تەرمی دەنیز بولبون بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا

نوێنەری کەنەکە دەنیز بولبون کە لە هەولێر لەلایەن دەوڵەتی تورک و پەدەکەوە تیرۆر کرا، لە گەڤەر بە بەشداری هەزاران کەس و بە مەراسیمێک بە خاکسپێردرا.

دەنیز بولبون کە لە ١٨ی ئەیلول لە شاری هەولێر لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) تیرۆر کرا،  لە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ سەرباری رێگرییەکانیش بەمەراسیمێک بە خاکسپێردرا.

تەرمی دەنیز بولبون نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە دەروازەی سنووری خابوور راگیرا، بەمەبەستی توێکاری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شڕنەخ و لە شەودا رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

بە شێوەی جەماوەری پێشوازی لە تەرمی بولبون کرا

تەرمەکە کە لە دوای توێکاری لەلایەن بنەماڵەکەوە وەرگیرایەوە، سەرباری رێگرییەکانی پۆلیس و سەربازەکان لە خاڵی پشکنین، بەڵام بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکان گواسترایەوە بۆ گەڤەر. تەرمەکە لە گوندی بۆلوک بە جەماوەری پێشوازی لێکرا، بە دروشمی 'شەهید نامرن' گواسترایەوە بۆ گوندی دێلەز. هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ساڵیحە ئایدەنیز، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز چیدەم کلیچگون ئوچار، چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنی ئازاد، ئەندام و بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسیەکان  و بە هەزاران ەکس بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

بە دروشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپێردرا

دوای ئەنجامدانی نەرتیتە ئایینیەکان لە سەر تەرمەکە، بە دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "بمرێ خیانەت، بژی کوردستان" و "ئەی شەهید خوێنت بە فیرۆ ناچێت" بە رێپێوان تەرمەکە بەرەو گۆڕستان گواسترایەوە و بە وتنەوەی دروشم بە خاک سپێردرا.

'کورد دەست لەبەرخودان هەڵناگرێت'

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز چیدەم کلیچگون ئوچار لە سەر گۆڕی بولبون قسەی کرد و وتی، "هەموو قوربانیدانەکان کە ئێمە پێشکەشمان کردوون، بەهای تێکۆشانی گەلی کوردن. دەبێت هەموان خاوەنداری لەو بەهایانە بکەن. تێکۆشانێکی سەد ساڵە هەیە و لەمڕۆدا ئەو تێکۆشانە لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رووبەڕووی هێرشی دژوار دەبێتەوە. دوای ئەوەی هاکان فیدان سەردانی هەولێری کرد هێرشەکان زیاتر بوون. هەرێمی کوردستان گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانی تیرۆرکردن. گەلی کورد لەسەر سنوورەکانی تورکیا خۆڕاگری دەکات، هێزی خۆی سەلماند و دەستبەرداری تێکۆشان نەبوو. ئیتر تورکیا ناچارە چی بکات؟ لە شەڕ لە دژی کورداندا هەوڵ دەدات هاوپەیمانی نوێ ساز بکات".

'پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی هاوبەشی ئەو تاوانەن'

چیدەم کلیچگون رایگەیاند، "وتەکانمان بەرامبەر بە پەدەکە، وتەی ئێمەیە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی" و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "نوێنەرایەتی کەنەکە لە شوێنێکدایە کە بەردەوام لە ژێر چاودێری ئاسایشدایە، چۆن ئەو تاوانە ئەنجام دەدرێت؟ چۆن ئاگاداری نەبوون؟ چۆن نەتانتوانی سەبارەت بەو بابەتە یەک وشەش بڵێن؟ تا ئەنجامدەران و هێزەکانی پشت ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی هاوبەشی ئەو تاوانەن".

ئوچار بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بەڕێز دەنیز بەخێر بێیتەوە بۆ سەر ئەو خاکەی تیایدا لەدایکبوویت. تۆ بەتەنیا نەگەڕایتەوە، بەو تێکۆشان و بڕوایەی رەنجت لەپێناودا کێشا هاتیتەوە. گەلەکەت لێرە لە ئامێزت دەگرن. بەڵێن دەدەین ئەو تێکۆشانەی تۆ لە پێناو یەکێتی نەتەوەیی کورددا ئەنجامتدا، خاوەنداری لێبکەین و بیگەیەنینە ئاستێکی بەرز. سەرەخۆشی لە هەموومان دەکەم".

پرسەی بولبون لە گوندەکەی دادەنرێت.

هـ . ب