"مەریوان شاری موحیبەتە"

مەریوان یەکێک لە شارە بەرخودێر و بەرەنگارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. مەریوان بە کولتور و مێژووەکەی شارێکی نمونەیی و بێهاوتایە.

مەریوان شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە رووی وڵاتپارێزی، هونەر، مێژوو و ژینگەپارێزییەوە شارێکی نمونەیی و بێهاوتایە. مەریوان یەکێک لەو شارانەیە، کە بووەتە شوێنی بەرخودان و بە شاری کاک فوئاد دەناسرێت. خەڵکەکەى زۆر بە سۆز و بەزەیین و هاوکاتیش سەرکێش و راپەڕیون. سەرباری هەموو هێرش و گوشارەکان هەرگیز سەری دانەنواندووە. هەر چەند دەوڵەت هەوڵ دەدات گەل ناچاری خۆی بکات و بەخۆییەوە بیانبەستێتەوە، بەڵام خەڵکەکەى بە کارکردن لە باخ و باخچە، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و کاسبیی جۆراوجۆرەوە خۆیان دەژیەنن. بژێویی ژیانی خۆیان دابین دەکەن و پێویستییان بە دەوڵەت نییە. بۆ ئەوەش لەلایەن دەوڵەتەوە هەموو جۆرە هێرش و گوشارێک دەخرێتە سەر مەریوان. ئێستاش وەرن ئێمە لە دەمی گەریلاوە فێر ببین، کە ناوی مەریوان چۆن و لە چییەوە هاتووە.

"گەریلا چی لەبارەی ناوی مەریوانەوە دەڵێن؟"

گەریلا لەبارەی ناوی مەریوانەوە دەڵێن، "بۆ ناوی مەریوان چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە. یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە، کە ناوی مەریوان لە مراوییەوە هاتووە. بەهۆی جۆگرافییەى مەریوانەوە چەندین جۆر مراوی لەو ناو ئاو و زەلکاوەکانی مەریواندا ژیاون و بەو هۆیەشەوە پێیاوتوە، مەریوان. بەپێی بۆچوونێکی تر وشەى ناوی مەریوان لە مەهەرەوانەوە هاتووە. یانی وارگەی مێهر و موحیبەت و خۆشەویستییە. هەر ئەمڕۆ خۆی مەریوان بە نیشتمانپەرەوەری و وڵاتپارێزی، میوانداری، خۆشەویستی، سروشت و موحیبەتەوە دەناسرێت. هەروەها بۆچوونێکی تر لەبارەی ناوی مەریوانەوە ئەوەیە، کە لە کاتی رووخانی ئەمەوییەکانەوە، مەروانییەکان لە بەغداوە بەرەو دەشتی شارەزوور کۆچ دەکەن و لە مەریوان دەگیرسێنەوە و لە ئەنجامدا بەو ناوچەیە دەڵێن، مەریوان".

هەروەها گەریلاکان باسی ئەفسانەکانی مەریوان دەکەن و دەڵێن:

مەریوان بە چەند ناو و نیشانەوە ناوبانگی هەیە. یەکێک لەوانەش ١٢ سوارەی مەریوانە. گەریلاکانی ئازادی بەمشێوەیە چیرۆکی ١٢ سوارەی مەریوان دەگێڕنەوە و دەڵێن، "ئەحمەد خانی بابان ١٢ سوار، کە توانای بەکارهێنانی چەکیان هەبووە لە ناو خەڵکدا هەڵبژاردووە. ئەرکی راوکردنی بەرزەکانی ناوچەکەیان پێدەدات، چونکە زیانێکی زۆریان بە زەویی جوتیاران و باخ و باخاتی ناوچەکە گەیاندبوو. ئەحمەد خان لە بنەڕەتدا ئەوە دەکاتە پاساو بۆ هەڵبژاردنی ئەو ١٢ سوارەیە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە گەلیش بپارێزێت، یانی خزمەت و پاراستنی کۆمەڵگەشیان بەو کەسانە داوە.

