تەڤگەری ئازادی بەشداری مەراسیمی شەهیدی بۆردوومانەکەی تورکیای کرد

کەرکوک، شاندێکی تەڤگەری ئازادی بەشدارییان لە مەڕاسیمی شەهیدێکی دژە تیرۆر کرد کە لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆرستی دەوڵەتی فاشستی تورکیا شەهیدبوو.

جێگای باسە، لە رۆژی ١٨ ئەم مانگە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، لە ئەنجامدا سێ کارمەندی دژە تیرۆری یەنەکە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.

ئێوارەی ئەمرۆش لە تەکییەی تاڵەبانی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و شاندێکی ئەنجوومەنەکە، سەردانی پرسەی شەهید هیوا قادر ئەندانمی دژە تیرۆری کوردستانیان کرد کە ناوبراو لە بۆردوومانێکی دەوڵەتی فاشستی تورک بۆسەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی دژە تیرۆری یەنەکە شەهید بوون.

سەبارەت بە سەردانەکەیان کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، سەردانی پرسەی شەهید هیوا قادرمان کرد، وەکو ئەنجوومەنەکەمان و خەڵکی شاری کەرکوک دڵگرانین بەو کردەوە تیرۆرستییە ترسنۆکانی دەوڵەتی فاشستی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان دەکات و لەنێوانیاندا هێرش کردنە سەر هێزەکانی دژە تیرۆری یەنەکە کە رۆژانێک شەری دژی تیرۆر دەکرد ئیستاش دەولەتی فاشستی تورک بەبەرچاوی هەموو جیهان هێرش دەکاتە سەریان".

کۆمەڵ سەرمەد ووتیشی: "پێویستە کورد هەرچوار پارچە ئەوە بزانن کە کوردی بەشەرەف و ووڵاتپارێز سەر بەهەر لایەنێک بێت دەوڵەتانی داگیرکەر لەیەک بەرە ئەیانبینێت، بۆیە باشترین ڕێگاچارە ئەوەیە وەکو کوردانی ووڵاتپارێز هەموومان لە یەک بەرەدا دەستی ناپاک و خۆفرۆشان ببڕین و لە ووڵات دەریانبکەین و بەرەیەک دژی ناپاکی دروست بکرێت، داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق دەکەین کە چیدیکە ڕێگە بەسنور بەزاندن نەدات لەژێر هیچ پاساوێکدا کە شەهید و قوربانی بەدوایدا دێت".

هەروەها هاوسەرۆکی کەرکوکی تەفگەری ئازادی فاشیستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی کرد لە ئامانج کردنی هەموو کوردێکی ووڵاتپارێز و ووتی: "دەوڵەتی فاشستی تورک دوژمنی هەموو گەلی کوردە و هەموو کوردێکی ووڵاتپارێز وەکو یەک تەماشا دەکات و بەبێ گوێدانە کەسانی سڤیل یان سەربازی ئامانجی دەوڵەتی فاشستی تورک بە ئامانج کردنی کوردە کە ئەمرۆش بینیمان لە بناری قەندیل ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیلی کردبووە ئامانج، بۆ کۆتایی هاتنی کردەوە تیرۆرستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەبێت هەوڵێکی نێودەوڵەتی هەبێت و بەرەیەکی ووڵاتپارێزان دژ بەو پێشەڵکاریانە دروست بکرێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی ووتی: "ئەو کردەوە تیرۆرستیەی دەوڵەتی تورکیا تەواوی خەڵکی کوردستانی دڵتەنگ کرد، ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین وە هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".