تەرمی شەهید ڕۆنی چیاگەر پاش ٤ ساڵ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە

تەرمی گەریلای هەپەگە ڕۆنی چیاگەر کە ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢١ لە گۆڕەپانی قەڵای مەم لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی شەهید بوو، پاش ٤ ساڵ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

تەرمی گەریلای هەپەگە ڕۆنی چیاگەر (عەدنان دۆ‌غان) کە ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢١ لە گۆڕەپانی قەڵای مەم لە شەرناخ لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک شەهید بوو، پاش ٤ ساڵ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. 

پاش ٤ ساڵ وەڵامی داواکاری بنەماڵەی دۆغان درایەوە تاوەکو تەرمی شەهید ڕۆنی لە گۆڕستانی بێکەسان وەربگرنەوە.

پاش ئەوەی لەلایەن داواکاری گشتی کۆماری شەرناخەوە ڕاگەیاندرا کە نموونەی خوێنەکان هاوتابوون، بەیانی ئەمڕۆ بنەماڵەی ڕۆنی چیاگەر لە ناوچەی نسێبینی مێردینەوە گەیشتنە شەرناخ. پاش تەواوبوونی کارەکان لە داواکاری گشتی، چوونە گۆڕستان و تەرمی ڕۆنی چیاگەریان وەرگرت و بردیانەوە بۆ نسێبین.

تەرمی ڕۆنی چیاگەر لە نسێبین لەژێر گەمارۆی سەختی پۆلیسدا برایە گۆڕستانی مۆهریس و تەنها ڕێگە بە بنەماڵەکەی درا بەشداری مەراسیمەکە بکەن.