تەرمی ٢ گەریلا شەهیدەکەى باگۆک بەخاک سپێردران

گەریلاکانی هەپەگە دەنیز ئۆراک و سیمانور کایا لە ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە چیای باگۆک شەهید بوون. تەرمی ئەو دوو گەریلا شەهیدە لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بەخاک سپێردران.

دەوڵەتی تورک ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەم ئۆپەراسیۆنێکی لەسەر چیای باگۆک لە ناوچەی نسێبینی مێردین دەستپێکرد و ئۆپەراسیۆنەکە تا ١٥ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. لەو ئۆپراسیۆنەدا بەهۆی بۆردومانی چڕ و قوڕسی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ٦ گەریلا شەهید بوون.

تەرمی ٦ گەریلای ژن گەیەنرایە نەخۆشخانەی حکومیی مێردین و ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی کانوونی یەکەم بنەماڵەکان بۆ ناسینەوەى تەرمی ٣ گەریلا رۆیشتن بۆ نەخۆشخانەکە.

بنەماڵەی دەنیز ئۆراک (هیرا) و سیمانور کایا (مەسکەن) تەرمی رۆڵەکانیان ناسییەوە.

بنەماڵەی بەتول دیلەن (دیجلە)، کە خەڵکی گوندی ئالوجای سەر بە ناوچەی قەرەیازیی ئەرزرۆمن لە ئەرزرۆمەوە رۆیشتبون بۆ مێردین بۆ ناسینەوە و وەرگرتنەوەى تەرمی رۆڵەکەیان و ڕایانگەیاند، تەرمی ٤ گەریلایان والێکردووە، کە ناناسرێنەوە. لەبەر ئەوەش بنەماڵەى دیلەن بۆ دیاریکردنی تەرمی رۆڵەکەیان خوێنیان بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی دا.

تەرمی ئۆراک و کایا لە دوای هەندێک رێگری و بیانوگرتنی میزاجیانەى بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە.

تەرمی دەنیز ئۆراک لە گوندی کورکا چەتۆ لە ناوچەی ئارتوکلو لە مێردین بەخاک سپێردرا.

هەروەها تەرمی سیمانور کایا لە گۆڕستانی ناوەندی ناوچەی نسێبین لەژێر گوشار و زۆرداری و گەمارۆی پۆلیسدا بەخاک سپێردرا.

ژ.ت