ئاکەپە، کە هەموو شوێنە سروشتییەکانی وان و دەوروبەری وێران کردووە و کردوونی بە شوێنی ڕانتخۆری و بەرتیلخۆری، ئێستاش چاوی بڕیوەتە دەریاچەچەی وان. شارەوانیی گەورە شاری وان، کە لەلایەن قەیومەکانی ئاکەپەوە زەوتکراون، بە درۆ و پاساوی ئەوەی "ئێمە کەنارەکانی دەریاچەی وان لە لیتاو و قوڕاو پاک دەکەینەوە." پەناگەکان و زەلاوەکان، کە شوێنی ژیانی هەزاران بوونەوەرن، بە بەرد و داروپەردوو پڕ دەکرێنەوە و ژیانی سروشتی وێران دەکەن. لەو دیمەنانەدا، کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە تۆمارکراون، ئەوە دەردەکەوێت هەموو ڕۆژێک سەدان لۆری بەرد و پەردوو دەهێنن و دەریاچەچەی وانی پێ پڕ دەکەنەوە. ئەوان بەرد و خاک لە شوێنەکانی دیکەوە دەهێنن بۆ دەریاچەچەکە.
دەریاچەچەی وان، کە ژیان و رۆح بە وان و چەندین شار دەبەخشێت ؛ بە جوانییە سروشتییەکەی، وەک ناوەندی گەشتیاریی کوردستانە. ئامێز و لانکەی چەندین شارستانیەت بووە و جوانییەکەی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی ڕادەکێشێت.
دوای ئەوەی شارەوانییەکانی هەدەپە لەلایەن قەیومە داسەپێنراوەکانی ئاکەپەوە دەستیان بەسەردا گیرا، دەریاچەی وان بوو بە شوێنی رانتخۆری و بەرتیلخۆریی ئاکەپە و لایەنگرانی. هەر ئەوەندەی قەیومە داسەپێنراوەکان بەسەر شارەوانییەکانی ڕێگای ئاوریشم، ئەردیش، توشبا و ئارتەمێت لە پارێزگای وان دا داسەپێنران، هێڵی بەر دەریاچەی وانیان کرد بە کۆنکرێت، پێشکەشی لایەنگرانی ئاکەپەیان کرد، کە کافتریا و چێشتخانە و ئوتێلی تیادا دروست بکەن. کەناراوەکانی ئەردیش، ئارتەمێت، توشبا و وەستانێ لە ژێر داگیرکاریی دامەزراوە و دام و دەزگاکانی دەوڵەتدان. چوونە ئەو شوێنانە لە خەڵک قەدەغە کراوە. فڕۆکەخانەی فەرید مەلەن لە وان، دەزگای کاروباری ئاوی دەوڵەت، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی نەتەوەیی دەوڵەت، کەمپەکان و شوێنەکانی پشوودان و حەوانەوە، هاوینەهەوارەکانی ئارتەمێت هی پارێزگاری وانە، خانەی سوپای ئارتەمێت و گازینۆکانی، دەیان سەربازگە و بنکەی پۆلیس و سەرباز لەوێن. کەناراوەکانی دەریاچەکە لە ئەردیش، کە ۱۲ کیلۆمەترە، دەیان شوێنی وەک قاوەخانە، کافتریا، چێشتخانە و ئوتێل-یان بۆ خۆیان و لایەنگرەکانیان دروستکردووە.
ژیانی سروشتی وێران بووە
ئاکەپە چەندین ساڵە بەردەوامە لە داگیرکردنی کەناراوەکانی دەریاچەی وان و وەک بەرتیل و ئیمتیاز پێشکەشی لایەنگرانی دەکات، ئێستاش کار دەکات بۆ ئەوەی شوێنێکی تر بکاتە شوێنی ڕانتخۆری و بەرتیلخۆری. هێڵی کەناراوەکانی نێوان ئەسکەلەی وان و قەڵای وان، کە لە نێوان ناوچەکان و شارەوانییەکانی ڕێگای ئاوریشم و توشبای دان، قەیومی داسەپێنراوی گەورە شاری وان دەستیکردووە بە پڕکردنەوەی تاوەکو بیکاتە شوێنێکی نوێ بۆ ڕانتخۆری و بەرتیلخۆری خۆی و تاقمەکەی. لە لایەن قەیومی وانەوە، بە درۆ و پاساوی "ئێمە لیتاو و قوڕاوەکان پاک دەکەینەوە." پەناگەکان و زەلاوەکان، کە شوێنی ژیانی هەزاران بوونەوەری زیندوون، پڕ دەکەن لە بەرد و پەردو و بەوەش ژیانی سروشتی وێران دەکەن.
لەو شوێنانە قاوەخانە، کافتریا، چێشتخانە، هۆتێل و ڤیلا دروست دەکرێن و پێشکەش بە لایەنگرانیان دەکرێت.
قەیوم بە خێرایی کار بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچانە دەکات. ئەو داگیرکارییەش لە ژێر ناوی پاککردنەوەی کەناراوەکان ئەنجام دەدات، ڕۆژانە دەیان لۆری بەرد و پەردو دەهێنرێن و دەڕژێنرێتە کەنارئاوەکان. بەهۆی پڕکردنەوەی کەنارەکان بە بەرد و پەردوو، زەلاوەکان، پەناگەکانی بوونەوەران لە دەریاچەکە و شوێن و ڕووبەرە سەوزاییەکان لەناوچوون.
ژ.ت