سەرباری رێگرییەکانی پۆلیسیش گەل بۆ بەشداری لە گردبوونەوەکەی ئامەد کەوتوونەڕێ

بەمەبەستی بەشداری لە گردبوونەوەی 'ئازادی' کە بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لە ئامەد ساز دەکرێت، لە زۆر شارەوە گەل بەڕێکەوتوون، پۆلیسیش بە شێوەی سیستماتیک ئاستەنگیان بۆ ساز دەکات.

ئەمرۆ لە ئامەد بە داواکاریی ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵگرتنی گۆشەگیری و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک، لە ئامەد "گردبوونەوەی ئازادی" ئەنجامدەدرێت.

هاووڵاتیان لە شارە جیاجیاکانەوە روودەکەنە ئامەد و بەشداری لە گردبوونەوەکەدا دەکەن، بەڵام لە چەندین شار لەلایەن پۆلیسەوە رێگری لە بەشداربوونی هاووڵاتیان دەکرێت.

لەو چوارچێوەشدا لە شارەکانی شڕنەخ، دێرسیم، رحا، وان و دیلۆکەوە ژمارەیەکی زۆر بەرەو بەشداری لە گردبوونەوەکەی ئامەد کەوتوونە رێ، بەڵام بە شێوەیەکی سیستماتیک لەایەن پۆلیسەوە ئاستەنگیان بۆ ساز دەکرێت، سەرباری ئەوەش بە پێداگرییەوە چالاکوانان هەوڵی دەربازکردنی ئاستەنگ و بەربەستەکان دەدەن بۆ ئەوەی لە گردبوونەوەکەدا بەشداربن و بەشێکیشیان توانیویانە خۆیان بگەیەننە شارەکە.