ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤیدا کرد و بەرخودانی زاپ لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی هەڵسەنگاند.
چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بەم جۆرەیە:
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٩ مانگە لەناو گۆشەگیرییەکی دژواردایە، لەم بارەوە دەتانەوێت چی بڵێن؟
وەک دەزانرێت ساڵیادی ١٥ی ئاب نزیک دەبێتەوە. لە جێبەجێکردن و سەرخستنی ١٥ی ئابدا رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی زیندانی زۆرترین رەنج و هەوڵیاندا. جەژنی ژیانەوە لە سەرەتادا لە رێبەر ئاپۆ، لە سەرجەم هاوڕێیانی بەدیلگیراو پیرۆز دەکەم. هیوادارم کە لە سەر بنەمای هێڵی ١٥ی ئاب تێکۆشانی ئازادی بگاتە سەرکەوتن و هیواخوازم بۆ هەموو بەدیلگیراوان ببێتە مایەی ئازادی و دیموکراسی.
لە تورکیا ماوەی ٢٩ مانگە بە هیچ جۆرێک زانیاری لە بارەی زیندانێکەوە بەدەست ناخرێت. لەم سەردەمەیدا کە تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان بەرەوپێش چووە، جیهان وەک گوندێکی بچووکی لێهاتووە و هەموو کەسەکان ئاگاداری یەکترن، لە تورکیا بە هیچ جۆرێک زانیاری لەبارەی زیندانێکەوە نازانرێت. ئەوە دۆخێکی ئاسایی نییە، دۆخێکی نائاساییە. یاسا و ماف بخەینە لایەک، هەموو بنەما و پرەنسیپە مرۆیی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتییەکان پێشێل دەکرێن. نە بنەماڵە، نە خزمەکانی، هیچ کەسێک زانیاری لە بارەوە نییە.
گۆشەگیری بڕیاری کۆمەڵکوژکردنی کوردە
رێبەر ئاپۆ مرۆڤێکی ئاسایی نییە، رێبەری گەلی کوردە. خودی دەوڵەتی تورک بەر لە ئێستا ئەوەی قەبوڵ کردووە و لە سەر ئەو بنەمایە دیدار ئەنجام دران. گەلەکەمان چەند کەمپینی واژۆیان سازکرد. بەرلەئێستا دەیان ملیۆن واژۆ کۆکرانەوە و لە بروکسەل لە ژێر چاودێریدا رادەستی هێزە نێونەتەوەییەکان کران. لەم دواییەدا لە رۆژئاوای کوردستان هەڵەنەبم نزیکەی ٣ ملیۆن واژۆ کۆکرایەوە و رادەستی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرا. واتە رێبەری گەلی کوردە، رێبەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە. زیاتر لە گەلی کورد گەلانی هەرێمەکە رێبەر ئاپۆ وەک چارەسەری پرس و کێشەکان دەبینن. کەسایەتیەکی بەو جۆرەیە کە لە ئاستی فەیلەسوف روانینی خۆی هەیە، پاڕادایمی خۆی هەیە. واتە مرۆڤێکی ئاسایی نییە. بەڵام دەوڵەتی تورک بە پێداگرییەوە گۆشەگیری، دابڕاندن و ئەشکەنجەی دەرونی دەدات. ئەوە پلانبۆداڕێژراوە. بڕیارێکە. بڕیاری چییە؟ بڕیاری لەناوبردنی ئیرادەی گەلی کوردە، بڕیاری قڕکردن و جینۆسایدی گەلی کوردە.
ئەگەر دەوڵەت بڕیارێکی لەو جۆرە نەدابایە، ئەگەر دەوڵەت بیویستایە لەگەڵ کوردەکان لەناو ئاشتیدا بژی، باشترین بەردەنگ و جێگرەوە بۆ ئەوان رێبەر ئاپۆیە. ئەوانیش بەوە دەزانن. رێبەر ئاپۆ لەو بابەتەدا دەتوانێت ببێتە هێزی چارەسەری. بۆچی پەنا بۆ ئەو شێوازە نابەن، لەبری بە شێوەی نائاسایی هەموو پێودانگە یاسایی، ئەخلاقی و مافەکان پێشێل دەکەن، بەم جۆرە لەسەر ئیمراڵی، لە دژی رێبەر ئاپۆ و ئەو سێ هەڤاڵەی لەگەڵیدان ئەم سیاسەتە دەگرنەبەر؟ لەبەر ئەوەی دەوڵەت بە کۆنسێپتی لەناوبردنی بەئیرادەبوونی گەلی کورد دەجوڵێتەوە. دەوڵەتی تورک نایەوێت شتێک بە ناوی کوردایەتی بمێنێتەوە. لەبەر ئەوە نایەوێت کوردان بە ناسنامەی خۆیانەوە هەبن. تەنیا دەیەوێت ئەوانەی کۆیلایەتیان قەبوڵ کردووە درێژە بە ژیانیان بدەن. نایەوێت گوێی لە ناوی کوردانیش بێت. ئەو کۆنسێپتەی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن بەڕێوەی دەبەن ئەمەیە.
ئەم هەڵوێستە لە دژی گەلی کورد، لە دژی هەبوونی گەلی کوردە. دەبێت گەلەکەمان بەوە بزانێت کە بە گوێرەی ئەوە هەڵوێستێکی تێکۆشان بەرێوەببات. واتە دەبێت هەموو تاکێکی گەلەکەمان بزانێت کە سیاسەتی دەوڵەتی تورک کە لە ئیمراڵی لە دژی ئەوانە. ئەو سیاسەتە مەترسیە و بەئامانجی لەناوبردنە. تا کەی ئەو سیاسەتە هەبێت مەترسی لەناوبردن لەسەر گەلی کورد دەبێت و لە رۆژەڤدا دەبێت. دەبێت گەلەکەمان ئەوە ببینێت و بە گوێرەی ئەوە مامەڵە بکات.
دەبێت ئێمە قۆناغی سەرهەڵدان دەستپێبکەین
بێگومان ئەوە دەتوانێت تێکبدرێت. بە تێکۆشانێکی گەل بە بەشدارییەکی بەرفراوان دەبێت تێکۆشان باشتر بەڕێوەببرێت و ئێمە ئەو سیاسەتە تێکبدەین. دەبێت پێیان نیشان بدەن کە لەم سیاسەتەدا ناتوانن بگەنە ئەنجام. ئەوان ناتوانن سەربکەون؛ ناتوانن گەلی کورد بێ ئیرادە بکەن، ناتوانن گەلی کورد لەناوببەن، ناتوانن سیاسەتی قڕکردن لە کوردستان زاڵ بکەن. گرنگە بە هەموو شێوە و رێبازێک ئێمە ئەوە بەوان نیشان بدەین. بۆ ئەوەش ئێمە خۆمان بە رێکخستن بکەین، دەست بە چالاکی و قۆناغی سەرهەڵدان بکەین. پێویستی بەوە هەیە. ئەگەر گەلەکەمان بە شێوەیەکی جەماوەری بێتە مەیدان، نەک هەر بە واژۆ بەڵکوو بە هەڵوێستی خۆی ئیرادەی نیشان بدات، ئەو کاتە دەتوانرێت پاشەکشێ بە دوژمن بکرێت، دەتوانرێت ئەم سیاسەتی گۆشەگیرییە تێکبشکێندرێت.
