سوپای تورکی داگیرکەر ٩ بارەگای سەربازی نوێی دروستکرد
بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆ سەر دهۆک ١٨٤بنەماڵە ئاواره بوون. سوپای داگیرکەری تورک ٩ بارەگای سەربازی نوێی لە هەرێمەکە دروستکردووە.
بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆ سەر دهۆک ١٨٤بنەماڵە ئاواره بوون. سوپای داگیرکەری تورک ٩ بارەگای سەربازی نوێی لە هەرێمەکە دروستکردووە.
بەهۆی لەشکرکێشیی وداگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە سەر سنووری پارێزگای دهۆک، ١٨٤ بنەماڵە لە ماڵ و زێدی خۆیان دەربەدەر بوون و ڕەز و باخەکانیان بەجێهێشتووە، هاوکات ٩ بارەگای سەربازیی نوێی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ناوچەکە دروستکراوە و هیچ لایەنێکی فەرمیش بەرامبەر ئەو کردەوانە کاردانەوەی نیشان نەداوە.
هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ئاسمان و زەوینەوە بۆ داگیرکردن و لکاندنی خاکی باشووری کوردستان بە تورکیاوە بەردەوامە، خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەش ناچاردەکرێن زێد و خاکی خۆیان بەجێ بهێڵن و ئاوارەی شارەکان بن.
لە ١٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەزاران سەرباز و تانک و زرێپۆشەوە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بە تایبەت سنووری دهۆک دەستپێکردووە، ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە دانیشتوانی ناوچەکە و چۆڵکردنی گوندەکان و دەرفەتی دروستکردنی بارەگای سەربازیی لەو شوێنانە.
تەنها لە هێرش و داگیرکارییەکانی ئەم دواییەدا، ١٨٤ بنەماڵە لە سنووری دهۆک ئاوارە کراون و باخ و مەزراکانیان بە ناچاری بەجێهێشتووە، بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژ نیوز نزیکەی ٨٣٠ دۆنم کێڵگە و باخ بە هۆی هێرشەکانەوە بەجێهڵدراون.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەزانا بوون بوردومانی شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتیان دەکات و لەم هێرشانەدا، دەوڵەتی تورک هەریەک لە گوندەکانی "مژێ، کەفنەمژێ، گیرگاشێ، سپیندارێ" لە بەری گارەدا، "دێمکا" لە باتیفا، “دەرگەلێ، موسابەگی، شێلازە، بشیلێ، میسکا" لە کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهێزی سەربازیی چۆڵکردووە و تێکرا تا ئێستا بەهۆی لەشکرکێشیی و هێرشەکان دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ١٧٠ گوند چۆڵکراون و ٦٠٢ گوندی دیکەش مەترسیی چۆڵکردنیان لەسەرە.
هەروەها ٩بارەگای سەربازیی نوێ لەو ناوچانەی چۆڵ دەکرێن دروستکردووە، بە کۆی گشتیی لە دوای ٢٠١٥ـەوە تا ئێستا، دەوڵەتی تورک ٧٤ بارەگای سەربازی بە هاوکاری پەدەکە لە باشووری کوردستان دامەزراندووە.
سەبارەت بە ڕێژەی سووتانی پووش و پاوان و دارستانەکان، بەپێی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، کە لە ڕێگەی بەدواداچوون لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە وەریگرتووە، تەنها لەم لەشکرکێشییەدا نزیکەی ٦٨ هەزار دۆنم زەویی بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە سووتاون.
جێی ئاماژەیە بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ١٣ هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و ١١ـی دیکەش برینداربوون، لە ساڵی ڕابردووشدا، ٣٣ هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
وێرای ئەو هێرش و بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورک بەبێ پارێز کردن بۆسەر باشووری کوردستان دەستی پێکردووە، تا ئێستا حکومەتی عێراق و حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم کاردانەوەیان نیشان نەداوە و ئیدانەیان نەکردووە و بێدەنگن.