تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئەمڕۆ لە بارەگاکەی لە شاری سلێمانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.
ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی، چرۆ شوانی، خوێنرایەوە و لە سەرەتادا هاتووە: "حکومەتی فاشیستی ئاکپارتی و مەهەپە لە تورکیا لەبەرامبەر دەستکەوتە بەدەست هاتووەکانی گەلی کورد و بەرخۆدانە شکۆدارەکەی کەوتووەتە دۆخێکی شڵەژانی هیستریایی و هاربوون، ساڵانێکە هێرشێکی بەربڵاو لەسەر باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، هەمیشە بە بیانووی جیاواز لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە مەودای شەڕ لەسەر خاکی کوردستان درێژ دەکاتەوە".
هەروەها هاتووە: "دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ڕوونە و دەیەوێت پرۆژەی پێکەوە ژیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدات، هەر لە پیلانگێڕییە شکستخواردووەکانی ئەم دواییەی دێرەزوور تا کەرکوک لەڕێگەی دنەدانی هەستی نەژاد پەرستی و تائیفی پێکهاتەکان و تێک دانی ئەمنی قەومی ناوچەکە کە هەمان ڕێبازی داعشە، دەخوازێت خەونی عوسمانی نوێ پێک بهێنێت".
لە بەشێ تری ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: "هێرشکردنە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرچاوی جیهان و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو پێوان و ڕێسا و یاسایەکی نێودەوڵەتییە و دەکەوێتە خانەی تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی، دەبێت هەرچی زووە پێش لەو شەڕانگێزی و وێرانکارییەیی دەوڵەتی شەڕی ئەردۆغان بگیرێت، چیتر جیهان و مرۆڤایەتی لەئاست ئەو تاوانانە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبێت و خۆی نەکاتە هاوبەشی تاوان"
لە کۆتاییدا تەڤگەریی ئازادی بانگەواز دەکات هەمووان دژی داگیرکاری و خیانەت بوەستنەوە و دەڵێت: "پەدەکە کە ڕۆڵی پاسەوانی دەوڵەتی فاشیزمی تورک دەگێڕێت لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو شوێنانەی کە جەندرمەی تورک جەسارەت ناکات بۆی بجووڵێت هێزەکانی پارتی پێشیان دەکەون ئەمەش بەئاشکرا ڕاگەیاندنی شەڕی کوردکوژییە، بۆیە داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان و تاک بە تاکی گەلەکەمان دەکەین کە لە ڕیزەکانی بەرگری چوار بەشی کوردستان بوەستنەوە لەو کاتە مێژووییەدا کە دەبێت ناسنامەی گەلی کورد بپارێزین".