سێ نامیلکەی نوێ لە بارەی ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد بڵاوکرانەوە

هەرسێ نامیلکەی ئازادکردنی ژیان؛ شۆڕشی ژنان، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییک و نەتەوەی دیموکراتیک کەونتە بەردیدی خوێنەران.

ئەو سێ نامیلکانە دامەزراوەی دەستپێشخەری نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئامادەی کردوون؛ ئەم نووسراوانە لە کتێبە جیاوازەکانی ئۆجالانەوە هەڵێنجراون بە مەبەستی ئەوەی خوێنەر لەبارەی ئەو بابەتانەوە بە دیدی رێبەری گەلی کورد ئاشنا بکات.. کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە.

نامیلکەی ئازادکردنی ژیان؛ شۆڕشی ژنان، دارا سوبحان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئۆجالان چەندین جار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئاستی ئازادی ژن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئاستی ئازادی خودی ئەو کۆمەڵگەیە دەستنیشان دەکات. ئەو لە چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردۆتەوە و دەڵێت:"ئازادیی ژن بۆ من لە ئازادیی وڵات بەنرخترە". بیرۆکەی نووسراوێکی تایبەت لەبارەی ئازادیی ژنانەوە بەو جۆرە گەڵالە بوو.

نامیلکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییک، ئاوات ئەحمەد سوڵتان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی

بۆ ماوەی زیاتر لە (٣٠) ساڵ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تێکۆشاندا بووە لەپێناو مافە ڕەواکانی گەلی کورد. بەدروشمی"خەباتی ئێمە، جەنگی ئێمە بۆ ڕزگارییە" پرسی کوردی کردە مەسەلەیەکی نێودەوڵەتی، کە کاریگەریی لەسەر تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و چارەسەرێکی شیاوی بۆ پرسی کورد خستۆتە بەردەست.

نامیلکەی نەتەوەی دیموکراتیک، دیار سیروان بیلال لە تورکییەوە کردوویەتی بەکوردی

"نەتەوەی دیموکراتیک" ناوی ئەم پڕۆژە ئەلتەرناتیڤەیە. ئۆجالان بانگەوازی هەموو لایەک دەکات کە لەم چوارچێوەیەدا ژیانی ئازاد و مرۆڤایەتی بونیاد بنێن و بەرگریی لێبکەن. دەنگی ئۆجالان وەک دەنگی ئاشتی و لۆژیک زۆر گرنگە، بەڵام زۆربەی کات، دەیانەوێت ئەم دەنگە لە ژووری تاکەکەسی زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا بخنکێنرێت و لەوێ لە گۆشەگیرییەکی رەهادا رابگیرێت. ئازادییەکەی لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینە؛ نەک تەنها کورد.

ئێستا ئەم نامیلکانە لەسەرجەم کتێبخانەکان بەردەستەن.

هـ . ب