تەڤگەری ئازادی: تانە لە بڕیارەکە دەدەین
تەڤگەری ئازادیی دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و ڕایگەیاند ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و تانەی لێ دەدەین، گوتی: "دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە".
تەڤگەری ئازادیی دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و ڕایگەیاند ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و تانەی لێ دەدەین، گوتی: "دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە".
دژی بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی؛ ئێوارەی ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی تارا حسێن گوتی: "تەڤگەری ئازادی لە دامەزراوەی کاروباری سیاسیی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بووین".
ئاماژەی بەوە کرد پێش بڕیارەکە هیچ ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییەکیان پێ نەدراوە، گوتی: "ئەم بڕیارە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر دادگاکانی عێراق، ناکرێت هێزێکی سیاسیی فەرمی، کە بەهیچ جۆرێک کاری نایاسایی نەکردووە و ئەندامانیشی لە هیچ پێشێلکارییەکی یاساییدا بەشدار نەبووە و بچووکترین لادانمان نەبووە، بڕیارێکی وای لە دژ دەربکرێت".
هەروەها تارا حوسێن گوتی: "ئەوەی کە دەستی لە پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان دەبێت ئەو دادگایی بکرێت، ڕووی دەممان دەکەینە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بیسەلمێنن لە کوێدا تەڤگەری ئازادیی کارێکی نایاسایی کردبێت، لە ڕاستیدا ئێمە لە دژی هەر پێکهاتە و هێزێکین کە دەرەکی بێت و لە دژی پێکهاتەکانی عێراق بێت".
تارا حوسێن ڕایگەیاند دژی ئەم بڕیارە ڕێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر، بانگەوازی لە هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێم کرد هەڵوێستیان هەبێت، گوتی: "ئەم بڕیارە تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە".