سامان یاسین، ھونەرمەندی خەڵکی شاری کرماشان، کە لە کاتی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، لە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەستگیر کرابوو، لە پەیامێکی دەنگیدا کە لە نێو زیندان تۆمار کراوە، باس لەوە دەکات کە لە کاتی دەستبەسەریدا جۆرەکانی ئەشکەنجە لە سەری ئەنجامدراوە، لە لەسێدارەدانی نمایشی بگرە تا گوشار بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەمڵی.
سامان یاسین، گۆرانیبێژی کورد لە پەیامێکی دەنگیدا، کە لە زیندان و بەر لە گواستنەوەی بۆ زیندانی ئەوینی تاران تۆمار کراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە کاتی دەستبەسەریدا لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵات، جۆرەکانی ئەشکەنجە لە دژی پەیڕەو کراوە، لەوانەش لەسێدارەدانی نمایشی و گوشار بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەمڵی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی زیان بەر بۆری ھەناسەدانی کەوتووە.
سامان یاسین لەو پەیامە دەنگییەدا، کە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لەبارەی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد دەڵێت: دوای گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەکە، لەلایەن چەند پاسەوان و کارمەندانی زیندان بەزۆر بە قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بەسترامەوە و دەست و قاچم کەلەپچە کران، دەرزیان لێدام و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەھۆش خۆم چووم.
ئەمەش لەکاتێدایە سامان ڕۆژی ٢٢ی تەمووزی ئەمساڵ، بە فەرمانی دادوەر لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد گواسترایەوە و دوای چەند ڕۆژێک مانەوەی زۆرەملێ لەو نەخۆشخانەیە، جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە بۆ زیندان. خەواندنی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نەخۆشخانەی دەروونی دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھات، کە تێیدا باسی لە دوایین بارودۆخی خۆی کردبوو.
سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕاپ، خەڵکی شاری کرماشان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە شاری تاران لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران بە لێدان و ئەشکەنجەی زۆرەوە دەستگیر کرا. ئەو گۆرانیبێزە لەکاتی دەستبەسەریدا چەندین جار لە نێوان زیندانەکانی ئەوین و ڕەجایی شاردا جێگۆڕکێی پێکراوە.
ڕۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دانیشتنی دادگای سامان یاسین لەگەڵ چەند خۆپیشاندەرێکی دیکە بەڕێوەچوو و دواتر بە تۆمەتەکانی "شەڕی دژ بە خودا" و "گردبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی وڵات" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
پاش ئەوەی داوای پێداچوونەوەی بە سزاکەی کرد، دیوانی باڵای دادوەری ئێران، سزاکەی ڕەتکردەوە و سەرلەنوێ دۆسیەکەی بۆ ئەو دادگایەیی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو، گەڕاندەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانە خراونەتەڕوو سامان یاسین، لە کاتی دەستبەسەریدا چەندین جار لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و بە تووندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە، لەوانەش راگرتنی لە ژووری تاکەکەسی، ڕاگرتنی لە ژووری ئەشکەنجە کە بە ساردخانە ناسراوە، رۆکردنی پێنووس لە لوتی و خستنەخوارەوەی لە بەرزایی و ھتد. ئەو گۆرانیبێژە لە ئەنجامی گوشارەکان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووە.
ناوبراو تا ئێستا بە ھۆی دۆخی نالەبار و یەکلایی نەبوونەوەی دۆسیەکەی چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە و جارێکش ھەوڵی خۆکوشتنی داوە.
ژ.ن