هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە پێکدادانەکانی شێراوا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بەدیل گیرا

سەرۆکی تەبەبە سەردانی شەنیاشارەکانی کرد: پێویستە دەنگی هاواری شەنیاشارەکان ببیسترێت

سەرۆکی تەبەبە سەردانی بنەماڵەی شەنیاشاری کرد و رایگەیاند: "پێویستە دەنگی هاواری ئەم بنەماڵەیە لە تەواوی تورکیا ببیسترێت. ئێشکگری بنەماڵەکە بۆ هەموومان مایەی شەرمەزارییە".

سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی پارێزەرانی تورک (تەبەبە) ئەرینچ ساغکان و سەرۆکەکانی سەندیکاکانی پارێزەرانی مێردین، شڕنەخ، موش، ئامەد، رحا، سێرت، وان، جۆلەمێرگ، ئێلیح، چەولیک سەردانی بنەماڵەی شەنیاشاریان کرد.

بەرلەسەردانەکە شاندەکە ویستیان لەگەڵ دادوەرانی دۆسیەکە قسە بکەن، ئەو دادوەرانەی دۆسیەکە، کە پێشتر وادەیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی سەندیکاکانی پارێزەران دیاری کردبوو، بە پاساوی ئەوەی بەرنامەیەکی دیکەیان هەیە کۆبوونەوەکەیان هەڵوەشاندبوەوە.

سەرۆکی تەبەبە ئەرینچ ساغکان وتی، "لە هیچ دەربڕین و وتەیەکی ماقول و گونجاو بۆ پێشهات و رووداویکی بەو جۆرە بوونی نییە، کە هێشتا تاوانێکی بەر بەرچاوەوە لە نەخۆشخانە روون نەکرابێتەوە، دادپەروەری نەچەسپێنرابێت و دەنگی هاواری دایکێک بۆ چەندین ساڵ نەبیسترابێت. بەر لە هەموو شتێک ئێمە مافی ژیان دەپارێزین. بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە پەڕاوی ئەو دۆسیەیە بە زووترین کات بکرێتەوە، بەرپرسیاران بە شێوەیەکی قورس سزا بدرێن و دادپەروەری بچەسپێنرێت. ئاگر لەکوێ بکەوێتەوە ئەو شوێنە دەسوتێنێت، بەڵام جێبەجێنەکردنی دادپەروەری ئازاری ویژدانی هەموومان دەدات. داواکاری سەرەکی ئێمە لە بارەی ئەو دۆسیەوە ئەوەیە کە لێپرسینەوەیەکی سودمەند ئەنجام بدرێت. ئێمە لەگەڵ بنەماڵەکەدا دەبین، کە بۆ ئەو داواکارییە تێدەکۆشێت. بۆ ئەوەی هاواری ئەو بنەماڵەیە لە تەواوی تورکیادا ببیسترێت ئێمە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەین. ئێمە ئەمڕۆ هاتینە ئێرە تا بڵێین ئێمە هاوخەم و هاوئازاری ئێوەین".

ساغکان بەبیری هینایەوە کە چوار ساڵ بە سەر کۆمەڵکووژیەکەدا تێپەڕبووە و وتی، "دایکێک کە بە بەرچاویەوە کەسەکانی کوژراون ناچار دەکرێت بە ساڵان لەبەر خۆر و بارانەوە بەدوای مافی خۆیدا بگەڕێت، ئێشکگری بکات. ئەوە بۆ هەموومان شەرمەزارییە. دەبوایە ئەوەمان بەسەر ژنێک نەهێنایە کە منداڵەکانی بە بەر چاوییەوە کوژراون. دەبوایە ئێمە دادپەروەریمان جێبەجێ بکردایە و هەر هیچ نەبێت فرمێسکی چاوی ئەومان بوەستاندایە. بەڵام دایکێک بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی منداڵانی ئەویان کوشتووە دادگایی بکرێن ئەوە ماوەی ساڵێکە ئێشکگری دەکات. تەنیا دادپەروەی دەوێت. دەیەوێت بەلێپرسینەوەیەکی بەسوود بەرپرسەکان دادگایی بکرێن. کێ دەتوانێت گوێی بۆ نەگرێت؟ تیرۆریزەکردنی بنەماڵەکە کارێکی ویژدانی نییە".

ساغکان لە درێژەدا وتی، "بۆ ئەوەی دەنگی هاواری بنەمالەکە لە تەواوی تورکیادا ببیسترێت ئێمە لێرەین. بۆ ئەوەی تۆمەتباران دادگایی بکرێن ئێمە لێرەین. زوو یا درەنگ ئێمە دادپەروەری دەبینین، بەڵام ئەو ئازارەی کە ئەم دایکە لێرە چەشتوویەتی، یەک کەس لە ئێمە لەبیری ناکات".

فەرید شەنیاشار و ئەمینە شەنیاشاری دایکیشی باسیان لەوە کرد، تێکۆشانی ئەوان تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتیە، ئەوان دەیانەوێت دادپەروەری بچەسپێت.

هـ . ب