لەلایەکی دیکەوە تا ئەم سیاسەتە هەبێت لە تورکیا یاسا و دیموکراسی بەرەوپێش ناچێت. دیموکراتە راستەقینەکان لە تورکیا دەبێت ئەوە ببینن. تا گۆشەگیری، کردەوەی نایاسایی، پێشێلکردنی پێوان و بنەماکان هەبێت ئایا ئەو دەوڵەتە چۆن دیموکراتیک دەبێت، چۆن دەرفەتی دیموکراسی دەڕەخسێندرێت؟ ئەو کردەوە نایاساییە رێگە بۆ هەموو کردەوە نایاساییەکانی دیکە دەکاتەوە. واتە گۆشەگیری لە سەر تەواوی گەلی کورد و دیموکراسی تورکیا بەڕێوەدەبرێت. لە دژی داهاتووی گەلانە. لەبەر ئەوە دیموکراتە راستەقینەکان لە تورکیا دەبێت دژی گۆشەگیری بوەستنەوە. لە تورکیا ئەوانەی دیموکراسییان دەوێت، رۆشنبیرانی راستەقینە کە لە تورکیا داوای دیموکراسی دەکەن، دەبێت بەرامبەر ئەوە بوەستنەوە. بینیمان بەڕێز مەردان یانارداغ وەک کەسێکی بوێری دروست چەند قسەی کرد، رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست دەستبەجێ گرتیان و خستیانە زیندان. ئەمە لە کاتێکدایە کە کەسێکی ناسراوە، دەرهێنەری پەخشی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنییە؛ رۆشنبیرێکی تورکیایە کە داوای دیموکراسی دەکات. هەموو کەس دەزانێت کە ئەو کەسە لە سەر بنەمای هێڵی کەمالیزم تێدەکۆشێت، بەڵام کاتێک شتێکی راست دەڵێت راستەوخۆ دەخرێتە زیندانەوە. بە کورتی نایانەوێت دیموکراتەکانی تورکیا لە دژی ئەو کردەوە نایاساییە دەنگ هەڵبڕن. بۆ نمونە کورد ئەگەر هەمان شت بڵێن، راستەوخۆ ناخرێنە زیندانەوە. لەبەر ئەوەی لە کوردستان کورد، سیاسەتمەدارانی کورد، رۆشنبیرانی کورد، پارێزەرانی کورد هەموو رۆژێک ئەوە دەڵێنەوە. هەموویان وتیان، 'رێبەر ئاپۆ ئیرادەی گەلی کوردە، سەرۆکی گەلی کوردە، زیندانییەکی سیاسیە، ئاستی فەیلەسوفی هەیە. لە تورکیا گۆشەگیری هەیە، ئەو گۆشەگیریە نایاساییە'. هەموان هەموو رۆژێک ئەوە دەڵێن. لە پەرلەمانی تورکیاش دەوترێت. بڕوانن؛ مەردان یانارداغیان زیندانی کرد. لەبەر ئەوەی نایانەوێت ئەو لایەنانە شتی بەو جۆرە بڵێن. بۆ ئەوەی پەیامێک بدەن بە رۆشنبیرانی تورک ئەوە دەکەن.
ئەوانەی دەیانەوێت بەرامبەر کردەوەی نایاسایی بوەستنەوە، ناکرێت بەرامبەر بە گۆشەگیری بێدەنگ بن
واتە ئەوە بابەتێکی دیموکراسی و ئازادییە، بابەتێکی مرۆییە. ئەوانەی دەیانەوێت خاوەنداری لە مرۆڤایەتی بکەن، ئەوانەی دەیانەوێت بەرامبەر هەموو جۆرە نایاساییەکەوە بوەستنەوە دەبێت لە بەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگ نەبن. ئەگەر گەلەکەمان دەیەوێت بوونی هەبێت، دەیەوێت دۆزی هەبوو جێبەجێ بکات، دەبێت دەنگی خۆی بەرامبەر گۆشەگیری بەرزبکاتەوە. لەبەر ئەوەی بەر لە هەموو شتێک ئەو گۆشەگیرییە بەرمابەر گەلی کوردە، تەنیا بەرامبەر بە یەک کەس نییە، لە بەرامبەر کۆمەڵگایەکە. هەربۆیە بابەتێکی تێکۆشانە. بانگی من ئەوەیە کە لە دژی گۆشەگیری و سیاسەتی قڕکردن تێبکۆشن. تەنیا بەو جۆرە دەتوانرێت گۆشەگیری تێکبشکێنرێت. بە تێکۆشانی جەماوەری بەرفراوان ئێمە دەتوانین سیاسەتی قڕکردن و جینۆساید لەسەر کوردستان تێکبشکێنین، کە لە ئیمراڵی وەک گۆشەگیری بەڕێوەدەبرێت.
ئێمە لە ٣٩ یەمین ساڵیادی هەنگاوی ١٥ی ئابداین . پێش جەژنی ژیانەوە لە کوردستان زەمەنێکی تاریک لە کوردستاندا هەبوو و گۆڕابوو بۆ ناوەندێکی دواکەوتن. ١٥ی ئاب چ جۆرە گۆڕانکارییەکی لە کوردستان هێنایە ئاراوە؟
بەر لە هەموو شتێک جەژنی ژیانەوە لە گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان و لە هەموو هەڤالان پیرۆزدەکەم . لە شەخسی فەرماندەی نەمر عەگید (مەعسوم کۆرکماز) و زیلانی فیدایی (زەینەب کناجی) شەهیدانی شۆڕشمان لە کوردستان بەبیر دێنم ئەو بەڵێنەی کە پێمان دابوون دووبارەی دەکەمەوە.
چەند ڕۆژی ڕابردوو سەدەمین سالیادی پەیمانی لۆزان بوو. گفتوگۆی زۆر کرا. لۆزان لەسەر کوردستان پەیماننامەی جینۆسایدە. بەم شێوەیە پێناسە کرا. راستە لە چوارچێوەی لۆزاندا لە کوردستان بەتایبەتی لە باکوری کوردستان سیاسەتی قرکردنێکی سیستماتیک بەڕێوەچوو. لە ساڵی ٥٠ی لۆزاندا واتە ساڵی ١٩٧٣ کۆمەڵگەی کوردی لە لێواری مردندا بوو. وەک نەخۆشێک لەبەر مردن دا بوو. لەم کاتەدا هەنگاوەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی زۆر مێژوویی بوو. سەرەتا گروپی ئایدیۆلۆژی دروست بوو، دواتر پارتی بوون دروست بوو و خەبات کرا. دوژمن بەم کارەی زانی و هەستی پێکرد. لەناو تەڤگەری شۆڕشگێری گشتیدا پێشکەوتن دروست بوو و لەبەرانبەر ئەم شتەشدا دەستێوەردانی سەربازیان کرد. رژێمی سەربازی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ لە تورکیا بوو بە دەسەڵاتدار . سیاسەتی قرکردن زیاتر توندتر کرا.
بەرخۆدانی زیندانەکان بە هەنگاوی ١٥ی ئاب زیاتر وێنا کرا
لە بەرامبەر ئەمەدا سەرەتا لە زیندانەکاندا بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجامدرا و دواتر بە سەرکردایەتی هاوڕێ عەگید هەنگاوی ١٥ی ئاب وێناکرا. بێگومان ئەمە ئاسان نەبوو. ئەو کاتە گەڕانەوە لە فەلەستینەوە بەرەو وڵات ئاسان نەبوو. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک کوردستانی کردبوو بە زیندانێکی سەرئاوەڵا. زوور سەخت بوو. ئەوکات کادیرانی تەڤگەرە کەمان جوگرافیای کوردستانیان نەدەناسی. بۆ نمونە ئەو گروپە دەبوو بە کۆمپاس (جەمسەرنوێن) و نەخشە بچنە بۆتان، گارزان و زۆر ناوچەی تر و بەم شێوازە هەرێمەکانیان بناسیبایە. دژواری و تەنگو چەڵەمەکان زۆر بوون، بەڵام بروابەخۆبوون و بریارداریمان بەهێز بوو. گروپەکان بچووک بوون بەڵام باوەرییان گەورە بوو. بە ماندووبوون و تێکۆشان بەم شێوازە بناغە دانرا. هەنگاوەکە جێبەجێ کرا و زۆر کەس بە شێوازی جیاواز هەڵسەنگاندنیان بۆ کرد. بەڵام بۆ گەلی کورد مانای زۆری هەبوو. ڕاگەیاندنی شەڕێکی چەکداری راپەرینێکی ئاسایی نەبوو. زۆر مانای هەبوو. بۆ کۆمەڵگایەک کە لە خەو بەئاگاهاتوو، بوو بە روناکی و بوو بە قەڵەمبازێک.
