بڕیارە سبەینێ ١٣ی تشرینی یەکەم لە سەر بانگەوازی دەم پارتی لە شاری ئامەد گردبوونەوەی ئازادیی بەڕێوەبچێت. سەرباری بڕیاری قەدەغەش کە لەلایەن والیگەری دەوڵەت دەرچووە، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گردبوونەوە لە زۆر شاری دیکەش بەردەوامە و لەناو ئامەدیش بەجۆش و خرۆشەوە دوایین ئامادەکارییەکان ئەنجام دەدرێن.
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ئامەد، سوڵتان یارای سەبارەت بەو بابەتە وتی، سەرباری بڕیاری قەدەغەش رۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم هەموو گەل دێنە مەیدان. یارای سەرنجی راکێشا بۆ سەر شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی، ئەوەی ئاشتی دەهێنێتەدی عەبدوڵا ئۆجالانە.
سوڵتان یارای باسی لە قەدەغە پێنج رۆژیەکەی والیگەری کرد و "مۆڵەت بۆ گردبوونەوەکە وەرگیراوە و کارەکانیشی ئەنجامدراون. ئەو بڕیاری قەدەغەیەی دراوە هەڕەمەکی و سیاسییە، هیج پاساو و بنەمایەکی یاسایی نییە. قەبوڵی ناکەین کە مافی دیموکراتیکی ئێمە بەربەست بکرێت. ١٣ی تشرینی یەکەم هەرچییەکیش رووبدات ئێمە لە گۆڕەپانەکان دەبین، یەکەم داواکاریشمان کۆتاییهێنانە بە گۆشەگیری".
تێکۆشانی هەمەلایەنە لە دژی گۆشەگیری
سوڵتان یارا باسی لەوەشکرد، "دەسەڵات زۆر رێبازی وەک تواندنەوەی کولتوری و زمان، مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی، تاڵانی ئیکۆلۆژی و هێرش بۆ سەر مێژوو هەوڵ دەدات دەستکەوت و بەهاکانمان لەناو ببات. هەر کە گۆشەگیری توندتر دەکرێتەوە، داڕوخانی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەبێتەوە. لە دژی ئەوەش ئێمە خۆمان رێکدەخەین و لەپێناو ئازادیی بەڕێز ئۆجالان، تێکۆشانێکی هەمەلایەنە ئەنجام دەدەین. یەک لەو گۆڕەپانانەی ئێمە بەکاریدەهێنین و بە باشترین شێوە ئەو تێکۆشانەی تێدا دەخەینەڕەوو، ئەم گردبوونەوە دەبێت، داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین بەشداری لەم گردبوونەوەدا بکەن".