شەهیدانی شەنگال بە مەراسیمێکی جەماوەری بە خاکسپێردران
٤ شەڕڤانی یەبەشە و ٤ کارمەندی تەندروستی، کە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر نەخۆشخانەى سکێن لە شەنگال شەهید بوون، لە مەراسیمێکی جەماوەریدا بە خاکسپێردران.
٤ شەڕڤانی یەبەشە و ٤ کارمەندی تەندروستی، کە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر نەخۆشخانەى سکێن لە شەنگال شەهید بوون، لە مەراسیمێکی جەماوەریدا بە خاکسپێردران.
دەوڵەتی تورک لە بەردەوامیی هێرشە پاکتاوکارییەکانیدا لە دژی گەلی ئێزدی هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی سکێن لە شەنگال و لەو هێرشەدا ٤ کارمەندی تەندروستیی نەخۆشخانەکە و ٤ شەڕڤانی یەبەشە شەهید بوون و ٤ کەسی تریش بریندار بوون.
٨ شەهیدەکەى ئەو هێرش و بۆردومانە بە مەراسیمێکی جەماوەری بە خاکسپێردران. تەرمی شەهیدەکان لەسەر داوای بنەماڵەکان لە گۆڕستانی تایبەتی شەنگال و یەک بە یەک بە مەراسیم بە خاکسپێردران. لە گۆڕستانی شەهیدانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخودانیش مەراسیمی سەربازی بۆ شەهیدەکان رێکخرا. مەراسیمەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدان دەستیپێکرد.
دوای رێزگرتن بە ناوی دەزگا و رێکخراوەکان و رێکخستنەکانی ئێزدییەوە پەیام خوێندرایەوە.
ئاخین ئینتیقام بە ناوی فەرماندەیی یەبەشە – یەژەشە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "ئێمە بەڵێن بە بنەماڵە وڵاتپارێزەکانمان دەدەین، کە بۆ بەیهێنانی خەون و ئارەزووەکانیان شەهیدەکانمان بە شەو و رۆژ لە کار و تێکۆشاندا بین. بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشە پاکتاوکارییە بە ئامانجەکەى خۆی ناگات. با هەموو کەس بزانێت، کاتێک یەکێک لە ئێمە شەهید دەبێت، بە دەیان کەس شوێنەکانمان دەگرێتەوە".
ئازاد حوسێن بە ناوی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە شەنگال لە مەراسیمەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە پلەى یەکەم لەو هێرشە بەرپرسیارە و دەبێت عێراق هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشانە بۆ سەر گەلی ئێزدی روون بکاتەوە.
هەروەها بە ناوی بنەماڵەى شەهیدانەوە وتە پێشکەشکرا و لە پەیامەکەیاندا سەرەخۆشییان لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و گەلی ئێزدی کرد.
دوای پێشکەشکردنی وتەکان، تەرمی موخلیسە سیدار کارمەندانی تەندروستی بە دەم هەلهەلەى دایکان و بە وتنەوەى دروشمی "شەهید نامرێ" بە خاک سپێردرا.
هەروەها تەرمی هەموو کارمەندانی تەندروستی و شەڕڤانانی یەبەشە یەک بە یەک بە مەراسیم و بە رێزەوە بە خاکسپێردران.
ژ.ت