بەر لە هەموو شتێک لە رووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم هەنگاوە لە پێشەوە بوو. ڕاستە لایەنێکی لەشکریش هەبووە و لە لایەنی لەشکریەوە بە ڕۆحێکی فیدای ئەنجامدرا. لە ماوەی خولەک و نیوێکدا بارەگای جەندرمەی دهێ کۆنترؤلکرا. بە پێشەنگایەتی ئەرداڵ و بەدران هێرشێکی وەها فیداییانە و بەهێز ئەنجامدرا. لە شەمزینان گۆزلوکلو عەلی و زەکیان (ئەمین تاشتان) بە هەمان شێوە مامەڵەیان کرد، واتە لایەنی سەربازی خۆی هەبوو، بەڵام لایەنی سیاسی لە پێشەوە بوو، پەیامێکی دا. وەستانەوە بوو لە بەرانبەر کۆیلەکردنی کورد، شکاندنی زنجیری کۆیلایەتی بوو. ئەو کوردانەی لە سەرەمەرگدابوون بەم شێوەیە هەستانە سەر پێ، بەهێز بوون و رژانە گۆڕەپانەکان. سەرهەڵدان ئەمە بوو. سەرهەڵدانەکانی ساڵی ١٩٩٠ بەم شێوەیە دەستی پێکرد. ئێمە بەمە ئەڵێین شۆڕشی ژیانەوە. واتە سەرلەنوێ زیندووکردنەوە. هەروەها ئەمەش شۆڕشێکی فیکریی دروستکرد، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دروستکرد، بناغەی شۆڕشی ژنانی دروستکرد و بەرێوەی برد و نەتەوەبوونی ئافراند. لە باکوور رۆڵێکی بەم جۆرەی گێڕا . لە ساڵی ١٩٨٨ کە کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە باشووری کوردستان ڕوویدا، پێشمەرگە کشایەوە و شەڕەکە وەستا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی ئازادیخوازی کورد گەیشتبووە ئاستی پاشەکشێ، واتە بێدەنگیەک هەبوو. لە سەردەمێکی وەک ئەمانەدا، واتە لە ساڵانی ١٩٨٨، ٨٩، ٩٠ و ٩١، سەرهەڵدانی گەریلا لە باکووری کوردستان بوو بە ڕووناکی و هیوایک بۆ هەموو کوردستان. بەو کاریگەرییە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دەستی بە راپەرین کرد. واتە لەسەر ئاستی نەتەوەی کاریگەرییەکی هێندە بەهێزی هەبوو . بێگومان هەموو ئەمانە بە رەنجی ڕێبەر ئاپۆ و بە رەنج و فیداکاری شەهیدان کرا.
تا ئەمڕۆش هێڵ و ڕۆحی ١٥ی ئاب لە کەسایەتی گریلاکانی ئازادی کوردستان و لە هەموو ویلایەتەکانی کوردستان لە باکور و زاپ ، لە ناوچەکانی پاراستنی میدیا، بە بەرخۆدان وخۆڕاگری بەڕێوە دەچێت. دوژمن تا ئێستا چەندین جار هێرشی کردووە. کاتێک چالاکییەکەی ١٥ی ئاب ڕوویدا، کەنعان ئەڤەرن وتی، 'هەرکەسێک ئەو کارەی کردبێت، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا، سەربازەکانمان هێرشیان دەکەنە سەر، لە ژێر هەر بەردێکدا خۆییان شاردۆتەوە دەیان گرین و ئەیاندەین بە دادگا'. ئەو ٧٢ کاتژمێرە هێشتا بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو ساڵێک دەڵێن 'ئەمساڵ تەواویان دەکەین" . واتە زیاتر گەشەی کرد، بەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ درۆستی کرد لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان فکری ئافراند. ئەو فکرەی کە دروستیکرد لە کوردستان بوو بە بناغەی داهێنان، گۆڕانکاری و ئەو ئاستە ڕۆحە شۆڕشگێرانەیەی ئێستا، لە سایەی ئەم هەنگاوەدا دروست بووە. هەر بۆیە جارێکی تر لە گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان و هەموو لایەک پیرۆزی دەکەین.
تورکیا سانسۆرێکی قورسی خستە سەر شەڕی باکوری کوردستان
لە باکوری کوردستان لەم دواییانەدا شەڕێکی قۆرس ڕوویدا. لە دێرسیم و خیزان و دواجاریش لە نسێبین شەڕ ڕوویدا. بە گشتی دەتەوێت چی لەسەر تێکۆشان لە باکوور بڵێیت؟
لەم ساڵانەی دواییدا شەڕی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین زیاتر لە پێش بوو. پێش ئێستا ڕۆژئاواش بە هەمان شێوە بوو . بەڵام لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا شەڕ لە باکوری کوردستان نەوەستاوەو بەردەوامە. ڕای گشتی ناتوانێت زۆر بەدواداچوون بکات چونکە دەوڵەتی تورک سانسۆرێکی زۆر قورس دەسەپێنێت. تەنها کاتێک زیانی گیانیمان هەبێت هەواڵەکەی بڵاودەکەنەوە، زیانی گیانیمان نەبێت، هەرگیز بڵاویناکەنەوە. بۆ نموونە ئێستا لە ئاگری/گلیداخ ماوەی ٢ مانگە وەک ساڵەکانی ١٩٣٠چون سوپا هەمیشە لە ئۆپراسیون دا بوو، ئێستاش ئۆپەراسیۆنێکی بێ وەستان لە گلیداخ هەیە و زۆرجار شەڕ ڕوودەدات. پەیوەندیمان لەگەڵ هەڤالانمان لەوێ هەمیشە نییە، هەندێک جار پەیوەندی دروست دەبێت. هەندێکجار نامەی دەنگی دەنێرن. قیامەتە. لە دژی هێرشی دوژمن بەرخۆدان هەیە. بەڵام بەو پێیەی هیچ زیانێکی گیانیمان نییە، دەوڵەتی تورک هیچ باسی ناکات. بۆ نموونە ئەمساڵ لە سەرەتای ساڵەوە فەرماندەی دێرسیم یاشار بۆتان و شەڤگەر و ئارژین شەهید بوون، ئەوان هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە. ماوەیەک پێش ئێستا هەڤاڵ شۆرش دیلۆک و هەڤال تێکۆشەر دەرسیم شەهید بوون ١٥ رۆژ لەمەو بەر بڵاویان کردەوە . واتە ٢ جارە کاتێک شهید درۆست دەبن رای دەگەینن و باسی دەکەن. بەڵام لە دێرسیم هەمیشە ئۆپەراسیۆن هەیە. زۆرجار شەڕ ڕوودەدات. وەکۆ تر ئامەدیش هەمان شتە. دواجار هاوڕێی خێمگین سەرحەد و هەڤاڵێک کە لەگەلی شەهید بوو. ئەمەیان دا بە رای گشتی، پێش ئەوە هەواڵی چەند هەڤاڵێکی دیکەیان راگەیاند. جگە لەوەش لە ماردین، فەرماندەی بەڕێز جانشێر ڕۆژهەڵات لەگەڵ دوو هاوڕێ شەهید بوون. ئەمەشیان دا بە رای گشتی. لە بۆتان، لەیلا سورخوین و کۆمەڵێک هاوڕێی ژن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک شەڕیان کرد. بە پێشەنگایەتی هەڤال لەیلا و هەڤال ڕۆژبین گەڤەر لە بەستا لە شەڕدا گەلێک گۆرزی مەزنیان لە لە دۆژمن دا. دوژمن ئەوکات تەنها هەواڵی شەهیدبوونی هەڤاڵانی بڵاوکردەوە . لە جیلۆش بە هەمان شێوە ؛ هەڤال علی شێر شەهید بوو، ئەوان هەواڵەکەیان راگەیاند. لە هەرێمێکی جیاواز لە سەرحەد هەڤاڵ هێژار زۆزان و هەڤاڵ باگەر شەهید بوون. ئەوەشیان راگەیاند.
