"پێویستە دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە داگیرکەرییەکانی تورکیا بگەیەندرێتە نەتەوەیەکگرتووەکان"

چاودێری سیاسی، عومەر محەمەد ڕایگەیاند دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێجگە لە داگیرکاری سەربازی دەیەوێت هزرمان داگیر بکات، وتی: "دەبێت پلان و بەرنامەمان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو داگیرکارییە هزرییە".

دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک، لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامە. ئەمەش مەترسییە بۆ سەر قەوارەی باشووری کوردستان. تاوەکوو ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق بێدەنگ و بێ هەڵوێستن. لەو بارەیەوە چاودێری سیاسی، عومەر محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF)) قسەی کرد.

'پەدەکە نۆکەری و هاوکاری بۆ تورکیا دەکات'

عومەر محەمەد ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی داگیرکەری تورک خەون و هیوای زیندووکردنەوەی میساقی میللی هەیە و وتی: "ئەردۆغان وەک عوسمانیی نوێ، چاوی لەسەر ویلایەتی موسڵە و دەیەوێت جارێکی تر لە ژێرهەژموونی تورکیا بێت بۆ ئامانجێکی ستراتیژی دوورمەودا بەکاری بێنێت. چونکە تورکیا لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا تووشی شکستی ئابووری بووە.

هەروەها ئامانجێکی تری تورکیا لێدانە لە ڕێگەی ئاوریشم، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەمریکاوە بەشدار بێت، هەربۆیە چاوی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە تایبەت باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ناتوانێت ئەو خەونەی بەدی بێنێت، چونکە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پاڵپشت و هاوکاری گەریلا و پێشمەرگەن.

هەرچەندە بەشێکی حکومەتی هەرێم و حیزبێکی وەک پەدەکە نۆکەری و هاوکاری تورکیایە، بەڵام تورکیا ترسی لە ئاییندە و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە سیستەمێکی فیدڕاڵی دێتە ئارەوە. هەروەها دەیەوێت کوردستان بکات بە بازاڕێکی ئابووری و شمەک و کاڵاکانی ساغ بکاتەوە. ئێستا  لە چوار پارچەی کوردستان، دوو پارچەی کوردستان سەربەخۆن، هەربۆیە تورکیا چاوی لە سەر باشوورە."

'چارەسەری دیموکراتیک باشترین چارەسەرە بۆ پێکەوەژیانی گەلان'

لە درێژەی قسەکانیدا عومەر محەمەد باسی لەوە کرد پێکەوەژیانی گەلان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرە بۆ ژیان و مانەوەی گەلان و وتی: "لە ئاییندەدا چارەسەری دیموکراتیکی گەلان دەبێتە باشترین چارەسەر بۆ پێکەوەژیانی گەلان، چونکە ئەزموونی دەوڵەت-نەتەوەمان کردووە، زیاتر لە ١٠٠ ساڵە جگە لە دیکتاتۆریی و باڵادەستبوونی هێزە نەتەوەییە سەردەستەکان و ستەم لە نەتەوەکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ شتێکی تری بەدەست نەهێناوە.

ڕاستییەکەی تورکیا خۆی ئامانجی پاوانخوازییە. گەر ئەو دەڵێت ئامانجم پەکەکەیە، خۆ پەکەکە لە سوودان و سۆماڵ نییە، تورکیا لەوێدا پاوانخوازیی دەکات. ئامانجی سەرەکیی تورکیا و بە تایبەت ئاکەپە پاوانی بازاڕی ئابووریی و  هەیبەتی سیاسیی خۆیەتی."

 'تەنیا گەریلا دەتوانێت سوود لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگرێت'

عومەر محەمەد وتیشی؛ جیهان لە بەردەم لە دایکبوونی سیستەمێکی نوێدایە، ئەو بەمجۆرە دوا: "سیستەمی یەکجەمسەریی تا ئێرە هاتووە و لەوە زیاتر بەردەوام نابێت، زۆرینەی بۆچوونە سیاسییەکان ئەوەیە کە سیستەمی فرەجەمسەری دێتە ئاراوە. ئەم سیستەمەی ئێستا پێی دەوترێت نیولیبراڵیزم، تاکگەرایی دەسەپێنێت و گرنگیی بە بەکۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ نادات و هەموو شتێک وەک قازانجی ئابووریی دەبینێت.

پێشهاتێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێگاوەیە، ئەویش ئەوەیە جارێکی تر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێتەوە. ئەوەشی ئامادەی ئەو گۆڕانکارییە بێت و سوودی لێ وەرگرێت، تەنها گەریلایە."

باسی لەوەش کرد دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیانتوانیوە بە شێوازێکی گونجاو پێشەنگێتیی بکەن و وتی: "تورکیا لە پێشتریشدا هاتووە و نوێ نییە، بەڵام ئێستا بنکە و بارەگاکانی زیاتر کردووە. چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیە، لە هەر گۆڕانکارییەکی نەخوزراو تا بێبەش نەبێت. بەڵام پێم وانییە سەرکەتووبێت و کارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدات.

تورکیا کێشەیەکی هەیە، ئەو کێشە بریتیە لەوەی هاتنی بۆ کوردستان فشارە بۆ ڕێگەی  گەشەپێدان کە لێدانە ڕێگەی ئاوریشم، ئەمەش بۆ ئەوەی بەشدار بێت تا غاز و سووتەمەنی لە عەفرینەوە نەڕوات و لە تورکیاوە بڕوات."

وتیشی: "تورکیا ساڵانە ملیاران دۆلار لە ڕێگەی کاڵاکانیەوە لە هەرێمی کوردستان ساغ دەکاتەوە، لە ڕێگەی فیلمەکانەوە دەیانەوێت هرزمان داگیر بکەن. پێشتر داگیرکاریی بە هێزی سەربازی دەکرا، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی ئابووری و تەکنەلۆژیایەوە دەکرێت، ئێستا مەترسیدارترە، دەبێت پلان و بەرنامەمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو داگیرکارییە هزرییە هەبێت وا ئەنجام دەدرێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەشێکی زۆری گەل بایکۆتی کاڵا و سینەمای تورکیایان کردووە.

 لە کۆتایی قسەکانییدا عومەر محەمەد باسی لەوەکرد دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێگەشتنێکی شۆڤێنیی بەرانبەر کورد هەیە و وتی: "بە درێژایی مێژووی میزۆپۆتامیا چیاکان تاکە جێی بەرگریی کوردان بووە. ئەوان پێیان وایە ئەو چیایانە نەبن گەریلا ناتوانێت بەرگریی بکات، بۆیە ئەگەر مرۆڤی ئێمە داوای مافی خۆی دەکات خۆ دارستانەکان تاوانێکیان نییە.

پێویستە لایەنە سیاسیەکان ئەوەی پێیان دەکرێت ئەنجامی بدەن، وەک گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی. دەنگی ناڕەزایەتی بگەیەنن بە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتی عێراق و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان."