تەرمی گوڵستان تارا بە خاکسپێردرا
تەرمی خەباتکاری راگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر کرا، لە ئێلیح بە خاکسپێردرا.
تەرمی خەباتکاری راگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر کرا، لە ئێلیح بە خاکسپێردرا.
دەولەتی تورک لە ٢٣ی ئابدا لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی بە درۆنی هێرشبەر ئۆتۆمبێلێکی رۆژنامەوانانی کردەئامانج و بەهۆیەوە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون.
تەرمی گوڵستان تارا لە زێدی خۆی بە شێوەیەکی جەماوەری پێشوازی لێکرا و بە خاکسپێردرا.
تەرمەکە لە دەروازەی خابورەوە بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرن" وەرگیرایەوە، دواتر گواسترابووەوە بۆ پزیشکی دادی شڕنەخ و لەوێوە رەوانەی ئێلیح کرابوو. لەوێ تەرمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "ژن، ژیان، ئازادی" و " بمرێ خیانەت، بژی کوردستان" پێشوازی لێکرا و بە کاروانێکی سەدان ئۆتۆمبێلی برایەوە بۆ گەڕەکی تلمەرج بۆ ئەوەی بەخاکبسپێردرێت.
لە کاتی نزیکبوونەوە لە گۆڕستانەکە پۆلیس هەوڵیدا تەنیا رێگە بە بنەماڵەکەی و پەرلەمانتاران بدات کە ئامادەی بەخاکسپاردنەکە بن، بەڵام بەشداربووان دژی ئەمە وەستانەوە و پۆلیسیش پەلاماریدان و سەرباری رێگرییەکانی پۆلیس تەرمەکەی گوڵستان تارا بە شێوەی جەماوەری بە خاکسپێردرا.
ئەحمەد بولەند تەتیک برای تارا لەسەر گۆڕەکەی قسەی کرد و وتی، "رێگەی راگەیاندنی ئازاد رێگەیەکی پیرۆزە، ئێمە پەیوەستبوونی هاورێیانی گوڵستانمان بە یادی ئەوەوە بینی. لە سلێمانیش پەیوەستبوونی هەڤاڵانی گوڵستانمان بەوەوە بینی".
دواتر پەرلەمانتاری دەم پارتی زەینەب ئۆدونجو قسەیکرد و وتی، "لەم قۆناغەی دواییدا بەرچاوترین و روونترین نمونەکانی هێرشی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەمان لە دژی گەلەکەمان بینی. یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی حکومەت بەردەوام ژنە. بە دوای دۆزینەوەی رێگە و شێوازی جیاجیایە بۆ کوشتنی ژنان. ئێمە وەک پێکهاتەی ژنانی بەشدار لە تێکۆشان گوڕ بە تێکۆشانمان دەدەین.. ژن، ژیان، ئازادی".
دوای بە خاکسپاردنی تەرمەکە مستەفا مەسعود تەتیک وتی، "سپاسی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، ئەوانەی هاوسۆزییان بۆ ئێمە دەربری و ئامێزیان بۆ شەهیدەکەمان کردەوە، سوپاسیان دەکەین. ئێمە وەک بنەماڵە و هاوڕێیانی گوڵستان بەڵێن دەدەین، تا چەسپاندنی ئاشتی لە خاکەکەمان درێژە بە تێکۆشان بدەین".
لە هۆڵی بۆنەکانی گەڕەکی پازاریەریە پرسەی شەهید گوڵستان تارا بەڕێوەدەچێت.