تورکیا لە ماوەی هەفتەیەکدا ١٢٨ هێرشی ئەنجام داوە

ڕێكخراوی (سی پی تی) لەباشووری کوردستان ڕایگەیاند؛ سوپای دەوڵەتی تورک، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١٢٨ هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

كامەران عوسمان ئەندامی تیمی ڕێكخراوی (سی پی تی) ڕایگەیاند، لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا توركیا ١٢٨ هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، كە هەمووی بە شیوەی تۆپباران بووە، لەوانە ٨٣ هێرشی بۆ سەر چیای نزارکێ و ٤٥ هێرشی بۆسەر گوندەکانی بەری گارێ بووە.

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێكخراوی (سی پی تی) ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشکرای کرد، لە ڕۆژی ٢٤ـی ئەم مانگەوە سوپای داگیرکەری تورک ٨٣ جار هێرشی کردووەتە سەر چیای نزارکێ، لە سنووری شیلادزێی سەر بە ئامێدی.

ئاماژەی بەوەش كرد، تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبوون و هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی تۆپخانەکانییەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، لەهەمانکاتدا و لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، سوپای داگیرکەری تورک ٤٥ جار تۆپبارانی گوندەکانی بەری گارێ-ی لە سنووری دێرەلوکی سەر بە ئامێدی کردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ١٢٨هێرش بە شێوەی تۆپباران بووە