"تاوەکو گۆشەگیری نەشکێت، ئازادی و یەکسانی و ئاشتی پێک نایەت"

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر، گوتی: "دەبێت هەرکەس بزانێت تا گۆشەگیری نەشكێت، ئازادی و یەکسانی و ئاشتی پێک نایەت".

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە شەرناخ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەست، بە درووشمی "بۆ پاشەڕۆژێکی ئازاد، بۆ وڵاتێکی ڕزگار، بۆ شکاندنی گۆشەگیری". هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، کەسکین بایندەر، پەرلەمانتاران ئایشەگوڵ دۆغان و محەمەد زەکی ئیرماز، ڕێکخراوەکانی هەدەپە، ئەندامانی دایکانی ئاشتی و چالاکوانانی تەژەئا، بەشداربوون. پانکارتی "گۆشەگیری سەر گەلی کورد، لەناوچوونی مرۆڤایەتییە" و "بە گەنجان دەستمان پێ کرد و بە گەنجان سەردەکەوین" لە هۆڵی کۆنگرەکە هەڵواسران.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان. ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "پارتەکەمان، پارتی گۆڕانە. دەبێت لەم قۆناغەدا هاوپەیمانی و یەکێتی خۆمان بەهێز بکەین و تێکۆشان مەزنتر بکەین. دەتوانین بەم هاوپەیمانییەمان ئەنجامی تێکۆشانمان بچنینەوە".

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر، گوتی: "وانەمان لە قۆناغی هەڵبژاردن وەرگرت. ئەنجامی هەڵبژاردن خەباتێکی مەزنی خستە پێشمان. لە هەموو گەڕەک و شارێک لەگەڵ گەلەکەمان گفتوگۆمان کرد. دەخوازین گەلەکەمان باوەڕیان هەبێت. ڕەخنە و پێشنیارەکان، دەبنە نەخشەڕێگای تێکۆشانمان".

هەروەها بایندەر دووپاتی کردەوە، پێویستە گەلی کورد لە تێکۆشان بەردەوام بێت، هەموو گەلانی چەوساوە چاویان لە تێکۆشانی گەلی کوردە. تێکۆشانی گەلی کورد بە هێزی ژن و دایکان و گەنجان بەردەوام دەبێت و هیچ هێزێک بەری پێ ناگرێت.

"هەڵوێستی ئۆجالان، هەڵوێستی ئاشتی و چارەسەر و دانوستانە"

بایندەر لە درێژەی قسەکانی گوتی: "لە ٢٠١١ تا ئێستا، گۆشەگیرییەکی توند لە ئیمراڵی هەیە. تا ئێستا بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە بەرنامەیەکی بەهێزمان نەبووە و تێکۆشانمان لاواز بووە. هەڵوێستی بەڕێز ئۆجالان، هەڵوێستی ئاشتی و چارەسەر و دانوستانە. با هەمووان بزانن، بەبێ شکاندنی گۆشەگیری، ئازادی و یەکسانی و ئاشتی بەدی نایەت. ئەم دەسەڵاتە دژی ئێمە تەنها شەڕی چەکداری ناکات. لە هەموو لایەک هێرش دەکاتە سەر کورد. چونکە دەزانن بەهێزترین باوەڕی کوردە. با کەس خۆی فریو نەدات و هێرش نەکاتە سەر باوەڕی گەلی کورد. ئەوانەی خۆیان تاقی کردۆتەوە، هەردەم شکستیان هێناوە".

"سیاسەتی دیموکراتیک لەگەڵ تێکۆشانی گەل پێکدێت"

هەروەها بایندەر گوتی: "ئەمڕۆ لە هەر شوێنێکی کوردستان مادەی هۆشبەر بڵاودەکەن. تا جڤاکەکەمان تێکدەن، گەنجەکانمان لە جڤاکبوون و سیاسەت دووربخەنەوە. بانگەواز لە بنەماڵەکان دەکەم، سەلامەتترین شوێنی گەنجان پارتەکەی ئێمەیە. با گەنجان بنێرن بۆ پارتەکەمان. شەڕێکیان دەست پێ کردووە و ئەمە ناوی ئەو شەڕەیە، ئەوان دەیانەوێت هۆش و مێشکی ئێمە بسڕنەوە. دەبێت دژی ئەم هێرشە، بە زمانێکی ئەرێنی، بە چاند و زمان و ئەخلاقی گەلەکەمان سیاسەت بە گەنجان بگەیەنین. بۆیە دەڵێین ڕۆژانێکی مێژوویمان لەپێشە. دەبێت بەرپرسیار بین. سیاسەتمەداران مایکرۆفۆنی گەلی کوردن. بۆیە پێشخستنی سیاسەتی دیموکراتیک لەگەڵ تێکۆشانی گەلەکەمان پێکدێت. بۆیە دەبێت بە هەر جۆرێک بێت، تێکۆشانی گەل بە‌هێز بکەین".

پاش وتارەکان، زیلان یەمان و سەکڤان کیلیچ وەک هاوسەرۆکانی دەبەپە لە شەرناخ هەڵبژێردران.

کۆنگرەکە بە گرێدانی شایی و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.