەرخ دا، بەو شێوەیە ڕۆحی نەورۆز و ئاگری نەورۆزیان گەشاندەوە. هەروەها بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز لە جزیر، نسێبین و لە زۆێک لە شوێن و ناوچەی تری کوردستان سەدان شەهید و قارەمان بۆ نەورۆز خۆیان بەخت کرد.
هەفتەی قارەمانێتی بەم جۆرە بووەتە هەفتەی قارەمانێتی و ئازایەتی. لە هەفتەی قارەمانێتیدا ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانمان شەهیدبوون. لەو هەڤاڵانەی لەم ساڵانەی رابردوودا شەهیدبوون هەڤاڵان سینان، ناڤدار، سەرحەد ڤارتۆ خاوەن هەوڵ و ماندووبوون و شکۆمەندییەکی زۆر بوون. هەڤاڵ سینان (عەلی ئاکتاش) هەڤاڵێک بوو کە لەگەڵ هەڤاڵ عەگید یەکەمجاربەرەو ناوچەی بۆتان هەنگاوی نا، لە بەستا، شڕنەخ دەستی بە خەبات کرد. ئەو هەڤاڵانە هەر هەموویان بەم جۆرە لە تێکۆشانی ئێمەدا خاوەنی رەنج، رۆڵ و پەیام بوون. هەموویان بە بیردەهێنینەوە.
هەروەها لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دوژمندا هەڤاڵ زنار تاتوان، شاهین گەڤەر، جەمال ئامەد ئەو هەڤاڵە و ئەو هەڤاڵانەشی کە لەگەڵیاندابوون شەهیدبوون. قارەمانی گەورە بوون، هەر یەک لەوان بۆ چەندین خەباتیان کردبوو، لەم شەڕەدا بەشداربوون و رەنجیان کێشابوو. ئەو هەڤاڵانە تازە شەهیدبوونیان راگەیەندراوە لەبەر ئەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو هەڤاڵە بەنرخانە و بنەماڵەکانیان دەکەم. هەڤاڵانی رەنج و هەوڵدانمان بوون، ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە پێوەی پابەنددەبین و ئاواتی ئەوان دێنینەدی. ئەوانە قارەمانی سەردەم بوون.
هەڤاڵ جەمال ئامەد زۆر خوازیاری ئەوە بوو بچێتە ناوچەی ئامەد. هەڤاڵێکمان بوو کە لە بنەماڵەیەکی خاوەن مێژوو و خاوەن رەنج و ماندووبوون بوو. بەراستی خۆیشی بەهایەکی بەنرخ بوو. فەرماندەیەکی خاوەن رەنج و رۆڵ بوو. بێگومان شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵانە بۆ ئێمە کۆستێکە، بەڵام ئێمە لە رێگەی یادی ئەوانەوە گیانی قارەمانێتی، گیانبازی، ئاپۆگەری زیاتر دەگەشێنینەوە و بەم جۆرە ئێمە زیاتر بە بەهێزی پێشوازی لە ئاگری نەورۆز، گیانی هەفتەی قارەمانێتی دەکەین.
