بە دیمەن

شەیما عەدنان: ٣٠ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەت بە ئامانجەکانی تورکیا دەکات

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەرێمی گەرمیان؛ شەیما عەدنان سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکان وتی: " دەوڵەتی تورک ڕۆژانە خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی بادینان، گوندەکان بە ئامانج دەگرێت و بۆمبارانی دەکات و بە هەموو شێوازێک دەیەوێت گەلی کورد لە ناوبەرێت."

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان و حکومەتی عێراق بێدەنگ و بێ هەڵوێستن ئەمەش بووە بەهۆکاری نیگەرانی و ناڕازیبوونی گەل. لەو بارەییەوە هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەرێمی گەرمیان شەیماعەدنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'دەبێت هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا شەرمەزار بکرێت و بێدەنگی بشکێنرێت'

شەیماعەدنان ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هەر چوار پارچەی کوردستان کۆمەڵکوژی و قڕکردنی ژینگە ئەنجام دەدات و گوتی: "دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی بادینان، گوندەکانی باشووری کوردستان بە ئامانج دەگرێت و بۆمبارانی دەکات. بە هەموو شێوازێک دەیەوێت گەلی کورد لە ناوبەرێت. بێگومان ترسی تورکیا لە فکر و باوەڕی کوردە، ماوەی ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پیلانگێرییەکی نێونەتەوەییدا دەستگیرکراوە، ترسی لە فکر و تێزەکانی ڕێبەری گەلی کورد هەیە و دەیەوێت لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا گەلی کورد لەناوبەرێت."

وتیشی: "لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی زیاتر بۆ سەر باشووری کوردستان چڕ کردۆتەوە. ڕۆژانە خەڵکی سڤیل شەهید دەبن و لە چیاکانی کوردستان چەکی قەدەغەکراو بەکاردێنێت. وە دەبێت ئەم هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار بکرێت و بێدەنگی بشکێنرێت.  دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە پەیوەندییەکانی زیاتر دەکات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە هەمانکاتدا لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی ڕێککەوتن دەدات."

'٣٠ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەت بە ئامانجەکانی تورکیا دەکات'

هەروەها شەیماعەدنان ڕاشیگەیاند، بەهۆکاری ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی ئابووری لە نێوان حکومەتی باشووری کوردستان و تورکیا بووە بەهۆکارێک کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زیاتر پاوانخوازی بکات و کەرتی کشتوکاڵی کوردستان لاواز بکات و وتی:"باشووری کوردستان پڕ بووە لە کاڵا و شمەکی تورکی، ئەو ماددە خۆراکییانەی دەوڵەتی تورکیا دەینێرێتە باشووری کوردستان خراپن و تەندروست نین، یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئێستا ڕێژەی نەخۆشی لە نەخۆشخانەکان ڕۆژانە لە زیادبوونە هۆکاری بەکارهێنانی خۆراکی تورکییە. پێویستە گەل هۆشیار بێت و خۆراک و شمەکی تورکی بەکارنەهێنێت چونکە تورکیا ئامانجی ئەوەیە بە هەرشێوازێک بێت کورد لە ناوبەرێت."

وتیشی: "لە ماوەی ٣٣ ساڵی دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە تەواوی کەوتۆتە خزمەتی دەوڵەتی تورک و خزمەتی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک دەکات. ئێستاش لە ڕێگەی میدیا و فیلمە تورکییەکانەوە هاتۆتە ناو کۆمەڵگەی کوردی و کاریگەری لەسەر منداڵ و تاکی کورد داناوە. مەبەست لەمەش لە ناوبردنی کلتووری کوردییە، تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان و لە ناوبردنی گەنجانە."

'ئەوەی بەرامبەر چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک وەستاوەتەوە تەنها گەریلای ئازادییە'

ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕۆژانە بە هەزاران تانکەری نەوت ڕەوانەی تورکیا دەکرێت ئەمەش هێندە سوودەکانی بۆ تورکیایە، بۆ باشووری کوردستان و گەلەکەی نیە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "سەرەڕای  بەپیتی خاکی کوردستان بەرهەمی ناوخۆی کەمە و ساغ نابێتەوە لەبەر ئەوەی زۆرترین بەرهەمی هاوردە و بەرهەمی تورکی دێتە باشووری کوردستان ئەمانەش ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد و خاکی باشووری کوردستان. یەکێکی تر لە ئامانجەکانی تورکیا زیندووکردنەوەی میساقی میللییە، ١٠٠ ساڵە پەیمانەی لۆزان کۆتایی هاتووە، بەڵام وا دەردەکەوێت کۆتایی نەهاتبێت و نوێکرابێتەوە. چونکە تورکیا کەرکوک، هەولێر بە شاری خۆی دەزانێت. لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی میساقی میللیەوە دەیەوێت کوردستان داگیربکات."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خۆی داعشی دروستکردووە و لە هەر شوێنێک ویستی داگیرکاری هەبێت سەرەتا داعش بەکاردێنێت و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ داعش هێرشی باشووری کوردستانی کرد لە گوڵاڵە (جەلاولا) و کەرکوک و خورماتوو، ئەو ناوچانەی کە کەوتنە ژیر دەسەڵاتی داعش و ئەوەی بەرگری کرد و خێزانەکانی پاراست گەریلای ئازادی بوو. لە ئێستاشدا ئەوەی بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان وەستاوەتەوە گەریلایە."