واتە ئەگەر شتێک هەبێت خزمەتی پڕۆپاگەندەی شەڕی تایبەتی ئەوان بکات، ئەوا بڵاویدەکەنەوە. پڕۆپاگەندە چییە؟ هەمیشە دەڵێن 'ئێمە لێدەدەین، دەکوژین، تەواو دەکەین'. چەند ساڵێکبوو سولەیمان سۆیلو دەیوت 'ئەمساڵ تەواو دەکەین'. ئەمساڵ ئەوەندە شەڕ ڕوویداوە، شەڕ لە هەموو ئەیالەتەکانی باکوری کوردستان ڕوویداوە و دوژمن خۆی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێیانی ئێمە زانیاری لەسەر ئەم شەڕە داوە. لەم دواییانەشدا لە گارزان ٢٦ ڕۆژ قیامەتیان هەستاند. هەزاران سەرباز، دەیان هەلیکۆپتەر، فڕۆکە، فڕۆکەی سیخوڕی، جەردەوان، چەتە هەموویان بەشدارییان کرد. ئەوان دەیانویست گەمارۆ بدەن و بیگرن، بەڵام بینیمان ئەو عەگیدانەی لەوێن چۆن شەڕیان کردووە. ئەو فیداکاریی و خۆڕاگرییەی هەڤاڵ ڕێدور سیسەر و ئەردەم ئارارات لە جیهاندا نموونەی نییە. واتە لە بەرانبەر ئەو هەموو دژوارییە دڵسۆزی خۆیان بۆ ئەو رێبازە نیشان دا. لە کۆتاییدا دەوریان لە هەڤال ڕێدور دا و و وتیان 'خۆت بەدەستەوە بدە'. بەڵام هەڤاڵ ڕێدور تا دوا فیشەک بەفیداییانە شەڕی کرد و شەهیدبوو. بێگومان ئەمە شتێکی زۆر شەرەفمەندانە و بەنرخە. ئەوە عەگیدییە . هەڵکشانی ئاستی گیانبازییە، لە بنەڕەتدا گەریلاکانی باکوور هەموویان لەسەر ئەم بنەما و فیداکارییە هەنگاو دەنێن.
لە باکوور شەڕێکی قارەمانانە هەیە
بۆ نموونە ئەو شوێنەی کە شەڕەکە زۆر تێیدا توندە باکوورە. لەم دواییانەدا لە نسێبین هەڤالێک دەچێتە سەر ئەرکێک، لەوێ دوژمن پێی دەزانن و شەڕ روودەدات. دوژمن بە گۆێرەی خۆی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر زانیارییەکانمان پێگەیشت. ئەو هەڤالە تا کۆتایی شەڕ دەکات و دواجار شکۆی شۆڕشگێڕانەی ڕێگەی پێنادات دەستی خۆبەدەستەوەدان بەرز بکاتەوە و بەمجۆرە بە گیانبازییەوە شەهید دەبێت. ئەم ڕووداوانە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕوویانداوە. هەم کەسایەتی هەڤاڵ ڕێدور سیسەر و هەم کەسایەتی هەڤاڵ دەستان بۆتان لە نسێبین هێڵی ئەم سەردەمەن. هەڵوێستی دەستان بۆتان و ڕێدور سیسەر و ئاردەم ئارارات درێژەپێدەری هەڵوێستی هاوڕێ خەبات و زانایە، کە ساڵی ڕابردوو لە ماردین بە بەرخۆدان شەهید بوون. ئەمە پێوانێکە .
بە کورتی شەڕێکی لەم شێوەیە لە باکوور بەڕێوەدەچێت . لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە شەڕ لەسەر هێڵی قاشورا هەیە. شەڕ بەردەوامە. چونکە ئەمڕۆ باسیان کرد. رەنگە لەوێ شەهید مان هەبێت، بەڵام ئاگاداریەکی روون نەگەیشتوتە دەستمان .
بە کۆرتی لە باکوور شەر و بەرخۆدان بە قارەمانێتیەوە هەیە. ئەو هەڤاڵانەی کە ناوم هێنان و ئەوانەی کە ناوم نەهێناون، لە سەرەتادا هەڤاڵ لەیلا سورخوین، جانشێر رۆژهەڵات و خەمگین سەرحەد و هێژار زۆزان، یاشار بۆتان و علی شێر و لە کەسایەتی ئەوان دا هەموو شەهیدەکانمان بە ڕێزداری یادیان دەکەمەوە، ئەوان پێشەنگمانن، فیداییەکانی سەردەمن. ئازایەتی و قارەمانێتی ئەوان هەمیشە ڕێگاکەمان ڕۆشن دەکاتەوە.
لێرەدا دەمەوێت شتێکی تر بڵێم: بە تایبەت لەم کاتەدا هەم لە باکوور و هەم لە ناوچەکانی تری شەڕدا، ڕۆڵ و ئەرکی ژنانی کورد کە نموونەیەکی مێژووییە کە نیشان دەدات هێز و ئیرادەی ژنانی کوردی ئازادیخواز بە چ شێوازێکە. هەڤاڵ لەیلا تەنها فەرماندەی یەژا ستار نەبوو، فەرماندەی تەواوی ناوچەی بۆتان بوو. ڕۆڵێکی لەم شێوەیەی هەبوو. فیداکاری و پێشەنگبوونی دەستان بۆتان و ئاردەم ئارارات و هێژار زۆزان هەرگیز لەبیر ناچێت. ئەوان فیداین. هەریەکەیان وەک شێرێکن، بەڕاستی بوێری و پێشەنگی ئەوان بەنرخە. جێگای شانازییە بۆ گەلەکەمان. جێگای شانازییەکی گەورەیە و سەرچاوەیەکی گەورەی سەربەرزییە بۆ هەموو ژنانی کورد. ئەوان بە تایبەتی بەبیر دێنم .
چەقی هێرشە داگیرکەرییەکان لە زاپە
لەو شەڕەی کە ئێستا ناوەند و چەقەکەی زاپە، دوایین پێشهات و دۆخەکە بە چ شێوەیەکە؟
وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست-قڕکەر لە ساڵی ٢٠٢١ بە هێرشەکانی بۆ سەر گارە ویستی لە ماوەیەکی کورتدا هێڵی باشووری کوردستان کە ئێمە پێیدەڵێین هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، داگیری بکات. نەکرا؛ ویستیان ساڵی دواتر داگیری بکەن، بە بەرفراوانی هاتن و ئەمساڵیش بەهەمان جۆر بوو. واتە سێ ساڵە دەوڵەی تورک هەوڵ دەدات زاپ داگیربکات و لەوێ جێگیر بێت. ئەوە هێشتاش بەردەوامە، لەوێ شەڕێکی دژوار هەیە. بێگومان نەک هەر لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای زاپ، بەڵکوو لە وێش هەیە، لە مەتینا، هەفتانین و خواکورکیش شەڕ هەیە. لەسەر هێڵی باشوور لە زۆر شوێن بەرخودانی بەو جۆرە دەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ چەق و ناوەندەکە زاپ.
ئەم شەڕە کە لە زاپ ٣ ساڵە بەردەوامە نەک هەر لە مێژووی بزوتنەوەکەماندا، لە مێژووی گەلی کوردیشدا لاپەڕەیەکی نوێیە. ئێمە لەسەر مێژووی بەرخودانی کوردستان لێکۆڵینەوە دەکەین. هیچ بەرخودانێک، وەک ئەوەی زاپ سێ ساڵ لە هەمان سەنگەردا ئەنجام نەدراوە. سەرباری ئەوەی کە بە گوێرەی سەردەم هەموو جۆرە چەکێک بە دەست دوژمنەوەیە، ئەم دۆخە بەم جۆرە بەڕێوەدەبرێت. هەروەها دوژمن لە بەرامبەرمان هەموو چەکێکی مۆدێرن بەکاردەهێنێت. لەبەر ئەمە شەڕی مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ نییە، شەڕی تەکنەلۆژیایی ئاسامانی، شەڕی تەکنەلۆژیایە. ئەمە سێ ساڵە بەردەوام بەکاردەهێنرێت. کێ چوزانێت چەند تۆن تەقەمەنی لەهەر مەترسێکی چوارگۆشەی زاپدا کەوتووەتە خوار.