هەڤاڵانی هێژا، لە هەفتەی قارەمانێتیدا هەموو ئەو بەرخودانەی هاتە ئاراوە، لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا سەرەتا و دەستپێکن. لەبەر ئەوەی وەک دەزانن بەلای ئێمەوە نەورۆز رۆژی نوێیە، ساڵی نوێیە. رۆژی بەرزکردنەوەی بەرخودانە، راپەڕینە، رێکخستنی هەڵمەتە، تێکۆشان و یەکێتییە. لەبەر ئەوەی زۆر هەڵمەتی بزوتنەوەکەمان لە نەورۆزدا خراونەتەڕێ و لە هەفتەی قارەمانێتیدا خراونەتەڕێ. هەفتەی قارەمانێتی سەرتۆپێکی هاوڕێ مەزڵوم دۆغانە، سەرتۆپێکیشی هاوڕێ مەعسوم کۆرکمازە. لەو نێوەندەدا ژمارەیەکی زۆر قارەمان بەشداربوون. ئەوەش بۆ ئێمە شکۆمەندییە. شکۆمەندی بەنرخە. بەو جۆرەنا کە هەندێک ئێستا بۆ پارە و پول، بۆ شان و شەوکەت و ناوبانگ دەجوڵێنەوە و ژیانیان ساز دەکەن. ئەو هەڤاڵانە تەنیا و تەنیا لە پێناو ئازادی کۆمەڵگاکەیان، لە پێناو هزر و بیرکردنەوەیاندا گیانی خۆیان بەخت کرد. گیانی فیداکاری، خۆبەختکردن، مەعنەویەتی بەرز. ژیان چییە، ژیانی ئازاد چییە، چۆن پێویستە کە مرۆڤ خۆی بۆ ژیانی ئازاد، کۆمەڵگای ئازاد، وڵاتی ئازاد بێ دوودڵی و ڕاڕایی خۆی بەخت بکات، بۆ ئەوانە نمونەن. ئەو هەڤاڵانە کەسانی بەو جۆرە پشووکورت نەبوون کە لە دۆخی ئەستەم و دژواردا ناچار بەو کارە بووبن. نا بۆ نمونە زەکیە ئاڵکان. هەڤاڵێکە خەڵکی کوردستانە، بەڵام بنەماڵەکەی لە ئیزمیرن. ئەو لە ئامەد لە زانکۆی پزیشکی دەیخوێند. دەکرا ببێتە پزیشک. بەڵام دەیەوێت خاوەن هەڵوێستێکی ئەخلاقی و شکۆمەندانە بێت. لەبەر ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەسەر شورای ئامەد ئاکر لە خۆی بەربدات و ببێتە بانگەواز. بەم جۆرە خۆی کردە بانگەواز. ئەو وێنای گەوهەری ژنانی کورد، کچانی کورد و مرۆڤی کورد دەکات. چۆن دەتوانێت خۆی دۆزی خۆی، گەلەکەی بەخت بکات. ئەمانە بەرزکردنەوەی مەعنەویەتن، بەرزکردنەوەی گیانی ئازادییە. ژیانی ئازاد بەم جۆرە دروست دەکرێت. ئێمە بە هۆی ئەوەی هاوڕێی هاووڕیانی بەم جۆرەین سەربەرزین. ئێمە سەربەرزین کە پێشەنگەکانمان کەسانی بەم جۆرەن و بەم جۆرە جوڵاونەتەوە. بەم جۆرە بە شەرەف و شکۆی مرۆڤایەتیەوە ژیاون، تێکۆشانی ئەفسانەیی بەم جۆرەیان دامەزراندووە.
قارەمانی بەم جۆرەمان زۆر بینین، لە تێکۆشانماندا قارەمانی یەکجار زۆری بەم جۆرە هەن. بەڵام دەمەوێت شەهیدانی نوێی ئەمساڵ و چەند هەڤاڵ کە نەک یەکجار بەڵکوو زۆر جار رۆژانە قارەمانێتی ئەوانمان بینیوە وەک نمونە ئاماژە پێبکەم. وەک دەزانرێت هەڤاڵ یاشار بۆتان لە ١ی ئادار لە دێرسیم شەهیدبوو. فەرماندەی دێرسیم بوو. هەڤاڵێکی خاوەن رەنج، خاوەن رۆڵ، خاوەن بەرپرسیارێتی بوو. لە نزیکەوە ناسیمان و بینیمان. نزیکەی سێ ساڵ لەگەڵماندا وەک فەرماندەی پارێزگاری و ئاسایش بوو. هەڤاڵێکی خەڵکی بۆتان، خەڵکی سلۆپی بوو. لە عەشیرەتی زێڤکی بوو. نوێنەرایەتی گەوهەری وڵاتپارێزی و دروستیی بۆتانی دەکرد. بە ئازایەتی خۆی، بە گیانبازی خۆی، بە راستی و دروستی خۆی نوێنەرایەتی ئەوەی دەکرد. لە نزیکەوە ناسیمان کە چ جەوهەرێکە. بەراستیش لە تەواوی مێژووی خۆی لە ناو تێکۆشانماندا هەموو چرکەیەک ئەو تایبەتمەندیەی خۆی وێنا کرد. بنەماڵەکەی وڵاتپارێزە ئێستا لە مەخمورە، من سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و لە تەواوی گەلەکەمان لە مەخمور دەکەم. بەدڵنیاییەوە کۆستێکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەڵام ئەرکی ئێمەیە ئەو قارەمانانە لە تێکۆشاندا بە زیندوویی رابگرین.
