تەرمی وەدات ئەرکمەن لە ژێر گەمارۆی پۆلیسدا بەخاک سپێردرا

وەدات چەم ئەرکمن زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ژمارە ٢ی جۆری ئێفی تەکیرداغ دا کوژرا و تەرمەکەى لە ژێر گەمارۆی پۆلیسدا بەخاک سپێردرا.

وەدات چەم ئەرکمن، کە دوێنێ لە زیندانی ژمارە ٢ی جۆری ئێفی تەکیرداغ دا کوژرا. تەرمى وەدات ئەرکمەن لە ئیستەنبول لەلایەن پۆلیسەوە رفێندرا و رێگرییان لەوەکرد لە ئیستەنبول مەراسیمی ئایینی بۆ تەرمەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بە پێداگریی بەردەوامی بنەماڵە و پارێزەران و پشتوانی چالاکوانان و هاووڵاتییان دەوڵەتی تورک ناچار بوو تەرمەکە بە مەرج رادەست بکاتەوە.

دەوڵەتی تورک بۆ رادەستکردنی تەمەکە مەرجی ئەوەى دانا، کە نابێت جگە لە ئەندامانی بنەماڵەکەى هیچ کەسێکی تر بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی ئەو رۆڵە تێکۆشەرەى گەلی کورددا بکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکە لەژێر گوشار و زۆرداری پۆلیسدا لە ئەستەمبوڵەوە هێنراوەتە شارۆچکەی پازارجخی پارێزگای قەرس.

دەروازەی شارۆچکەکە لەلایەن پۆلیس و سەربازەکانی دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆدرا و دوای ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیەکان، لەژێر گوشاری پۆلیس دا تەرمەکە بردرایە گۆڕستانی شارۆچکەکە.

 سەرباری ئەو رێگریانەى دەوڵەتی تورک بنەماڵەکەى لە مەراسیمێکی بچووک، بەڵام پڕ لە رێز و شایستەدا لە شارۆچکەى پازارجخ لە ناوچەی دیگۆری پارێزگای قەرس تەرمی رۆڵەکەیان بە خاک سپارد.

بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە تەنها ئەندامانی بنەماڵەکەى ڕێگەیان پێدرا بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی رۆڵەکەیاندا بکەن. دوای ئەوەی تەرمەکە بەخاک سپێردرا، پۆلیس و سەربازەکان هەر لە شارۆچکەکەدا ماونەتەوە و بەردەوامن لە گەمارۆ و گوشارەکانیان.

ژ.ت