سوهام شەنگالی: ئەرکی سەرەکی کۆمەڵگای ئێزدی ئازادی رێبەر ئاپۆیە

ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ سوهام شەنگالی رایگەیاند، کار و ئەرکی سەرەکی کۆمەڵگای ئێزدی مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و وتی، "لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا گوڕ بە تێکۆشان دەدەین".

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' لە دەیان وڵات بە شێوەی هاوکات دەستیپێکرد و تادێت بەرفراوانتر دەبێت. کۆمەڵگەی ئێزدی و پێکهاتەکانی شەنگال لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە دروشمی "ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و خۆبەڕێوەبەری بۆ شەنگال" بەشدارییان لەهەڵەمەتی ئازادیدا کرد. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا هەموو رۆژێک چالاکی جیاجیا بەڕێوەدەچێت. ئەندامی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) سوهام شەنگالی لەبارەی گۆشەگیری توندکراوی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" قسەی کرد. شەنگالی باسی لەوەکرد کە خەبات و ئەرکی سەرەکی کۆمەڵگەی ئێزدی لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت.

'دەبێت هەڵمەتەکە بەهێزتر و بەگوڕتر بکەین"

شەنگالی ئەوەی خستەڕوو، خۆبەڕێوەبەریی بەشداری لە هەڵمەتەکەدا کردووە و وتی، "بەشداری کۆمەڵگای ئێزدی لە هەڵمەتەکە زۆر گرنگە. دوای فەرمانی ٢٠١٤ یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی کۆمەڵگای ئێزدی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. بە چالاکی جیاجیا ئێمە بەشداری لە هەڵمەتەکەدا دەکەین. بەشێک لە خەبات و چالاکیەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، خەباتی پەیوەست بە ئازادی رێبەر ئاپۆیە. ئێمە وەک کۆمەڵگای ئێزدی دەڵێین، ئێمە و رێبەر ئاپۆ لە یەکەوە نزیکین. لەبەر ئەوەی لە دژوارترین بارودۆخدا رێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە ئێمە کرد، شەڕڤانانی ئەو بەهانامانەوە هاتن. لەبەر ئەوەش دەبێت گوڕ بە تێکۆشانی ئازادی رێبەر ئاپۆ بدەین".

'پرسی ئازادی رێبەر ئاپۆ لە سەر ئاستی جیهان لە رۆژەڤدایە'

شەنگالی ئەوەی خستەڕوو کە هەڵمەتی ئازادی فرەلایەنە و وەک تێکۆشانێکی درێژخایەن بەڕێوەدەچێت و وتی: "نەک هەر کورد، بەڵکوو لە ٧٤ ناوەندی جیهانییەوە داوای ئازادی رێبەر ئاپۆ کرا، ئەو دۆخەش کاریگەری لەسەر رۆژەڤی جیهان دانا. بووە تەوەر و بەرنامەی کاری چەند پەرلەمانێک. زۆر لایەن چارەسەری پرسی کورد و ئازادی رێبەر ئاپۆیان نەدەخستە بەرنامەی کار و گفتوگۆکانیانەوە، بەڵام ئەمرۆ ئەو هەڵمەتە بووەتە رۆژەڤی جیهان. چیتر مرۆڤایەتی ناتوانێت بەرامبەر بە گۆشەگیری دانبەخۆیدا بگرێت. زۆر جار دۆخی نێلسۆن ماندێلا و رێبەر ئاپۆ بە یەکتر بەراورد دەکەن، بەڵام ئێستا دۆخی ئیمراڵی هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە. مافی تەندروستی و یاسایی بوونی نییە. گۆشەگیری لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامە".

'ئازادی رێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەرییە'

شەنگالی ئەوەی خستەڕوو، کە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێن قووڵتر دەبنەوە، "ئەگەر دەمانەوێت کێشەی کورد کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێت دەبێت ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت و گوڕ بە تێکۆشان بدرێت. ئەوەی دەرگای چارەسەری دەکاتەوە، ئازادی رێبەر ئاپۆیە. بەم گرنگیپێدانەوە بەشداری لە هەڵمەتەکەدا دەکەین و ئەم هەڵمەتە کاتی نییە. خاوەن ئامانجە و لەو پێناوەشدا هەموو بەشەکانی خەباتی ژنان و گەنجان و خەباتی کۆمەڵایەتی ئەرکی خۆیان بەجێدەگەیەنن و بەشداری لەهەڵمەتەکەدا دەکەن.

روونیشی کردەوە، "هەموو جیهان بینییان کە چۆن وتەی رێبەر ئاپۆ واتە 'ژن، ژیان، ئازادی' بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئەو دروشمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگی دایەوە. رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی ژن ببێتە خاوەن هێز وئیرادە، رەنجی گەورەی داوە، لەمڕۆشدا ژنان خۆیان بە فکر و ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ رێکدەخەن. ژنانی ئێزدی ئازادی رێبەر ئاپۆ وەک ئازادی خۆیان دادەنێن. ژنانی ئێزدی هەوڵ دەدەن لەم هەڵمەتەدا ئەرکی خۆیان بە جێبگەیەنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شەنگالی ئاماژەی بەوەکرد، کە "گۆشەگیری چڕ کە لە سەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەیڕەو دەکرێت، تەنیا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوە نابرێت و سیستمی جیهانی ئەو گۆشەگیرییە بەڕێوە دەبات. پرسیاری دۆخی ئیمراڵی لە وەزارەتی دادی دەوڵەتی تورک کرابوو، ئەوانیش لە وەڵامدا وتبوویان سی پی تی ئاگادارە. وەک چۆن بە شێوەی نێونەتەوەیی پیلانگێڕی لە رێبەر ئاپۆ کرا، سیستمی گۆشەگیری لەلایەن هزە دەسەڵاتدارە جیهانییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت".

ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ سوهام شەنگالی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگای ئێزدی کرد هەڵمەتی ئازادی فراوانتر و بەگوڕتر بکەن.

هـ . ب