دوێنێ ٢٠ی ئەیلول ھاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ھەریەک لە مینو مەجیدی، فەرجاد دەروێشی، موحسێن محەمەدی و زەکەریا خەیاڵ، کە لە میانی ناڕەزاییەتییە جەماوەرییەکانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە شارەکانی کرماشان، ورمێ، دیواندەڕە و پیرانشار لە ئەنجامی تەقەی ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران گیانیان بەخت کرد.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردوانە ڕایانگەیاند، کە ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بۆ ئازیزانیان سازدەکەن، ھێزێکی زۆری سەر بە دەسەڵات لەو شوێنانە کە بۆ مەراسیمەکان دیاری کرابوون جێگیر و ڕێگریان لە بەڕێوەچوون و بەشداری خەڵک لەو مەراسیمانەدا کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردووەدا دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵات لە ڕێگەی تەلەفوونەوە ھەڕەشەیان لە بنەماڵە و کەسوکاری گیانبەختکردووان کردووە، کە خۆیان لە سازکردن و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە ئازیزانیان لەسەر گڵکۆ یان تەنانەت لە ماڵیشەوە بەدوور بگرن.
لەو چوارچێوەیەشدا بنەماڵەی ھەر یەک لە ڕەزا شەھپەرنیا و موحسێن محەمەدی لە ھەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویان کردەوە، بە ھۆی گوشارەکانی دەزگا ئەمنییەکان، ڕێوڕەسمی یادکرنەوەی ئازیزانیان ھەڵوەشاندووەتەوە.
ژ.ن