تەڤگەری ئازادی: پیرۆزبایی لە پێکھێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک دەکەین

تەڤگەری ئازادی بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوکی پیرۆز کرد و دەڵێت: " بەهیواین بە خزمەتگوزاریی باش و گێڕانەوەی ئاشتیی و تەبایی، ڕێگرییکردن لەپیلانگێڕیی و دەستوەردانی دەرەکیی و ڕێگەنەدان بە گەندەڵیی ببێتە نموونەیەکی نوێ".

کەرکوک

دوێنێ لە شاری بەغداد ئیدارەی خۆجێی کەرکوک پێکهێنرا و ڕێبوار تەها لەسەر پشکی یەنەکە وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک هەڵبژێردرا. بەم بۆنەیەوە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لەم هەنگاوە دەکات.

تەڤگەری ئازادی دەڵێت: " كەركووك شارێكی فرە پێكهاتە و ستراتیژیی گرنگە، لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەردەوام داگیرکەران، ھێزە شۆڤێنییستەکان چاویان لەسەری بووە و ھەوڵی تێکدان و ئاژاوەگێڕییان داوە، بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتی تورک و عەرەبی شۆڤێنیی و  داگیرکەرانی کوردستانەوە، وایان کردووە کە هەمیشە ئاڵۆزیی و قەیران لە دوای قەیران، بۆ خەڵکی ئەم شارە کوردستانییە درووست بکەن، دەوڵەتی توركیا سەد ساڵە خەون بە داگیركردنیەوە دەبینێت، چەندیین هەوڵی نایاسایی و ناڕەوای داوە، بە ناوی پاراستنی ناسنامەی توركمانەكان، دەستێوەردانی كردووە و دووبەرەكیی خستووەتە نێوان نەتەوەكانەوە."

ئاماژە بەوە دەکات دوای ڕیفراندۆمی گوماناویی پەدەکە-بارزانی کەرکوک بووە قوربانی و پێگەی کورد لە شارەکە لاواز بوو، دەڵێت:دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە تاکڕەوییە بوو کە زیاتر دەستێوەردانی دەرەكیی واڵاکرد، بەتایبەتیی دەوڵەتی توركیا قەیرانەکانی قوڵتر کردووەتەوە".

تەڤگەری ئازادی ڕایدەگەیەنێت هاوکار دەبن لە تێپەڕاندنی قەیرانەکانی کەرکوک و بەدیهێنانی پێکەوەژیان، پیرۆزبایی لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک دەکات و دەڵێت: "بەهیواین بە خزمەتگوزاریی باش و گێڕانەوەی ئاشتیی و تەبایی، ڕێگرییکردن لەپیلانگێڕیی و دەستوەردانی دەرکیی و ڕێگەنەدان بە گەندەڵیی ببێتە نموونەیەکی نوێ، بۆ تەواوی کەرکوکییەکان".