بەڵام کاتێک سوپای سەفەوی لە سەدەی ١٦دا دەیەوێت ناوچەی مەریوان و شارەزوور داگیر بکات، ئەو ١٢ سوارە، کە کاریان پارێزگاریکردن لە گەلەکەى خۆیان بووە، دەستبەکار دەبن، بەڵام ژمارەیان لە بەرامبەر دوژمندا زۆر کەم بووە، بۆیە بیر لەبەکارهێنانی تاکتیک دەکەنەوە و پلان دادەنێن، کە بە شەودا هێرش بکەن. هەر یەکەیان لە قۆڵێکەوە و بە زوڕناو و تەپڵ و دەهۆڵەوە لە قۆڵەکانی خۆیانەوە دەچنە ناو جەرگەى ئوردوی دوژمن. بە دەم تەپڵ لێدانەوە و دەست دەکەن بە شمشێروەشاندن و لێدانی سوپای دوژمن و دوژمن تەواو شپرزە دەکەن. کاتێک لەو هەموو قۆڵەکانەوە ئەو شپرزەییەى تووشی دوژمن دەکەن ترسێکی زۆر بە ناو سوپای دوژمن دا بڵادەبێتەوە و وا دەزانن، سوپاکەى بەرامبەریان هێزێکی زۆر گەورەیە. لە ئەنجامدا ئەو ١٢ کەسە، ئەو ١٢ سوارەیە بەسەر سوپای سەفەویدا سەردەکەون. ئیدی ١٢ سوارە دەبنە هێما و سیمبول لە مەریوان و هەموو ناوچەکەدا. لە رۆژگاری ئەمڕۆشماندا ناوی بەشێک لە گروپە هونەرییەکان و چالاکییە هونەرییەکان ناوی ١٢ سوارەی مەریوانیان لەسەر گروپە و چالاکییەکانیان داناوە. ئەوەش لە پێناو  زیندووکردنەوەی ئەو  فەلسەفە شاراوە و دێرینەی ناوچەکەیە".

زرێباری مەریوان و فەیلەقوسی سەردەم

جگە لە چەندین چیای سەرکەش و سروشتی ناوازەی مەریوان، یەکێک لەو شتانە کە مەریوانی رازاندوەتەوە، دەریاچەى زرێبارە. زرێباریش بۆ خۆی چیرۆکی هەیە و گەریلا لەبارەی چیرۆکی زرێبارەوە دەڵێن، "دەسەڵاتدارێک بە ناوی فەیلەقوس هێرش دەکاتە سەر دەروێشێک. دەست بەسەر هەموو شتەکانی دەروێشەکەدا دەگرێت و تەنانەت ژن و منداڵەکانی و کەلوپەلەکانیشی زەوت دەکەن، ئەشکەنجەیەکی زۆریان دەکەن. ئەو دەروێشە ئیدی زۆر بێزار دەبێت و دەیەوێت بڕوات بۆ لای دادوەر تاوەکو سکاڵای خۆی بکات. کاتێک باسی بەسەرهاتەکەى خۆی دەکات، دادەوەرەکە پێی خۆش دەبێت، چونکە دادوەرەکەش سەر بە فەیلەقوسە. دەروێشەکەش کاتێک لە پاڵ ئاوی زرێباردا تێدەپەڕێت، لە خوا دەپارێتەوە و دەڵێت، تاوەکوە ئەو شارە نقومی ئاو نەبێت سەر بەرز ناکامەوە. یانی دەیەوێت، ئەو زوڵم و زۆرە نقومی ژێر ئاو ببێت و ئیتر فەیلەقوس و شارەکەی نقومی ژێر ئاو دەبن.

ئێستاش فەیلەقوسی ئەم سەردەمە خامنەئییە. فەیلەقوسەکەی ئەم سەردەمە لە رێگەی چەکدار و چەقەڵەکانیەوە و بە پشتبەستن بە سوپای پاسداران بە شەو و رۆژ زوڵم و گوشار لە خەڵکی مەریوان دەکەن، بەڵام هەرگیز گەل ناچێتە پاڵ دەسەڵات و سکاڵا لەلای دەسەڵات ناکات، چونکە ئەوەى زوڵم و چەوساندنەوە و سەرکوت ئەنجام دەدات، هەر دەسەڵات خۆیەتی. تێکۆشانی خۆیان بە ئیرادەی خۆیان دەکەن. دەسەڵات هەوڵێکی زۆر دەدات مەریوان لە کولتوری خۆی دووربخاتەوە، بەڵام ناتوانێت هەرگیز لە جەوهەری خۆی دووری بخاتەوە".

ژ.ت