سی پی تی: دەوڵەتی تورک ٨ جار لە هەرێمی کوردستان هێرشی ئەنجامداوە

بە پێی ڕاگەیەندراوی رێکخراوی سی پی تی دەوڵەتی تورک دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، ٨ جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان و شەوی ڕابردووش سوپای تورک  بە هێلیکۆپتەر هێرشی کردە سەر سنووری پارێزگای دهۆک.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکراوی CPTـی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ٠١:٠٤ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر هێرشی کردە سەر چیای لینکی لە سنوری دێرەلووکی سەر بە ئامێدی لە پارێزگای لە دهۆک و گەریلاکانیش وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەهۆی نزیکی هێرشەکە لەناو دێرەلووک، ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاوڵاتییانی سنوورەکەدا بڵاوبووەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕۆژی ٢٧ـی شووباتەوە کە بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی ئاشتی کردووە، ئەمە ٨ جارە سوپای  تورکە هێرش و بۆردوومانی هەرێمی کوردستان دەکات.

جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، دوێنێ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیاری ئاگربەستی ڕاگەیاند و هەروەها ئەمڕۆش فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) گرێدراوبوونی بە بڕیارەکەی پەکەکە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکاندا مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکار دەهێنین."