سەردانی پرسەی دایکانی ئاشتی کرا

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، ساڵیحە ئایدەنیز و هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلیچگون ئوچار، چوونە سەردانی پرسەی دایکانی ئاشتی.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، ساڵیحە ئایدەنیز، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلیچگون ئوچار و شاندی یاوەریان چوونە سەردانی پرسەی دایکانی ئاشتی عەدالەت سافالی و پەرێشان ئەکچەلیک و کوڕەکەی جیهان ئەکچەلیک لە گوندی شاهی لە گەڤەر. ئەوان بۆ وتە لێ وەرگرتن چوونە جولەمێر، کاتێک بەرەو گەڤەر دەگەڕانەوە، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و گیانیان لەدەستدا.

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، ئاماژەی بەوە کرد، سەدەیەکە سیاسەتی سەرکوتکردن دژی کورد بەردەوامە، گوتی: "سەرەخۆشی لە گەلی کورد دەکەین. ئەم ڕووداوە بەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی تورکە. گەلی کورد و دایکانی ئاشتی ساڵانێکە لەپێناو ئاشتییەکی شکۆمەند و کوردستانێکی ئازاد تێدەکۆشن، ساڵانێکە دایکانی ئاشتی لەچک سپی تێدەکۆشن. لە گەڕەک و شەقامەکاندا، ئاشتی دەپارێزن و درێژە بە تێکۆشان دەدەن. بەڵێنیان پێ دەدەین، هەردەم لەچکە سپییەکانیان بەرزدەکەینەوە بۆ ئاسمان. ئەمڕۆ ئازارەکەمان مەزنە، بەڵام ڕقیشمان زیاتر بووە. تا گەیشتنی ئەم تێکۆشانە بە ئەنجام، لەسەر ڕێگەکەیان بەردەوام دەبین".

شاندەکە پاش سەردانکردنی پرسەکە، لەگەڵ دایکانی ئاشتی چوونە سەردانی گۆڕستان. ئەندامی مەجلیسی دایکانی ئاشتی لە وان، زەکیە کایا، لەسەر گۆڕی دایکانی ئاشتی قسەی کرد، گوتی: "دوێنێ دوو دایکی هێژامان گیانیان لەدەستدا، ئەوان ساڵانێک ئاشتیان دەپاراست. دایکانمان لەپێناو ئاشتی و دادپەروەری تێدەکۆشن. ئەمانە شەهیدی کوردستانن. ئێمە تا کۆتایی تێدەکۆشین. بەهیوام بەزووترین کات ئاشتی لەم وڵاتەدا بەرقەرار بێت، ئەوکات دێینە سەر گۆڕەکانتان و دەڵێین، ئاشتی بەدی هات".