شەنگالییەکان دژی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم ڕێپێوانیان کرد: ئێوە سەرناکەون!

لە شەنگال پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم و ڕێککەوتنی شەنگال بە ڕێپێوانێک شەرمەزارکرا. دووپاتکرایەوە دوژمن چەندێک هەوڵبدات بە پیلانگێڕییەکان گەل بترسێنێت، ناتوانێت ئەم گەل و ئیرادەیە لەناوببات.

بە پێشەنگایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و تەڤگەریی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) ئەمڕۆ لە شەنگال دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێککەوتنی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی دەسکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. ڕێپێوانەکە بە درووشمی "پیلانگێڕییەکانی ٩ـی تشرینی یەکەم، کوشتن، فەرمان و هەڵوەشاندنەوە" ئەنجامدرا و لە بەردەم خوێندنگەی زەریفە ئۆسێ دەستی پێکرد و هەتا بەردەم ناوەندی ئاسایشی ئیزدخان بەردەوام بوو.

ئەندامی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری شەنگال حەسۆ ئیبراهیم ڕایگەیاند کە دوژمن بە پیلانگێڕیی هەوڵ دەدات ئیزدییەکان لەناوبەرێت، بەڵام چیتر دوژمن ناتوانێت ئەوان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەناوبەرێت، گوتی: "لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەچوو، لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی داگیرکاری بۆ سەر گرێسپی و سەرێکانی دەستپێکرد، لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ـیش ڕێککەوتنی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی عێراق بە فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی ئێزدییەکان بەسترا، بەڵام کچان و کوڕانی ئێمە لە دژی ئەم پیلانگێڕییانە بەرخۆدان دەکەن و دوژمن بۆ لەمەودواش ناتوانێت پیلانەکانی سەربخات. ئەگەر ئێمە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەبێت، هەرگیز جارێکیتر تێکناچین و ناگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێش جینۆساید، تاکە ڕێگا چارەسەریش بۆ شنگال و گەلانی عێراق تەنها پڕۆژەی خۆبەڕیوەبەریی شنگال و نەتەوەی دیموکراتە".

"بە پیلانگێڕیی دژی ڕێبەر ئاپۆ، هێرش دژی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کرد"

وتەبێژی تاژێ ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکەوە ویستیان ئێزیدخان بگەڕێننەوە بۆ پێش ٢٠١٤، ڕێککەوتنەکە و پیلانگێڕیی شەرمەزار کرد، جەختی کردەوە ڕێککەوتن و پیلانگێڕییەکان لە پەیماننامەی لۆزانەوە سەرچاوەدەگرن،  گوتی: "ئامانجی فەرمانی ٣ ی ئاب چۆڵکردنی ئێزدخان بوو. ئەوانەی ڕێگەیان بۆ داعش کردەوە و سپۆنسەریان کرد، ڕێککەوتنی ٩ ی تشرینیان واژۆکرد. لە ڕێگەی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەمەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرکرا، هێزە نێونەتەوەییەکان هاتنە ڕۆژهەڵاتی ناوین، عێراق و سوریایان داگیرکرد، هێرشیان کردە سەر گەلی کورد و پێکهاتەی ئێزدی".

"ئامانجەکە قڕکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییە"

ڕیهام ڕایگەیاند وەک چۆن فەرمانی ٣ ی ئاب و ڕێککەوتنی ٩ ی تشرینی یەکەمیان پووچەڵ کردەوە، بەرخۆدانیان بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد بەردەوام دەبێت و دەمێننەوە، گوتی: " سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی لە ڕۆژئاوا و شەنگالیشدا کاری پێدەکرێت. خەڵکی سەرێکانی و گرێ سپی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی خۆیان، شەنگال هەموو ڕۆژێک بۆردومان دەکرێت تا ئارام نەبێت، شەڕێکی تایبەتیش دژی کچان و ژنانی ئێزدی بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی قڕکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییە".

ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند گەلی ئێزدی بە ئاوارەکردن و بۆردوومان لەناوناچن و بەرخۆدانیان بەهێزتر دەبێت، گوتی: "لێرەوە دەڵێین، ڕێککەوتنەکانتان تا ئێستە سەرنەکەوتووە و لەمەودواش سەرناکەوێت، هێزەکەتان هەرچەن بێت، هەموو جیهان لەپشتی ئێوە بێت، ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن".

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.