جارێکی دیکە هەڤاڵان دەلیل زاگرۆس و باران چراڤ ئەو دوو هەڤاڵەش بۆ ماوەیەک زۆر لەگەڵمان مانەوە. ئەرکیان گرتەئەستۆ، گیانبازییان کرد، بووینە شایەتی راستی و دروستی ئەوان، فیداییبوونی ئەوان. بەتایبەتی هەڤاڵ دەلیل بە ئازایەتی خۆی، لێهاتووبوونی خۆی، ئەقڵ و مێشکی خۆی بۆ دەستوەردانی لەجێگەدا کە کردی، پلانی گەورەی دوژمنی لە دژی ئێمە پوچەڵ کردەوە. ئەگەر ئێمە ئێستا دەژین لە سایەی قارەمانانی بەم جۆرەیە، لە سایەی دەلیلەکانەوەیە دەژین. ئەو هەڤاڵانە هەڤاڵی بەم جۆرەن و لە تێکۆشاندا، لە کاتی بەردەوامی بەرخودانی گەورەی شاخی ئامێدیدا ئەو هەڤاڵە شەهیدبوو. فەرماندەی ئەوێ بوو. لە بواری سەربازیدا زۆر رۆڵی گێڕا. قارەمانی سەردەم بوو. تەواوی گەنجانی شاخ، وان و عەشیرەتی ئالان بەوەوە سەربەرز بن کە قارەمانێکی بەو جۆرە لەناو ئەوانەوە سەریهەڵدا.
هەڤاڵ بارانیش بەو شێوەیە بوو. خەڵکی ناوچەی چراوی بۆتان بوو. بەر ڕۆح و هەڵوێستی فیداکاری خۆی هێڵی ئاپۆگەری نوێنەرایەتی دەکرد. ئەو هەڤاڵانە هیچ کاتێک لە بیر ناچن. بوێری و فیداکارییان. وا بەستەبوونیان بە هێڵی ئاپۆیی و فیدایی بوونیان لە بیر ناکرێت کە ئەندامی هێزە تایبەتەکان بوون. ڕۆڵ و ئەرکیان وەرگرت. ڕۆڵی خۆیان بە بوێری ئەنجام دا. هەرسێکیان خەڵکی بۆتان بوون. نەریتی عەگیدی ئەوان جەوهەری کۆمەڵایەتی بۆتانیان لە دیرۆکی بۆتاندا نیشاندا. بوێری و فیداکاری یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوان بوون و نوێنەرایەتییان دەکرد. من بەم بۆنەوە بانگەوازی لە هەموو گەنجانی بۆتان و سەرحەد دەکەم. لەسەر ڕێچکەی ئەو عەگیدانە تێبکۆشن. بانگ لە هەموو گەنجانی کوردستان، گەلی هەرێمەکە دەکەم، نوێنەرایەتی ئەو عەگیدانە بکەن. لەسەر ڕێچکەی ئەوان خەبات بکەن. ئەمە نموونەی ئەوەیە کە هەر گەنجێک کەسێک چۆن ژیانی خۆی واتادار بکات کە نایهەوێت ژیانی بە فیڕۆ بڕوات. پێویستە لەسەر ڕێچکەی یاشار، دەلیل و باران خەبات بکات. بانگەوازی من بۆ هەموو گەنجان لەسەر ڕێچکەی قارەمانەکان بن. بەشداریی لە تێکۆشاندا بکەن. پێشەنگایەتی بۆ ڕاپەڕین بکەن. بەشداری لە نێو ڕیزەکانی گەریلادا بکەن. بەشداربوونمان لە ڕیزەکانی گەریلا بە هەڵوێستی وڵا پارێزی و میلیتانی لووتکەی هێژابوون و شەرەفە. ئێمە لەو بڕوایەداین گەنجان لە نەورۆزدا بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە دروشم بەرز