تەڤگەری ئازادی: دەوڵەتی تورک بە هۆی شکستەکانی، خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژینگەی کوردستان شەرمەزار دەکات و باس لەوەشدەکات هۆکاری زیاتربوونی ئەو هێرشانە بۆ شکستەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە چیاکانی کوردستان دەگەڕێتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ژن تیڤی کە شەهید و برینداری لێکەوەتەوە رایگەیاندووە، " ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدات، لە دیاردەوە بوونەتە هەمیشەیی، گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژنان دەکاتە ئامانج".

لە راگەیەندراوەکەدا هۆکاری زیادبوونی ئەو هێرشانە بۆ سەر کەسانی مەدەنی و ژینگەی کوردستان بۆ شکستەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرامبەر کوڕان و کچانی تێکۆشەری کورد لە چیاکانی کوردستان گەڕێنراوەتەوە، هەروەها داواشی کردووە دامودەزگا نێونەتەوەییەکان بەرامبەر بەو تاوانانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی توندیان هەبێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان توڕەیی خۆی بەرامبەر هێڵی خیانەتیش دەربڕیوە، کە هاوکاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن و رایگەیاندووە: " ئێمە وەک دەستەی ژن لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان نەفرەت لە هێڵی خیانەتکاران دەکەین کە بە درێژایی مێژوو هەوڵیانداوە زەربەی گەورە لە تێکۆشان بدەن. هەمیشە وابەستەی داگیرکاران و دوژمنانی گەلەکەمان بوون".

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣-٨-٢٠٢٣ کاتژمێر ٥ی ئێوارە، دەوڵەتی تورکیای فاشیست لە قامشلۆ_عامودا بە هێرشی ئاسمانی (درۆن) ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج. کە تایبەت بە دەزگای میدیایی ژن تیڤی بوو. لە ئەنجامدا شەهید و برینداری لێکەوتەوە.

ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدات، لە دیاردەوە بوونەتە هەمیشەیی، گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژنان دەکاتە ئامانج، ئەوانەشی پێشێلکاریی و تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەکەدا بۆ ڕای گشتی دەگوازنەوە، دەکرێنە ئامانج و دەیانەوێت بێدەنگیان بکەن، پێویستە دامودەزگا نێونەتەوەییەکان بێدەنگ نەمێنن هەڵوێستی توندیان هەبێت.

ئێمە وەک دەستەی ژن لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان نەفرەت لە هێڵی خیانەتکاران دەکەین کە بە درێژایی مێژوو هەوڵیانداوە زەربەی گەورە لە تێکۆشان بدەن. هەمیشە وابەستەی داگیرکاران و دوژمنانی گەلەکەمان بوون. شەرمەزاری بۆ دەوڵەتی تورکیا بە هۆی شکستەکانی بەرامبەر بەرخودانی هەڤاڵان و ئازادیخوازان و تێکۆشەران. ئەمەش وای کردووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ باشوور و ڕۆژئاوا چڕتر بکاتەوە، کەسانی سڤیل بێتاوان بکاتە ئامانج و ژینگەی کوردستان لە ناوبەرێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوو. لە ناوچەی پێنجوێن، خەلەکان و چەمچەماڵ و دوکان خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج. ئەمەش پێمان دەڵێت ئیرادەی گەلەکەمان و کوڕ و کچانی تێکۆشەر لە چیاکانی کوردستان شکستیان بە دەسەڵاتەکەی ئاکەپە و مەهەپە هێناوە.

ڕۆحی شەهیدان شاد و ئارام بێت

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی ژنان

هـ . ب