سەرکەوتنی بەرخودانی زاپ دەستی حکومەتی باشوور بەهێزتر دەکات
بەڵام دەوڵەتی تورکی خائین و ترسەنۆک بەوە نەوەستایەوە، لە دژی ئێمە چەکی قەدەغە، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و کیمیایی بەکاردەهێنێت. وێڕای بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراویش، بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی نوێ و جێگیرکردنی دەیان هەزار سەرباز و جەردەوان و یارمەتییەکانی هێزی پەدەکەی باشوور، تائێستا سەرنەکەوتووە. واتە بەرخودان لەپێناو گەلەکەمان هەڵکشاوە بۆ ئاستێکی گرنگ. بۆ هەموو گەلی کورد مایەی شانازییە. واتە کچ و کوڕانی کورد سێ ساڵە لە دژی تەکنەلۆژیای سەردەم شەڕی ئیرادە دەکەن. بە چەکی سوک ئەم شەڕەدەکەن. دوژمن ناتوانێت بێتە ناوەوە و داگیر بکات. رەنگە هاتبێتە هەندێک ناوچەوە، بەڵام لە هەموو شوێنێک نییە. ناتوانێت بێتە زۆر شوێنەوە. بەراستیش ئەمە دەستکەوتە بۆ گەلەکەمان.
بە گوێرەی ئێمە سەرکەوتنی بەرخودان لێرە و سکستی دەوڵەتی تورک دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی باشووری کوردستان بەهێزتر دەکات. سکستی دەوڵەتی تورک لێرە بۆ هەموو کوردان دەبێتە دەستکەوتی زۆر گرنگ. لە مێژوودا ئەمە یەکەم جارە. بەر لەوەش لە سەردەمی عوسمانیەکانیش بەم جۆرەبوو، لەسەردەمی تورکەکانیشدا بەم جۆرەبوو. کاتێک هێرشیان دەکردە سەر بزوتنەوەکانی کورد، لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامیان دەگرت. بەڵام ئێستا بڕوانن، ٨ ساڵە لە دژی ئێمە شەڕ دەکەن. ئەو هەموو هاوڕێیەمان لە زینداندان، ئەو هەموو سیاسەتمەدار زیندانی کراون، ئەو هەموو هاوسەرۆکانی شارەوانی لە ئەرکەکانیان لادراون و راپێچی زیندان کراون، ئەشکەنجەی دەروونی بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ بەکاردەهێنن، لەسەر گەریلا شەڕێکی بەو رادەیە بەرفراوان لە ئارادایە. ئەوە سێ ساڵە ئەم هێرشە بە بەرچاوی هەموو کەسەوە ئەنجام دەدەن.
قەڵاکانمان تونێلەکانی ژێر زەوین
بێگومان، هەندێک فاکتەریش هەیە. هەم بڕوا و کۆڵنەدان لە گەریلادا، هەمیش فراوانکردنی تاکتیکی کە ئەنجامیداوە، هەمیش دەوڵەمەندی تاکتیکی کە بەرەوپێشی بردووە و هەمیش نوێبوونەوە کە لە خۆیدا خوڵقاندوویەتی، بناغەی ئەوەی دروست کردووە. لەمرۆدا تیمی پسپۆڕ لەگەڵ تیمی گەڕۆک و نیمچە گەڕۆک لە گۆڕەپانەکاندا دەجەنگن. هەروەها شەڕی ژێر زەوی بەڕێوەدەچێت. وەک چۆن پێشتر ئەو قەڵایانە هەبوون کە مرۆڤەکان بە مانگان و بە ساڵان تیایاندا خۆڕاگرییان دەکرد، ئێستاش قەڵاکانی ئێمە تونێلەکانی ژێر زەوین. هەر تونێلێکمان قەڵایەکە. سەرباری ئەوەی دوژمن هەموو تواناکانی خستووتە ئامدەباشیەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی ساڵ و نیوێک هێشتاش نەیانتوانیوە بیانڕوخێن.
هەڵبەت ئەو شەڕە تەنیا شەڕی خۆپاراستن لە تونێلەکاندا نییە. نا! لە گۆڕەپانەکانیشدا شەڕی دژوار هەیە شەڕێک بە رێبازی پاراستنی ئاکتیڤ بەڕێوەدەچێت. هەربۆیە پاراستن و هێرشیشی تێدایە. بۆ نمونە دوژمن قەبوڵی کرد کە لە زاپ ٥ سەربازی کوژراون و هەندێکیش برینداربوون. دوژمن دانێدانانێت، بەڵام هەموورۆژێک کوژراویان هەیە. بەڵام دەوڵەتی تورک ئەوانە لەگەلەکەی و لە هەمووان دەشارێتەوە. ئەمە راستیەکە. بێگومان. بێگومان ئەم شەڕە زۆر گرنگە و ئێستاش بەردەوامە. ئێمە لێرە ستراتیژ بەرەوپێش دەبەین، رێبازی تاکتیکی بەرەوپێش دەبەین. ئێمە دەڵێین، 'ئێمە لێرە سەردەکەوین'. ئێمە رایدەگەیەنین کە سەرباری توانا و دەرفەتی ناهاوسەنگ و نابەرابەر ئێمە سەردەکەوین. بەڵێ؛ لەلایەکەوە ژمارەیەکی زۆر چەک و سەرباز هەیە، لەلاکەی ترەوە چەک و ژمارە کەمن. بەڵام لەو لایەی کە ژمارە کەمە ئیرادە گەورەیە؛ خاوەن وشیارییە، گیانبازە و لە سەر دۆزێکی رەوایە. لەم رووەوە ئێمە بەهێزین. لەبەر ئەوە دەڵێین 'ئێمە لە کۆتاییدا سەردەکەوین'. ئێستا دۆخەکە بەم جۆرەیە و بەرەو سەرکەوتن دەبرێت. دەبێت گەلەکەمان بزانێت، قەڵای بەرخودانی گەورە هەیە، ئەو هونەر و بەرخودانەی لێرە بەڕێوەدەبرێت، بە پیتی زێرین لە مێژوودا جێگەی خۆی دەکاتەوە. لەبەر ئەوە ئەمە شتێکی ئاسایی نییە؛ شتێکی نائاساییە، گرنگ و مێژووییە. ئێستاش بەم جۆرە بەردەوامە و سەردەکەوێت.
لە زاپ شەڕێکی گیانبازی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەداخەوە جارێکی دیکە هێڵی داردەست-خائین لە ئارادایە. پەدەکە لە ھەرێمی ڕۆژئاوای زاپ دەستی بە جموجۆڵ کردووە. لە زۆر ڕووەوە یارمەتی سوپای تورک دەدات و جێگەیان بۆ دەکاتەوە. هۆکاری ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی پەدەکە چییە؟ ئامانجی پەدەکە لەگەڵ ئەوان چییە؟
پێموایە پێویستە شتێک لەم بارەیەوە بوترێت. کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، لە ساڵی ١٨٠٦ لەگەڵ ڕاپەڕینی عەبدوڵا بابانزادە لە کۆیە، یەکەم سەرھەڵدانی گەلی کورد لە دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕوویدا. ٢١٧ ساڵ بەسەر ئەو سەرھەڵدانە تێپەڕیوە. لەو کاتەوە دەوڵەتی تورک هەم لە سەردەمی عوسمانی و ھەم لە سەردەمی کۆماردا، لەدژی هەموو سەرھەڵدانەکانی گەلی کورد، ھەمیشە دوو ڕێبازی گرتووەتەبەر، ئەوانە چین؟
یەکەم: بەردەوام لە نێوان زلهێزەکانی ڕۆژئاوایی و ڕوسیادا گەمەیان کردووە، دۆخی جیۆستراتیژی تورکیایان کردۆتە بابەتی ساتوسەودا، ھەوڵیان بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ئازادیی کورد داوە و زۆرجاریش پشتیوانیان لە هەردوولا وەرگرتووە.
