قوربانیانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی پار یادکرانەوە

لە ساڵیادی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ٢٠ی حوزەیرانی ناوچەی خانا ئاخپاری ئامەد و شەمرەخی مێردین، کە تێیدا ١٥کەس ژیانیان لەدەستدا، مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

لە شەوی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا لە گوندی تۆبینی ناوچەی خانا ئاخپاری ئامەد ئاگر کەوتەوە و دواتر ئاگرەکە لە گوندی هەلبەرێی ناوچەکە و گوندەکانی کەلەکێ و درینێ ناوچەی شەمرەخی مێردین بڵاوبووەوە. بەهۆی ئاگرەکەوە ١٥ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.

بەو بۆنەوە لە گوندی کەلەکێ کە ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. جەماوەرێکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەرەوە سەردانی مەراسیمی یادکردنەوەکەیان کرد.

پاشان هاوڵاتییان سەردانی مەزاری قوربانییەکانیان کرد و گوڵیان لەسەر گۆڕی کەسوکاریان دانا. لە یادەکەدا هاووڵاتیان ڕایانگەیاند، لە بەر ئەوەی درەنگ دەستێوەردان کرا، کارەساتێکی وا گەورە ڕوویدا. هەروەها ڕێکخراوەکانی شار و ناوچەکانی دەم پارتی و دەبەپە، هاوسەرۆکانی شارەوانی شەمڕەخ و شارەوانی گەورەی ئامەد، هەروەها کاموران تانهان و بێریتان گونەش، جێگرانی دەم پارتی سەردانی گوندەکەیان کرد.

لە مەراسیمەکە بەڕێزدارییەوە یادی گیان بەختکراوان کرایەوە و دواتر بەشداربووان گوڵیان لەسەر گۆڕەکان دانا.

دواتر عەبدولڕەزاق دەمیر کە لە ئاگرکەوتنەوەکەدا بە سەختی برینداربوو، داوای دادپەروەری کرد و وتی: "ساڵێک تێپەڕی بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە رانەگەیەنراوە، دەوڵەت ئیمکانی هەیە و دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزێتەوە، ئێمە دەزانین کە ئاگرەکە بەهۆی هێڵەکانی کارەبای کۆمپانیای داداشەوە روویداوە."

هەروەها بێریتان گونەش ئاڵتن، جێگری دەم پارتی ڕایگەیاند کە جەماوەری گوندەکە هەر لە ڕۆژی ئاگرەکەوتنەوەکەوە داوای دادپەروەری دەکەن و ئەگەر لە یەکەم ساتەکاندا دەستوەردان کرابایە، ئەم کارەساتە ڕووی نەدەدا. بێریتان ڕایگەیاند، هەتا ئێستاش ڕێوشوێنی پێویست لە شوێنی ئاگرەکە نەگیراوەتەبەر. لە دواییدا بێریتان بە ڕێزدارییەوە ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بە بیر هێنایەوە و وتی: "داوا دەکرێت خاوەنداری لە داواکارییەکانی بنەماڵەکان بکرێت."

دوای مەراسیمی یادکردنەوەکە، جەماوەرەکە چوونە ماڵی پرسەکە و لەوێ مەراسیمی پرسە بەڕێوە چوو.