بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستانیانی ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بۆردومانکردنی ھاوڵاتیانی مەدەنی لە باشووری کوردستانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئیدانە کرد. ھاوکات داوایان لە کوردستانانی دەرەوەی وڵات کرد کە ڕوو لە گۆڕەپانەکان بکەن و نارەزایەتی دەرببڕن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، دەوڵەتی تورک، کە بەردەوامە لە هێرشە قڕکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر ڕێگای قامیشلۆ-عامودێ ئۆتۆمبێلێکی ژن تی ڤی کردە ئامانج و دوێنێش لە برادۆست ٤ هاوڵاتی مەدەنی شەھید کرد.
جەختیشکراوەتەوە، "ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە کۆمەڵکوژکارانە دەکەین، کە ھاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ حکومەتی باشوور ڕوویاندا. ئێمە ئەو هێرشە کۆمەڵکوژکارانە کە پێشەنگانی ژنانی ئازادی کورد و ھاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، کە جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیان لە چەتەکانی داعش پاککردەوە و هەڵوێستی حکومەتی عێراق و باشووریش شەرمەزار دەکەین، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگن".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوە ھاوبەشەکەی تەژەکە-ئە و کەجەدەکە-ئە دا ھاتووە، ئەم هێرشە خوێناویانە کە لە دژی ھاوڵاتیانی مەدەنی و بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت، بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی لایەنە نێونەتەوەییەکان، کە ئەرکی ویژدانی و ئەخلاقییەکانیان جێبەجێ بکەن. ناتوانن بە بێدەنگی و تەنیا سەیر کردن شانبەنە ژێر ئەو بارە. دەبێت بەرپرسیارێتییەکانی یاسای نێونەتەوەییەکان و پەیماننامە و بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ دەستبەجێ، جێبەجێ بکرێن.
هێرشەکان گەیشتوونەتە مەترسیدارترین ئاست
ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدات، بوونەتە هەمیشەیی. گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، کە ڕاستەوخۆ ژیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان دەکاتە ئامانج. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکاریی و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا بەڵگە و تۆماری دەکەن و بۆ ڕایگشتی دەگوازنەوە، دەکرێنە ئامانج و دەیانەوێت بێدەنگیان بکەن. پێویستە دامودەزگا نێونەتەوەییەکان هەڵوێستی ڕوون لە بەرامبەر ئەم هێرشانە نیشان بدەن و دەستبەجێ هەنگاو بنێن.
دەکەوینە جموجۆڵەوە
وەک تەژەکە-ئە و کەجەدەکە-ئە داوا لە گەلەکەمان دەکەین، کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، لە دژی ئەو هێرشە قڕکاریانە دەستبەجێ بکەونە جموجۆڵەوە، ئەم هێرشە کۆمەڵکوژکارانە و دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست لە ناو ڕایگشتی دا شەرمەزار بکەن و لە سەرانسەری ئەوروپا، کەنەدا و ئوسترالیا ڕوو لە شەقامەکان بکەن و چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن.
ژ.ن