تەرمی جان گودەر کە لە زینداندا کوژرا بەخاک سپێردرا

زیندانییەکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی جان گودەر، کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی جۆری ئیی وان کوژرا، لە گەڤەر بەخاک سپێردرا.

جان گودەر تەمەن ٢٠ ساڵ بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی جۆری ئێف لە وان کوژرا. تەرمی گودەر لە گۆڕستانی باژێرگە لە گەڤەر بەخاک سپێردرا.

ئەندامانی بنەماڵەى گودەر لە گەڤەر و جۆلەمێرگەوە رۆیشتنبوون بۆ وان و دوای کاروبارەکانی پزیشکیی داد تەرمەکەی جان گودەریان وەرگرتەوە و بردیان بۆ گەڤەر.

 دوای ناڕەزایەتیی بنەماڵە و پارێزەران تەرمەکە بۆ توێکاری براوەتە نەخۆشخانەی حکومیی گەڤەر و دوای تەواوبوونی کاروبارەکانی توێکاری لە نەخۆشخانەی حکومیی گەڤەر، بنەماڵەکەى تەرمەکەیان وەرگرتەوە و بۆ بەخاکسپاردن بردیان بۆ گۆڕستانی باژێرگە.

پۆلیس هەم گۆڕستانەکە و هەم نەخۆشخانەکەی گەمارۆدا و رێگریی لە رۆژنامەنووسان کرد، کە وێنە و ڤیدیۆ بگرن. سەعید دەدە  پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی پارتی دیموکراتیک گەلان (هەدەپە) و بەڕێوەبەرانی رێکخستنی هەدەپەی گەڤەر بەشدارییان لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمەکە و پرسەکەدا کرد.

دوای ئەوەی تەرمەکە بەخاک سپێردرا، جەماوەر گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت.

لەلایەکی ترەوە و بەپێی زانیارییەکانی ئەندامانی بنەماڵەکە، باس لەوە کراوە، کە گودەر هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە و چارەسەر نەکراوە و گیان لەدەستدانیشی گوماناویە.

گودەر وەک "منداڵێک بەشێوەیەکی تاوانکارانە کوژراوە" هێشتا لە قۆناغی دادگایکردندا بوو و سزای ١٨ ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرکردبوو، بەڵام دۆسیەکەى یەکلایی نەببووە.

ژ.ت