تەرمی گەریلا ئاجار رادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە و لە گۆڕستانی بێکەسان بەخاکسپێردرا

تەرمی شەهید قەدەر ئاجار، گەریلای یەژاستار، هەرچەندە لەلایەن بنەماڵەکەوە ناسرایەوە، بەڵام ڕادەستیان نەکرایەوە و لە گۆڕستانی بێکەسان بەخاکسپێردرا.

قەدەر ئاجار (دەستان بۆتان) گەریلای یەژاستار، ڕۆژی ٢٥ی تەمووز، لە ماڵێکی شەقامی ساکاریای سەر بە ناوچەی نسێبینی مێردین، لە دژی گەمارۆ و بانگەوازی تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی پۆلیسی تورک، کە داوای خۆبەدەستەوە دانیان لێدەکرد، نارنجۆکی بەخۆیدا تەقاندەوە و لە ئەنجامدا شەهید بوو.

ڕۆژی ٢ی ئاب، بنەماڵەی ئاجار، کە لە ناوچەی جزیری شڕنەخ دەژین، چوونە مێردین و تەرمی کچەکەیان لە بەشی توێکاری نەخۆشخانەی پەروەردە و توێژینەوەی مێردین ناسییەوە. بەڵام بە بیانوی ئەوەی ئەنجامی دی ئێن ئەی دەرنەچووە، تەرمی ئاجار ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە.

پاشان بنەماڵەی ئاجار بۆ ئەوەی چاوەڕێی ئەنجامی دی ئێن ئەی بکەن، گەڕانەوە بۆ شاری خۆیان، بە گوێرەی زانیارییەکان تەرمی ئەو شەھیدە، کە لە بەشی توێکاری هەڵگیرابوو، ڕۆژێک پێشتر لەلایەن کاربەدەستانەوە لە گۆڕستانی بێکەسان لەشاری کامۆری سەر بە ناوچەی ئارتوغڵو بەخاکسپێردراوە.

سەرباری ئەوەی تەرمەکە ناسرایەوە، کە ھی قەدەر ئاجارە، بەڵام بە بیانوی ئەوەی ئەنجامی دی ئێن ئەی پەیمانگای پزیشکی دادوەری دەرنەچووە، تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

ژ.ن