شاندێکی حکومەتی ئەڵمانیا سەردانی شەنگالیان کرد

شاندێک لە حکومەتی ئەڵمانیا سەردانی شەنگالی کرد و ڕایانگەیاند کۆچبەری چارەسەری نیە، وە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال ١٥ ملیۆن یۆرییان تەرخان کردووە.

شاندەکەی پەڕلەمانی ئەڵمانیا دوای ئەوەی دوێنی سەردانی پارێزگاری موسڵ عەبدولقادر دەخیلی کرد و لەسەر بابەتی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال قسەیانکرد، ئەمڕۆ سەردانی شەنگالیان کرد.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتیکی دەسەڵاتدار، فرانک شواب بەناو شەنگالدا گەڕا و دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا فرانک شواب ئەوەی دەسنیشانکرد لە ئەڵمانیادا ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان دەژین، وەک حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیری ئێزدیەکان دەکەن و وتی: "بەڵام پەیامی بنەڕەتیمان ئەوەیە دەمانەوێت بۆ باشتربوونی ڕەوشی شەنگال هەموو شتێک بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوەکانمان بەردەوامی دەبێت، لەوەی چۆن هاوکاری بکەین."

لە بەردەوامیدا وتی: "بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال ١٥ ملیۆن یۆرۆمان وەک هاوکاری ئامادەکردووە و لە بوارەکانی دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوون و دابینکردنی ئاو تەرخان دەکرێت."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە شەنگال بە ڕابردووەیەکی گەلێک بە ئازاردا تێپەڕیوە و وتی: " هیوای ئایندەیەکی ئارام بۆ شەنگال دەخوازین. جێهێشتنی وڵات چارەسەری نیە. تکا دەکەم پێکەوە ئایندەیەکی باش لەم وڵاتە بونیات بنێیین."