دەکەنەوە. ئەوان هەمووان گەنجانی هێژای کوردستانن و ئەوان بە ڕاستی دەتوانن هێژای ئەوە بن کە بە هەموو شێوەیەک ڕۆڵی خۆیان ببینن. ئەنجامی گەورە بە دەست بێنن. بیر و باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە گەنجان بەم شێوەیە تێدەکۆشن. لە سەر ئەم بیر و باوەڕە ئێمە تێکۆشان بەڕێوە دەبەین و لەسەر ئەم بناغەیە ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی کوردستان بەرخۆدانێکی مێژووی بەڕێوە دەبات.
هەڤاڵانی هێژا لە نەورۆزدا لە عەفرین کۆمەڵکوژیەک ئەنجامدرا. عەفرین پێنج ساڵە رووبەرووی کوشتن، ئەشکەنجە، ڕفاندن و زوڵم دەبێتەوە. تاوەکو ئێستا بە سەدان خەڵکمان بە دەستی چەتە فاشیستەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک شەهید کراون. لەم دواییانەشدا ٤ برا، ٤ کەسمان کە ئاگری نەورۆزیان کردەوە، رووبەرووی هێرش بوونەوە و شەهید کران، ئێمە ئەم کۆمەڵکوژیە بە توندی شەرمەزار دەکەین و یادی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە. سەرەخۆشی لە خانەوادەیان و هەموو گەلی عەفرین دەکەین. ئەوان شەهیدی شۆڕشن. تۆڵەی دەکرێتەوە.
هەروەها لە ١٥ ئازار دا، لە ناوچەی بادینانی دهۆک ڕووداوێکی هەلیکۆپتەر ڕووی دا. ڕاگەیەندرا کە بە فەرماندەیی شەڕڤان ٩ ئەندامی قەسەدە کە ئەندامی هێزەکانی دژە تیرۆر (یات) بوون، شەهید بوون. بە گوێرەی زانیارییەکانمان ئەندامی دژە تیرۆر بوون و لە شەڕی دژی داعش دا جێگەی دەستیان دیار بوو. هەندێک گەنجیش کە پەروەردەیان بینیبوو، ببوون بە فڕۆکەوان. ئێمە دەزانین کە لە سەردەمی شێخ مەحموود بەرزنجیەوە تاوەکوو ئێستا هێزە هەگەمۆنەکان و داگیرکەران بە فڕۆکە گەلەکەمان بۆردومان دەکەن و لەم ڕۆژشدا داگیرکەران ئێمە بۆردومان دەکەن. بە فڕۆکە هێرشمان لە دژی ئەنجام دەدەن. هیچ ئامێرێکی بەو شێوەیەن نییە لە دەستی گەلەکەمان دا. بەڵام دیارە کە ئێستا ژمارەیەک گەنجی کورد فێری فڕۆکەوانی بوون و ئامێری فڕین بە کار دەهێنن. ئەمە جێی خۆشحاڵییە. ئێمە شەهیدبوونی ئەو فەرماندە و شەڕڤانانە بە زیانێکی گەورە دەبینین. وەک زیانێک بۆ هەموو کوردان دەبینین سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هەموو فەرماندەی قەسەدە، خانەوادەی شەهیدان و گەلی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین. ئەم ڕووداوە غەمگینیەکی زۆرە بۆ هەموومان. سەیری دەکەین، ژمارەیەک بەرپرسی