'تورکیا بە هەموو جۆرێک دژی کوردە، هەوڵی لە ناوبردنی هەرێمی کوردستان دەدات'

ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی کاروخ عومەر سەبارەت تیرۆرکردنی دوو ژنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد و هێرش و داگیرکارییەکان، وتی: "دووژمنانی کورد ئامانجیانە کورد لە شوێنک بێت بە ئامانجی بگرن. ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەش کوردن بۆیە بە ئامانج گیراون".

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، هەروەها ٢٣ی ئابی ئەم مانگە، لە ڕێگەی سەیدسادق-سلێمانی دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی ئازادی کردە ئامانج و شەهیدی کردن. شەرمەزارکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان لە فراونبوونە. لەو بارەیەوە چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس کاروخ عومەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بۆیە بە ئامانج گیراون لە لایەن تورکیاوە چونکە کوردن'

ڕۆژنامووس کاروخ عومەر لە سەرەتای قسەکانییدا ئاماژەیی بەوە کرد لەسەر پرسێک قسە دەکەین گرێدراوی هەموو تاکێکی کوردە، وتی: "شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسەکەی هاوڕێمان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەوەمان پێ دەڵێت دووژمنانی کورد، ئامانجیانە کورد لە هەر شوێنک بێت بە ئامانجی بگرن. ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەش کوردن بۆیە بە ئامانج گیراون لە لایەن تورکیاوە.

تورکیا دەیان هاوڵاتی بەئامانج گرتووە کە هیچ ڕووئیایەکی سیاسییان نەبووە، بۆیە ئامانجە سەرەکییەکەی توتکیا لە ناوبردنی کورد و کوردستانە. دەنگی ڕۆژنامەنووسان گرنگە هەبێت بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە، بۆیە ئەوەی گرنگە هاوڵاتییان هەڵوێستیان هەبێت بە هەرجۆرێک کە دەتوانن.

تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکردنی هەموومانە، بۆیە پێویستە هەموومان بە دەنگ بێین، بۆیە دەبێت ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە زووترین کات کۆببنەوە بۆ ئەوەی چالاکی دژی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی هاوڕێمان ئەنجام بدەین و فشار لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی بە دەنگ بێن.

دەبێت بڕۆینە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەی هەڵوێستی جدی بنوێنێت چونکە تورکیا لە ئێستادا ناوەستێت داگیرکاری ئەنجام دەدات و خەڵکی سڤیل بە ئامانج دەگرێت بۆیە گرنگە ئەم مەترسییانە بە حکومەتی عێراق بگەیەنین، چونکە هاوڵاتییانی عێراقی وەک گەشتیار دێنە خاکی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش بە ئامانج گیراون لە لایەن دەوڵەوتی تورکیاوە."

'تورکیا بە هەموو جۆرێک دژی کوردە، هەوڵی لە ناوبردنی هەرێمی کوردستان دەدات'

لە درێژەیی قسەکانییدا کاروخ عومەری ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد ئەو چوار دەوڵەتەی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە، هەر وڵاتێک بە جۆرێک هەوڵی لە ناوبردنی کوردی داوە بەمجۆرە بەدەوام بوو: "تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەجێندایەکی تایبەتی هەیە  بۆ لە ناوبردنی کورد، گەر بڕیارە تورکیا کێشەی لەگەڵ باکووری کوردستان هەیە بۆچی هێرشی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکات، هەر بۆیە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە تورکیا بە هەموو جۆرێک دژی کوردە.

بەداخەوە لە ئێستا لایەنی سیاسی هەیە کەوتەتۆتە خزمەتکردن و چاوساغی کردنی ئەو ئەجێندایەی کە تورکیا هەیەتی. گرنگە هەموومان تێبگەین دژی ئەو پیلانگێڕییەی کە تورکیا هەیەتی بوەستینەوە و ڕووبەروویی بینەوە.

تورکیا تەنها دژی پەکەکە نییە، بەڵکو تورکیا پێی وایە موسڵی لەدەست دەرهێنراوە، کار بۆ گێڕانەوەی دەکات، هەموو پلانەکانی تورکیا دژی کوردە، لە ناوبردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و قۆڕخکردنی ئابووری هەرێمی کوردستانە.