دووەم: ناکۆکیەکانی نێوان کوردانیان قوڵتر کردەوە و ھاوکات هەمیشە پشتی لایەنی کوردیان گرت، لە دژی خۆڕاگران ھێرشیان ئەنجامدا و بەو شێوەیەش خۆڕاگرانیان تێکشکاند.
شەڕ لەنێوان پەکەکە و تورکیا نییە، شەڕ لەنێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکدایە
دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ دەیەوێت هەمان شت بکات. هەوڵەکانیان لەم چوارچێوەیەدایە. دەگوترێت ڕۆژی ئێمە لە مێژوودا حەشاردراوە. ئەگەر دەتانەوێت لەمڕۆ تێبگەن، دەبێت باش لە مێژوو تێبگەن. لە تورکیا گفتوگۆ و کۆبوونەوە هەبوو. قسەی باڵوێزەکانی تورکیا لە وڵاتان جیاواز بوو. لەوێدا ستراتیژی خۆیان باس دەکەن. دەڵێن "سەدەی دووەمی کۆمار، سەردەمی مەزنبوونی تورکیا، دەبێتە سەدەی تورکیا". لە ستراتیژی خۆیاندا چوار ئامانج دەخەنە پێش و لە گفتوگۆکاندا باسیان لێ کردووە. یەکەمیان دۆزی کورد و لەوبارەیەوە دەڵێن "تاوەکو تورکیا لە هەرێمەکەدا ببێتە دەوڵەتێکی مەزن و پێشکەوتوو، پێویستە پرسی کورد نەمێنێت. لەم پێناوەدا هەواڵگری و تەکنیک و پەیوەندییەکان دەخەینە کار".
دڵنیام کاتێک دەڵێن پرسی کورد، تەنها مەبەستیان ئێمە نییە، وەک پەکەکە. بەڵکو دژایەتیکردنی دەوڵەت و ستاتۆیەکە بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. وەها مامەڵە دەکەن. واتە لەسەر ئەم بناغەیە ستراتیژەکەیان دادەڕێژن، ئەردۆگان، باخچەلی، پیرنچەک و ئەرگەنەکۆن لەسەر ئەم بناغەیە هاوپەیمانییەکەیان درێژە پێ دەدەن. شوێنی یەکگرتنی ئەوان دوژمنایەتی کوردانە. دوێنێ ئەردۆگان بە ئاشکرا گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە باکوری سوریا و باکوری عێراق درێژ پێ دەدەین". بە فیعلی هەڕەشەی کرد. ئەمە دەکەنە بناغەی سیاسەتی نێودەوڵەتییان. بە ناتۆ دەڵێت: "ئەگەر دەتەوێت لە ناتۆ بمێنینەوە و نەچینە پاڵ ڕوسیا، دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکەیت، واتە، دەبێت بەڵێنی پەیماننامەی لۆزان دووپات بکەیتەوە". ئێستە دیپلۆماسییەتی خۆیان لەسەر ئەم بناغەیە بەڕێوە دەبەن
بەکورتی، ئەمڕۆ شەڕی نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورک، تەنها شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک نییە، بەڵکو شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و گەلی کوردە. ئەگەر دەوڵەتی تورک ئەم شەڕە بدۆڕێنێت، هەموو کورد سەردەکەون.
دەستی سیاسەتی کورد لە هەموو پارچەکان بەهێز دەبێت. ڕاستە ئەمڕۆ دەیانەوێت زاپ و گارە بگرن، بەڵام چاویان لە ناوچە ستراتیژییەکانی باشوری کوردستانە. دەیانەوێت بەم شێوەیە بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن: یەکەم، گورزێک لە پەکەکە بدەن، دووەم، دڵی باشوری کوردستان بگرن. واتە دەیانەوێت ڕەوشێک بسازێنن، هەرکات بیانەوێت لێی بدەن. دەبێتە ئەمە ببینین.
لەلایەکی ترەوە، بەشێک لە تورکمان و هاوکارانیان لە هەرێمەکە، نەخشەیان بۆ خۆیان کێشاوە لە کەرکوک و تەلەعفەر و هەولێر، میت لەوێ دامەزراوەی داناو و ئەم شوێنانەی ناوناوە تورکمانستان. ئاشکرایە سیاسەتی ئێستەی دەوڵەتی تورک لەسەر وێرانکردنی گەلی کورد دامەزراوە. واتە وێرانکردنی ئیرادەی گەلی کورد. دوژمنایەتی گەلی کورد بۆتە بناغەیەک بۆ یەکگرتنیان. بە چاوپۆشی لە هەندێک لە گوتارە سیاسییەکان، ئەگەر بڕوانینە هەموو قسە و هەوڵەکانیان، لە نیازە سەرەکییەکانیان تێدەگەین.
چەندین شت دەربارەی پەدەکە هەن، کە...
لەم ڕەوشە ڕوونەدا، بۆچی پەدەکە دژی سیاسەتی دەوڵەتی تورک ناوەستێتەوە، بەپێچەوانەوە پشتگیری دەکات؟ لەمە تێناگەین. ئەو کەسەی لە سیاسەتیش تێبگات، لەمە تێناگات. بەڕاست ئەمە چییە؟ خۆ پەدەکە دەڵێت بە نوێنەرایەتی کورد و کوردستان ڕەفتار دەکەم. بەڵام دەوڵەتی تورک نیازێتی کورد و کوردستان لەناوبەرێت. بۆچی هێندە دژی ڕۆژئاوای کوردستانە؟ چونکە نایەوێت ستاتۆیەک لەوێ پێکبێت. دەڵێن "ستاتۆکەمان لە باشور هەڵە بوو". ئەگەر کەسێک بڵێت لە شوێنێک هەڵەبووم، مەگەر قەرەبووی ناکاتەوە؟ ئێستە ئەم کارە دەکەن. بەڵام بۆچی پەدەکە ئەمە نابینێت، بۆچی ڕەچاوی ناکات و هێشتا هاوکاریانە، دەبێت ئەمە ڕۆشن بکەنەوە. نەوەک هەر ئێمە، هەموو گەلەکەمان لەم هەڵوێستە تێ ناگات. با سەراپای دۆزی ئازادی کوردستان بخەینەلاوە. تەنها باکور نیوەی کوردستانە و نزیکین لە دەوڵەتی تورکەوە. دەیانەوێت نەفەسبڕمان بکەن. ئێمەش دەمانەوێت سیاسەتی قڕکردنی ئەوان سەرکوت بکەین. ئێمە لە زیندان و چیاکان و هەموو شوێنێکی باکور شەڕدەکەین، تەنها چەکی تاکەکەسیمان هەیە، ئەوان هەموو تەکنەلۆژیایەکیان بەردەستە.
بۆ نموونە، هاوڕێیانمان لە زاپ بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ئیرادە و چەکی تاکەکەسی شەڕیان کرد، ئەمە شکۆ و شانازییە بۆ هەموو کورد. بەڵام دەبینین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەرخۆدانی ئەوێ بشکێنێت و بچێتە ئەوێ، پەدەکەش هاوکاری دەکات. ڕەنگە هەندێک بڵێن وا نییە، بەڵام ئەمە سەلماوە و بینراوە. ئێمە هەموو شتێک ناڵێین. دەبێت بەرپرسانی پەدەکە بزانن ئێمە هەموو شتێک ناڵێین. شتی زۆر هەیە بۆ وتن. هەندێک شت هەیە نامانەوێت ئێستە باسی بکەین. ئێستە دەبینن دەوڵەتی تورک لە زاپ بچوک بۆتەوە. لەگەڵ هەموو چەکی بەردەستیان، ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن و دەیانەوێت گەمارۆی زاپ بدات. دەبینین پەدەکە بۆتە بەشێک لەم گەمارۆیە! هاوکاری سەربازی دەکات. یارمەتی هەواڵگری دەدات و هەموو زانیارییەک دەبەخشێت. بێدەنگە بەرامبەر ئەم کارانە. پێش ئەوە، مرۆڤێکمان لە چەمانکێ ناوی ئالان ئیسماعیل لە هێرشی دەوڵەتی تورک شەهید بوو (بەڕێزەوە یادی دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دەکەین)، بەڵام پەدەکە هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو. خەڵکی سڤیل گیان لەدەست دەدەن، گەریلا شەهید دەبن، هیچ کاردانەوەیەکیان نییە، ئەمە واتە قبووڵکردنی کارەکە. واتە پشتیوانی سیاسی. واتە ستراتیژی سیاسەتی دەوڵەتی تورک وێرانکردنی هێز و ئیرادە و ستاتۆی کوردانە. بۆیە، نابێت هاوکاریان بکرێت، دەبێت دژیان بوەستنەوە. چونکە مەترسییە بۆ سەر هەموو کورد. ئێمە لەم نزیکایەتییە تێناگەین. بۆ نموونە، گەریلا جێگەیەک بەکاردەهێنێت، لەوێ هاتوچۆ دەکات، برینداران دەبەن و دەهێنن، دەبینی پێشمەرگە دەبەنە ئەوێ. ڕووبەڕێکی بەتاڵ هەیە، یەکسەر پێشمەرگە دەخەنە ئەوێ. سەربازانی تورک لەوێن، ئێمە لێرەین، دەبینین ئەوان دێنە نێوانمانەوە.