باشووری کوردستان کاتێک باسی ئەم ڕووداوە دەکەن بە زمانێکی بێ ڕێزی کە هیچ خەمگینییەکی پێوە دیار نییە قسە دەکەن. هەر کێشەیەکی ناوخۆییش هەبێت، بەڵام پێویستە هەڵوێستێکی بەم شێوەیە بە تایبەتی بۆ ڕووداوەکانی بەم شێوەیە ئەم زمانە بە کار نەهێنرێت. دژایەتی دەبێت بەڵام ئەم جۆرە دوژمنایەتییە جێگەی سەر سووڕمانە. ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە ڕاستی نابینین. هەر کوردێک کە بە شەهیدبوونی شەڕڤانی کورد ئازار نەچێشێت، گومان لە کورد بوونی دەکرێت. ئەمە زیانێکە کە لە هەموو گەلی کورد کەوتووە. ئەو مرۆڤانە پەروەردە کراون. جێگەیان لە شەڕی دژی داعشدا دیارە. بە ڕێ دەکەون، رووبەرووی باران و زریان دەبنەوە. ڕێگەکەیان لێ تێک دەچێت و بەم شێوەیە ڕووداوەکە روودەدات. ئەمە جێگەی غەمگینییە. پێویستە بە شێوەیەکی ئەخلاقی و مرۆڤی هەڵوێست وەربگرین. پێویستە بەر لە هەموو شتێک غەمگینی خۆمان دەرببڕین.
هیوادارین هەر کەسێکی کورد ئەمڕۆ لەم سەردەمە گرنگەدا، بە تایبەتی پێداگیری لەسەر رزگاری و ئازادی گەلی کورد بکات و رۆحی وڵاتپارێزی بەهێز بکات. بەم شێوەیە رۆحی هەموو شەهیدانی چوار پارچەی کوردستان شاد بکەین و کوردستانێکی ئازاد بنیات بنێین. ئەوەی لە ئێمە داوا دەکرێت، ئەمەیە.
هەڤاڵانی هێژا؛ وەک دەزانرێت ساڵی ٢٠٢٢، ساڵی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەورەی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بوو. لەو ساڵەدا بە پێشکەوتنی بەرخۆدان و بە تایبەتی لە زاپ، ئاڤاشین ومەتینا، پلانەکانی دوژمن بۆ قڕکردن و داگیرکردن تێک چوون و ئەنجامیان بەدەست نەهێنا. بێگۆمان باجیش دراوە. زۆر داستانی قاڕەمانی دروست بوون. بەڵام دەستکەوتنی زۆر بۆ گەلی کورد بە دەست هاتن. و ئێمە بەم شێوەیە کەوتینە ساڵی نوێ، ساڵی ٢٠٢٣. ساڵی ٢٠٢٢ وەک ساڵێکی گرنگ تێپەڕی، دیارە ساڵی ٢٠٢٣ وەک ساڵی رابردوو گرنگ و مێژوویی دەبێت، لەم ساڵەدا ئەنجامی زیاتر بەدەست دەهێندرێت. بەشداربوونی گەلەکەشمان لە نەورۆزدا ئەوەی پیشاندا. ئەم ساڵ ساڵێکی ئاسایی نابێت. لەسەر ئەم بناغەیە بە رۆحی حەفتەی قاڕەمانی، سڵامان بۆ هەموو هەڤاڵان دەنێرین و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ٥١مین ساڵی ڕێپێوانی رێبەر ئاپۆدا، بە دڵ و گیان هیوای سەرکەوتن بۆ هەڤاڵان دەخوازین. جارێکی دیکە سڵاو بۆ هەموو لایەک."
ف.ق \ ژ.ت \ هـ.ب