چونکە لە ئێستادا تورکیا تووشی شکستی ئابووری بووە، دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ئابووری خۆی بە هێز بکات و ویلایەتی موسڵ زیندوو بکاتەوە، ئەمەش بەو مانەیە دێت کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان و کوردیش لە ناوبەرێت."

'پێویستە هەموومان هەڵوێستی جدیمان هەبێت لە بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا'

وتیشی: "دەبێت لە پرسێکی وەهادا هەموومان قسە بکەین، چونکە بابەتێکی نەتەوەییە، بابەتێکی ئەخلاقی و نیشتیمانییە، ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە و تەنها پەیوەندی بە لایەنێکی دیاریکراو نییە، تورکیا لە شوێنکدا کە هاوڵاتییەک شەهید دەکات تەماشای ئەوە دەکات کە چ حیزبێکە؟ بۆیە پێویستە هەموومان هەڵوێستیێکی جدیمان هەبێت لە بەرانبەر ئەم داگیرکارییانەی تورکیا.

ئەگەر ئەم داگیرکارییانەی تورکیا ڕانەگریین دەبێتە مەترسییەکی گەورە، چەند مەترسییەکە لە سەر گەل زۆر بێت هێندەش لەسەر ئەم حیزبە سیاسییانە مەترسی هەیە چونکە ئەمانە سەروەت و سامانی ئەم خاکەیان داگیرکردووە، بۆیە دەبێت بە هەڵوێست بن و بە دەنگبێن.

ئەوەمان بیستووە لە هێزەکانی پەدەکە کە نزیکن لە تورکیاوە، دەیگێڕنەوە کە هیچ حسابێکیان بۆ ناکەن. ئەم وڵاتە سەدانی وەک بنەماڵەی بارزانی بەڕێکردووە، بۆیە پێویستە شەڕی کوردستان بکەن، شەڕی مانەوەی کورد بکەن. ئەوانیش لە مەترسییدان بۆیە گرنگە بە ئاگابێنەوە، بێنە بەرەی گەلەوە. پەدەکە لە ئێستادا لە مەترسییە بۆیە دەبێت هەڵوێستی هەبێت و بێتە بەرەی گەلەوە و بەرگری لە خاکی کوردستان و هاوڵاتیان بکات."

لە کۆتایی قسەکانییدا کاروخ عومەر باسی لەوەکرد پێویستە هەموومان ڕۆڵمان هەبێت بۆ فشارکردن لە نەتەوەیەکگرتووەکان و جیهان بۆ ئەوەی دەنگمان بگات، بە دەنگ بێین لە بەرانبەر ئەم هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گوتی: "تورکیا بە قوڵایی ٤٩ کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی باشووری کوردستان، لە بەشێکی ئەو ناوچانە شەڕ هەیە، خەڵکی بادینان و دهۆک لە مەترسییدان چونکە ڕۆژانە دەکەونە بەر هێرش و بۆردوومانی تورکیا، ئەوانەش کەسوکاری ئێمەن.

لە ئێستادا خۆشبەختانە تورکیا لە شکستی گەورە دایە، چونکە بەرەو زستان دەڕۆین تورکیا ناتوانێت لە بەرانبەر خۆڕاگری گەریلا ئازادەکانی کوردستان خۆی ڕابگڕێت. پێویستە ئەمانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت کورد هێرشی نەکردووە تەنها بەرگری لە خاکی خۆی دەکات.

قەندیل خاکی کوردستان و نیشتیمانی کوردستانە، پەکەکە بەرگرییەکی ئەخلاقییانە دەکات بۆ مانەوەی کورد و کوردستان. بۆیە دەبێت هەموومان هاوڕا و هاوبیری گەریلاکانی پەکەکە بین، بۆ ئەوەی بە ڕۆحێتێکی فراونترەوە بەرگری بکەن.

بەرپرسی پەدەکە هەبووە بووە بە هۆکاری ئاشکرا کردنی شوێنی گەریلاکانی پەکەکە و شەهیدبوونە، تورکیا شارەزایی ئەم ناوچەیە نییە گەر ئەوان چاوساغییان بۆ نەکەن. بۆیە هەموومان ئەرکی سەرشانمانە دژی ئەم داگیرکاری و هێرشانەی تورکیا بوەستینەوە."