سوپای تورک بەرامبەر بە سروشتیش تاوان ئەنجام دەدات

کاتێک بەو ناوچانەدا دەگەڕێم، کە سوپای تورکیا ناچار بوو لێیان ڕابکات، تاڵانی و وێرانکردنی سروشت دەبینم. دەوڵەتی تورک کاولکردن و تاڵانکردنی سروشتی بە تاوانە پاکتاوکارییەکانی خۆی زیاد کردووە.

زۆرێک لە زانایان لەبارە جەنگەوە دەڵێن، 'جەنگ کاولکارییە، جەنگ مردنە'. بێگومان ئەم لێدوانە دەرئەنجامی ئەو وێرانکاری و تاڵانییەیە، کە بەهۆی شەڕەوە دروست بووە. لەم کات و سەردەمەشدا کاولکارییەکی وەها ئەنجامدراوە، لەوانەیە مێژوو هەرگیز لەم ئاستەدا شاهیدی ئەم کاولکارییە نەبووبێت. دەوڵەت و کۆمەڵێک لە سەرمایەدارەکان، کە هێز و دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قورغ کردووە، ناوچەکانی ژیانمان و سروشتەکەمان تاڵان و کاول دەکەن. کاولکردن و تێکدانی سروشت ئیدی ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیهانی.

 تاڵانکردنی سروشت لە کوردستان بەشێکە لە سیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆسایدکردن. ماوەی چەندین ساڵە سوپای تورک ئاگرتێبەردان و سوتاندنی دارستانەکان و هەروەها بڕینەوەی دارەکانی کردووە بە تەندەر و ئەوانەشی ئەو کارە دەکەن نۆکەرانی خۆجێی و ناوخۆیین، کە بۆ چەند قروشێک ئەو کاولکارییە ئەنجام دەدەن. دەوڵەتی تورک بە هەموو توانایەوە لە باکوری کوردستان بەردەوامە لە تاڵانکردن و کاولکردنی سروشت، ئێستاش ئەو کاولکارییەش لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدات. لە باشووری کوردستان لە ناوچە داگیرکراوەکان دا سەرەتا دارەکان دەبڕنەوە و پاشان لە ڕێگەی نۆکەرە خۆجێیەکانیانەوە دارەکان دەفرۆشن.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ سوپای تورک ناچارکرا لە زۆرێک لە ناوچەکانی زاپ بکشێتەوە. کاتێک بە کامپ و سەنگەرە چۆڵکراو و بە جێماوەکانی سوپای تورک دا دەگەڕێم دەبمە شاهێدی کاولکردن و تاڵانکردنی سروشت. ئەو جەنگە، کە من بە درێژایی ساڵ چاودێری و ڕووماڵم کرد، جارێکی تر هەست بە وێرانکاری و کاولکاریەکەی دەکەم. کاتێک دەبینم ئەو دارانە بڕاونەتەوە و بە بۆمب لە ڕەگەوەهەڵکەنراون، پارچەکراون و تێکشکێندراون، تووڕەیم زیاتر دەبێت. ئەمە چ جۆرە مێشک و عەقڵیەتێکە، ئەوە چۆن دوژمنێکە، کە دارەکان دەبڕێتەوە. پێشتر بیستووم، سوپای تورک دار دەبڕێتەوە، هەندێک لە گەریلاکان نەیانتوانیوە خۆیان لە بەرامبەر ئەوەدا ڕابگرن، بۆیە دەستوەردانیان کردووە و چالاکییان لە دژیان ئەنجامداوە و هەندێک لە گەریلاکان لەو پێناوەدا شەهید بوون. دەوڵەتی تورک لە دوژمنایەتی و دڕندایەتیدا هیچ  سنوورێک ناناسێت و بە بۆردومانەکانی بە ئەنقەست کەڵە کێوی، بەرازەکانی ئەو سروشتە، دارەکان و فرمێسکی گەریلا دەکاتە ئامانج و بە بۆردوومانی قورس لە ناویان دەبات. نەک هەر ئەو کارانە، لەم ڕۆژانەی دواییدا کانیاوەکان، درەختەکانی میوە و چنارەکانی بۆردومان کرد. بەوەش نایانەوێت هیچ شتێک بمێنێتەوە.

کاتێک مرۆڤ هەموو ئەمانە کۆ دەکاتەوە و دەیانخاتە پاڵ یەک، دەبینێت، کە دەوڵەتی تورک تاوانی کاولکردن و وێرانکردنی سروشتیشی بە تاوانە پاکتاوکارییەکانی خۆی زیاد کردووە. بە دڵنیاییەوە دەبێت نۆکەرە ناوخۆیی و خۆجێیە بەشداربووەکانیان لەو تاوانانەدا ئاشکرا بکرێن.

ژ.ت