تەرمی دوو گەریلا بەخاکسپێردرا
تەرمی پەیام دەمیر، گەریلای یەژا ستار و مەحمود تەکین گەریلای هەپەگە، کە ڕۆژی ٢٨ی ئادار لە جیلۆ شەهید بوون، لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە وەرگیرایەوە و لە زێدی خۆیان بە خاکسپێردران.
تەرمی پەیام دەمیر، گەریلای یەژا ستار و مەحمود تەکین گەریلای هەپەگە، کە ڕۆژی ٢٨ی ئادار لە جیلۆ شەهید بوون، لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە وەرگیرایەوە و لە زێدی خۆیان بە خاکسپێردران.
تەرمی گەریلای هەپەگە مەحمود تەکین (بۆتان ئێریش)، کە ڕۆژی ٢٨ی ئادار لە گۆڕەپانی ئالاندوز-ی سەر بە ناوچەی جیلۆی جۆلەمێرگ لە شەڕدا شەهید بوو، دوێنێ لە گۆڕستانی بێکەسانی سەر سۆلان-ی سەر بە ناوەندی جۆلەمێرگ لە لایەن بنەماڵەکەیەوە وەرگیرا و شەوی ڕابردوو گواسترایەوە بۆ گۆڕستانی گەڕەکی سەیرانتەپەی ناوچەی بسمل لە ئامەد.
پۆلیس گەمارۆی گۆڕستانەکەیان دا و ڕێگەیان نەدا جگە لە خێزانەکە کەس بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە بێت. تەرمی ئەو گەریلا شەھیدە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەی بەخاکسپێردرا.
لە ژێر گەمارۆدا بەخاکسپێردرا
تەرمی گەریلای یەژا ستار پەیام دەمیر (رێوان سوروج) کە ئەویش لە هەمان شەڕدا شەهید بوو، دوای ٥ مانگ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. بنەماڵەکەی تەرمەکەیان لە گۆڕستانی بێکەسانی سەر سۆلان-ی سەر بە ناوەندی جۆلەمێرگ وەرگرتەوە، پاشان بۆ بەخاکسپاردنی بەرەو گوندی شەورامەزن لە ناوچەی پرسوسی سەر بە ڕحا بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی بەرەبەیانی گەیشتنە گوندەکە، تەرمی ئەو شەھیدەیان لە ژێر گەمارۆدا بە خاکسپارد.
بە گوێرەی زانیارییەکان بەر لەوەی تەرمەکە بگاتە گوندی شەورامەزن، سەربازەکان دەورووبەری گۆڕستانەکەیان گەمارۆ داوە و جگە لە ئەندامانی بنەماڵەی شەھید ڕێگەیان بە هیچ کەسێک نەداوە ئامادەی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە بن. ھەروەھا سەربازەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکە کردووە، ئەگەر کەسێکی تر جگە لەوان ئامادەی مەراسیمەکە بێت، تەرمەکە دەڕفێنن. ھاوکات دەستیان بەسەر تەلەفۆنی ئەندامانی بنەماڵەکەدا گرتووە، بۆ ئەوەی لە گۆڕستانەکە وێنە و ڤیدیۆ تۆمار نەکەن.
بنەماڵەی دەمیر لە شاری ڕحا پرسەیان داناوە.
ژ.ن