ئێمە نامانەوێت شەڕ لەنێوان گەریلا و پێشمەرگە بقەومێت
ئێمە نامانەوێت لەنێوان گەریلا و پێشمەرگە شەڕ بقەومێت. بەڕاستی لەم بارەیەوە زۆر هەستیار و بەرپرسیار دەجووڵێینەوە. بەڵام بەپرس و فەرماندەکانی پەدەکە ئەمە بەکاردەهێنن. بە ئاشکرا دەڵێم، دەزانن ئێمە تێکەڵی ئەوان نابین، بۆیە هەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر. ئەمە مەزنترین هاوکارییە بۆ دەوڵەتی تورک. باشە، ئەگەر بەرخۆدانی زاپ سەربکەوێت، تۆش سەردەکەویت، دەوڵەتی تورک زیاتر پێویستی بە تۆ دەبێت! لە پشتی بابەتی دێرەلوک، بیر لەوە دەکەنەوە ئەم شوێنە بەکاربهێنن و بچنە زاپ.
دەمەوێت شتێک بە هەموو گەلەکەمان و هەمووان بڵێم: تا ئێستا شەڕی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەنێوان گەریلا و پێشمەرگە نەبووە. لەدەرەوەی ئەمە هەموو شتێک ڕوویداوە. ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیرێت، ئەگەر ڕێکارەکانی پەدەکە نەوەستێت، ئەوە ئەم شەڕە دەقەومێت. هەرچەن ئێمە نامانەوێت _بڕوادەکەم، هیچ کوردێک ئەمەی ناوێت_ ئەوان لە هەموو جێیەک دەستوەردان دەکەن، دێنە پێشمان. بێگومان لە جێگەیەک ئەمە ڕوودەدات. ئەگەر شتێکی وەها ڕووبدات، ئەوا خەڵک گاڵتەمان پێ دەکەن. دەبێتە شەرم بۆ سیاسەتی کوردی. بۆچی بەرپرسانی پەدەکە ئەمە نابینن؟
بەکورتی، ئەگەر ئەم شەڕە ڕووبدات، ئاخۆ بەڕاستی ئەمە دەخوازن، ئیتر بۆچی وەها دەکەن، ئێمە مانا بەم شتانە نادەین. بەڵام مەترسییەکی وەها هەیە و دەبینرێت.
ئەگەر بەرخۆدانی زاپ بشکێت، پەدەکە چ قازانجێک دەکات؟
بەم هۆیەوە، دووبارە بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەم. بە ڕوونی دەڵێم، من گلەیی لەم تێگەیشتنە سیاسییە دەکەم. سەرەتا بانگەواز لە هەموو ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و وڵاتپارێزە بێلایەنەکان و پارت و سیاسەتمەدار و هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و دیموکراتیکەکان دەکەم: بێن و ببینن کێ لەسەر حەقە و کێ هەڵەیە! ئەگەر ئێمە هەڵەیەن، پێمان بڵێن و دوور دەکەوینەوە. مەبەستم ئەوەیە، با بێن و خۆیان بڕوانن. هەرکەس خۆی بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر پاشەڕۆژی کورد، نابێت لەمە بێدەنگ بێت. پێویستە دەنگ هەڵبڕێت و دژی بوەستێتەوە. لەم ڕووەوە، ئەگەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک بگاتە ئەنجام، بۆ هەموو کورد مەترسییە. ئێستە ئەگەر بەرخۆدانی زاپ بشکێت، پەدەکە چ قازانجێک دەکات؟ لەمە تێناگەین. پێشبینی ئەمەم نەدەکرد، بەم ئاستەوە کەسمان ناگەین بە هیچ. لە مێژوودا، کورد هەر بەم شێوەیە شکستیا هێناوە.
دەبێت خەڵک هۆشیاربن. شەڕێک هەیە، لایەکی شەڕەکە تانک و تۆپ و هەموو چەکێک و سەدان هەزار سەرباز و سیخوڕ و چەتەی هەیە، بە چەکی قەدەغەکراویشەوە. لەلایەکی تر، ڕۆڵەکانی کورد خۆیان فیدا دەکەن بۆ وڵاتەکەیان، بەدوای پارەوە نین، بەدوای بەرژەوەندی کەسییەوە نین، بە ئیرادەی خۆیان شەڕدەکەن. ئەگەر من بم، پشیوانی ئەوە دەکەم کە دەرفەتی کەمترە و لەسەر حەقە. ویژدان هەیە. ئێمە دەڵێین، بێلایەن بن، تەماشا بکەن، ئاخۆ ئێمە شکست دەهێنین یا دەوڵەتی تورک؟ ئاخۆ پێویستمان بە پاراستنی دەوڵەتی تورکە؟ نەخێر ئەمە ڕاست نییە و مانایەکی پێ نادەین. دەخوازین دەسپێشخەرییەک هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕەوشە. بۆ دواجار بانگەواز دەکەم، بەهیوام ئەنجامێکی هەبێت. ئەگەر ئەنجامی نەبێت، چیتر ناتوانین ڕێگەی لێ بگرین. چونکە بەم جۆرە نابێت. دەبێت ئەمە ببینرێت و دانی پێدا بنرێت.
چەند نموونەیەکی مێژوویی کە دەبێت پەدەکە بیری لێ بکاتەوە
بانگەواز لە پەدەکە و سەرۆکی پەدەکە کاک مەسعود دەکەم: ئەوە لەبیر مەکەن، ئەگەر ئێمە نەبین، دەوڵەتی تورک بەم دوژمنایەتییەی کوردان، سڵاو لە ئێوەش ناکات. ئەگەر ئێمە لەناوببەن، نۆبەتی ئێوەش دێت. ئەمە ڕاستییە. دەبێت ئەمە ببینن و دژی گەریلا هاوکاری دەوڵەتی تورک نەکەن، ئەم سیاسەتە ڕابگرن. شەڕی گەریلا شەڕی وڵاتپارێزییە. گەریلا خۆی فیدای ئەم وڵاتە دەکات، گەریلا ڕۆڵەی هەموو پارچەکانی کوردستانن. ئەگەر شەڕی گەریلا و پێشمەرگە بقەومێت، بۆ چەندین ساڵ درێژە دەکێشێت، ئەمە نابێتە شەرم بۆ سیاسەتی کوردی؟ مەگەر جیهان ترسناکترین کێشەکان بە گفتوگۆ چارە ناکەن؟ بۆچی کوردان هەمان شێوە ناگرنە بەر؟ دەبێت هەمووان بیری لێ بکەنەوە.
