ئەمرۆ پێنج-شەممە، لە بارەگای لقی کەرکوکی یەکێتی نووسەرانی عێراق، دەیان نووسەر، ئەدیب،هونەرمەند و کەسایەتی رۆشنبیری پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوە، وە بەمەبەستی پشتگیری کردن لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان بەست و تێیدا بەیاننامەی ئاشتی و پشتگیریی لە ئارامی شاری کەرکوکیان ڕاگەیاند، هەروەها داوایان لە خەڵکی کەرکوک کرد هەموویان پێکەوە ئارامی و ئاشتی شارەکەیان بپارێزن و "ڕیگەنەدەن لە دەرەوەی سنورەکانی شارەکەوە کێشەیان بۆ ڕەوانە بکرێت".
هەروەها داوایان لە هاووڵاتیانی شارەکە کرد بە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە پشتگیری لە پرۆژەکەیان بکەن لەپێناو خۆشەویستی و وەفادارییان بۆ ئارامی شاری کەرکوک.
جێگای باسە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، هەریەکە لە نوێنەرانی کورد، سریان، تورکمان و عەرەب لە هەردوو ڕەگەز بەیاننامەیان بە زمانی خۆیان خوێندەوە و جەختیان لە پێکەوەژیانی هاووڵاتیانی پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە کردەوە و ووتیان "دوور لە سیاسەت هەموو پێکهاتەکان لە کەرکوک پێکەوە بە ئاشتی دەژین".
هەمیشە سەرو ماڵی کەرکوکییەکان بۆتە قوربانی ململانێ ناڕەواکانیان
موعتەسەم شوانی نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک، بەیاننامەیەکی بەزمانی کوردی بەناوی ئامادەبووانەوە خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: "جەماوەری ستەم دیدەی کەرکوک وەکو هەموو لایەکمان دەزانیت کە ئێمەی خەڵکی شاری کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانمانەوە، بەدرێژایی مێژوو قوربانی ململانیەی نێوان زلهێزەکان و هێزەکانی ناوچەکە بووینە هەمیشە سەروماڵی کەرکوکییەکان بۆتە قوربانی ململانییە ناڕەواکانیان ، بۆیە وەکو رۆشنبیران، ئەدیبان، نووسەران و هونەرمەندان بەپێویستی دەزانین لە سۆنگەی ڕووداوەکانی ئەو دوایەی شاری کەرکوک کەماوەی ١٠ رۆژ هاووڵاتیانی ئەم شارە لە دۆخێکی نەخوازراو ژیانیان بردەسەر لە دەرئەنجامیشدا شەر و تەقە ڕوویداو ٤ هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەک بریندار بوون، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی ئەم شارەیان خستە دڵەڕاوکێ و نائارامییەوە".
ئیدارەی شارەکە کەمتەرخەم بووە تا گەیشتە خوێن رشتن
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بۆیە ناڕەزایەتی خۆمان لە هەر کارێک دەدەبڕین کە دەرئەنجامەکەی ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامی بێت، ڕژاندنی خوێنی هاوڵاتیانی شارەکە لەسەر ململانێی سیاسی، ئاینی و مەزهەبی ئیدانە دەکەین، هەروەها ئیدارەی شارەکە و لایەنی ئەمنی بەکەمتەرخەم دەزانین لە دروستبوونی کێشەکاندا چونکە کارادنەوەی خێرایان نەبوو بۆ چارەسەکردنی کێشەکان تا گەیشتە ئاستی ڕشتنی خوێنی خەڵکی مەدەنی، بۆیە داوا لە بەڕیز سەرۆک وەزیران دەکەین بەحوکمی ئەوەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیشە، بەپەلە ڕێکاری یاسایی بگریتەبەر بۆ دەستنیشان کردنی لێپرسراوانی ئەم ڕووداوانەو سزادانی کەمتەرخەمەکان و بەرپرسەکان لە کوژرانی خەڵکی بێ تاوان و بێ چەک، هەروەها فەرمان بکرێت بە کشانەوە سوپا لەناو شار و ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتووان بکەن".
جگە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە هیچ شتێکی دیکە دادمان نادات
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا موعتەسەم شوانی، هۆشداری دا و داوایەکی ئاڕاستەی هاووڵاتیانی کەرکوک کرد و ووتی: "داوا لە جەماوەرە ستەم دیدەکەمان دەکەین، هۆشیاری تەواویان هەبێت لە بەرامبەر هەموو پیلانگێرییەکان و دەست لەناو دەست بن بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی شارەکەمان چونکە ئێمە چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە وجگە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە هیچ شتێکی دیکە دادمان نادات".