دەمەوێت دوو نموونەی مێژوویی لەم ڕووەوە باس بکەم:
لە سەردەمی لۆزاندا، پرسی ئەوەی ئاخۆ شاندی تورکیا نوێنەرایەتی کورد و تورک دەکات، بووە بابەتی گفتوگۆ. ئەوکاتە کەمال ئەتاتورک نوێنەری دێرسیم حەسەن خەیری بانگ دەکات و دەڵێت: جلی کوردی بپۆشە، بڕۆ مەجلیس، بە زمانی کوردی بدوێ و بڵێ "شاندی لۆزان بە سەرۆکایەتی عیسمەت ئینۆنو نوێنەرایەتی ئێمەی کوردیش دەکات و بروسکە بنێرە". حەسەن خەیری هەموو ئەم شتانە دەکات. جلی کوردی دەپۆشێ و دەچێتە مەجلیس و قسە دەکات و بروسکە دەنێرێت. ئەمە بۆ چەندین کەسی تر ڕاستە. پاش ڕووداوەکەی شێخ سەعید، کاتێک کەسێتییە کوردییە دیارەکان دەگیرێن، حەسەن خەیریش دەگیرێت و حکومی دەدەن. پێی دەڵێن: "بە جلی کوردی چوویتە مەجلیس و بە زمانی کوردی قسەت کرد، ئەمە تاوانە" سزای سێدارەی بۆ دەردەکەن. حەسەن خەیری دەڵێت، بەقسەی ئەتاتورک ئەمەم کردووە. وەک دەڵێن، ئەتاتورک گوتویەتی: "ئەگەر بە کەڵکی گەلەکەیان نەیەن، بە کەڵکی ئێمەش نایەن" و ناچێتە هانای حەسەن خەیرییەوە. بەمەش حەسەن خەیری لەسێدارە درا.
نموونەی دووەم، لە سەرحەد، نموونەی حوسێن پاشای کۆرەیە. حوسێن پاشای کۆرە، هاوڕێی شێخ ئەحمەدی بارزان بوو. کاتێک لە سەردانی وی دەگەڕێتەوە، بە خیانەت شەهید کرا لەسەر دەستی سیخوڕێکی میت (ئەوکات ناوی میت نەبوو). پاشان دەکەونە دوای مناڵەکانی. پاش ٥٠ ساڵ ستەمێک نەما لە مناڵەکانیان نەکەن. ئێستەش بە نەوەکانیان دەیکەن. کەوایە حوسێن پاشای کۆرە کێیە؟ دەیان ساڵ خزمەتی عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورکی کرد، ٤٠ هەزار سەربازی هەبوو، کوردستانی پاراست لە دژی ڕوسیا. دژی سەرهەڵدانی شێخ سەعید وەستایەوە و تا کۆتایی خزمەتی دەوڵەتی تورکی کرد، عاقیبەتەکەی ئەمە بوو.
دەبێت مرۆڤ بیر لەم دوو نموونەیە و نموونە هاوشێوەکانیان بکاتەوە. بۆیە دەڵێم دەبێت لەم قۆناغە مێژووییەدا، ڕاستی دەوڵەتی قڕکەری تورک بناسن. دووربکەوە و هاوکاریان مەکە. واتە، ئەگەر یەکگرتوو نەبین، لانی کەم هاوکاری دوژمن مەکە. ئەمە هیوا و بانگەوازی ئێمەیە. بڕوام وایە، ئەمە ئەنجامی هەبێت. ئەگەر وا نەبێت، ئەم ڕەوشە، ئەرێنی نییە و پڕ مەترسییە.
لەکۆتاییدا، ئەگەر شتێکتان هەیە بۆ گوتن، با بیبیستین...
دەمەوێت بڵێم: ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی گرنگداین. ئەمڕۆ هەمووان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان خۆیان بۆ شەڕ حازر دەکەن. دەوڵەتی تورک ئەم سەدەیەی کۆمار، بە سەدەی مەزنبوونی تورکیا دەزانێت. بە مانایەکی تر، مەترسی لەسەر پاشەڕۆژی گەلەکەمانە. لەگەڵ ئەوەشدا، تێکۆشانمان لەسەر بناغەی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، بەتایبەت هەنگاوە تاکتیکییەکانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو، لەسەر بناغەی دەسکەوتە قووڵەکان پێکهات، بووە بناغەیەک بۆ سەرکەوتنمان. ئەوەی ماوە، ئەوەیە گەلەکەمان بە ئەرکی خۆی هەستێت.
ستراتیژی ئێمە، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە. شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی واتە هەموو وڵاتپارێزێک ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. نابێت کەس بڵێت ناتوانم هیچ بکەم، دەبێت هەمووان بەگوێرەی توانا هەوڵ بدەن. بە مانایەکی تر، گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەمڕۆ تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەن. سیاسەتی کورد بەڕێوە دەبات. بەڵام دەبێت گەلەکەشمان بەشداربن. دەبێت تێکەڵ بن و خاوەندارێتی بکەن. دوژمن دەیەوێت لە هەموو جێگەیەک برەو بدات بە سیخووڕی و لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر. ئەوکات پێویستە تێکۆشان و پاراستن و ڕێکخستن بکرێتە بناغە. دەبێت جڤاکی ئێمە خۆی ڕێکبخات. دەبێت گەنجانمان تێکەڵی تێکۆشان بن. سیاسی بێت، یان جڤاکی و سەرهەڵدان و خۆپاراستن و گەریلایەتی، لەسەر هەر بناغەیەک بێت، دەبێت بەشداری تێکۆشان بکەن.
دەبێت یەکێتیمان بونیاد بنێین و ڕێکخستنمان مسۆگەر بکەین
لەم قۆناغە گرنگەدا، هەرچەند دەرفەتی مەزنمان هەیە، بەتایبەت لەو قوڵاییەی لە بواری تەکنیکی هەمانە، دەکرێت بمانبات بەرەو سەرکەوتن. نموونەی ئەمەش، بەرخۆدانی سێ ساڵەی زاپە. دەتوانین سەربکەوین. ئەزموونمان هەیە. ئێستە دەچینە ساڵی ٤٠ ـەوە. دەمانەوێت ئەم ساڵە مەزن و نائاسایی بێت. ئاستێکی وەهامان هەیە. ئیرادە و ئەزموون و ئەدای تاکتیکی گەریلای ئازادی کوردستان لەسەر ئاستی هونەری بناغەی سەرکەوتنێکی مەزنە. لەم بارەیەوە، پێویستمان بە بڕیارێکی هاوبەشە. دەبێت یەکێتی خۆمان بونیادبنێین و ڕێکخستنمان مسۆگەر بکەین. ئەگەر وا بکەین، ساڵی ٤٠ هەم، ساڵێکی مەزن دەبێت. دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی و ئەرک هەڵبگرن. ئێمە لەخۆڕا ناوی نابەین بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی. هەندێک کەس لەمە ناگەن و دەڵێن، سەردەمی شەڕ بەسەرچووە. بەم جۆرە نییە. ئەگەر وەک گەل یەکبگرین و خۆمان ڕێکبخەین لەم سەردەمە، پێشەنگانمان ئەدایەکی تاکتیکی و ستراتیژی ڕاست دابڕێژن، کەس ناتوانێت بەسەرماندا سەربکەوێت. بە ئازادی لەسەر ئەم خاکە دەژین. دەبێت دوژمنیش ئەمە بزانێت، بەرامبەرمان سەرناکەون. تەنانەت ئەگەر هەندێک کوردیش لەگەڵیان بن، بەرامبەرمان سەرناکەون. چونکە ئەم بناغەیە، دەبێتە بناغەی سەرکەوتن. ئێمە بڕوامان بەمەیەوە، ڕاوەستە دەکەین و تێکۆشانمان مەزنتر و پەرەسەندووتر دەکەین. بەم شێوەیە، ٤٠ هەمین ساڵیادی ١٥ ی ئاب دەکەینە ساڵێکی مەزنی بەرخۆدان. کاروانەکەمان لەم چوارچێوەیە پێشدەخەین، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان لەم قۆناغە مسۆگەر دەکەین و دوژمن دەشکێنین، گەلەکەمان سەردەکەوێت و سەرکەوتن بۆ ئێمەیە. لەسەر ئەم بناغەیە، جەژنی ژیانەوە لە هەمووان پیرۆزدەکەم.
هـ . ب