هاوسەرۆکی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)، ڕوکەن ئەحمەد، لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد، ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژئاوا، گۆڕانی جڤاکی و چاندی و سیاسی، هەروەها ڕۆڵی وی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا.
ڕوکەن گوتی: " ڕژێمی بەعس بە کەڵک وەرگرتن لە قەدەغەی درێژخایەن و باری نائاسایی و شەڕ، سیستەمێکی دروست کردبوو کە ئەو خەڵکەی لە خاکی سوریادا دەژین هیچ ئیرادەیەکیان نەبێت. لە سوریا پارتێک نەبوو نوێنەرایەتی گەل بکات، سیستەمێک نەبوو بۆ بنیاتنانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پێدانی ئەرک بە جڤاک. ڕێبەر ئاپۆ ساڵی ١٩٧٩ هاتە سوریا و دەرفەتی پەروەردەکردن و ڕێکخستنی جڤاکی بۆ ڕەخسا. لە سوریا گەلی کورد هەمیشە لە هەڵوێستی وریاییدا بوو. ڕێبەر ئاپۆ چەرخەکەی سەروبن کردەوە. لە ڕاستیدا بە پەروەردەکردن و ڕێکخستنی گەل شۆڕشی ئامادە کرد. هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت " زۆر و کەمی ژمارەکان کێشە نییە، گرنگ ڕێکخستنی ئەم ژمارەیەیە".
مرۆڤەکانی گەیاند بە هۆشیاریی مێژوویی
ڕوکەن گوتی: "هەر کەس ئەرکێکی پێ درا. ئەگەر جڤاکێک نەیزانی چی بکات، نەیزانی چۆن بژی، بێگومان پێت خۆش بێت یان نا، دەچێتە خزمەتی دەسەڵاتەوە. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی ڕێکخراوەی بۆ ڕزگارکردنی جڤاک لە چنگی دەسەڵات دروستکرد، جڤاکێکی هۆشیاری دروستکرد کە ناسنامە و زمان و هەبوونی خۆی بپارێزێت".
ژیان لەسەر بناغەی پێشەنگایەتی ژن
ڕوکەن لە درێژەی قسەکانی گوتی: " ڕێبەر ئاپۆ ژنانی هاندا کە لە ماڵەکانیاندا سەربەخۆ بن. لە ڕاستیدا ڕێبەر ئاپۆ وای لە هەموو ئەندامێکی بنەماڵەکە کرد کە ئیرادەی هەبێت. ئەرکی ئەندامانی خێزان چییە، ئەرکی منداڵ، ژن، پیاو لە ماڵەوە چییە، دەبێت چۆن بژین، ئەوە لە ڕێگەی ژنانەوە بە خێزانەکان گەیاندرا. چوارچێوەی چۆنیەتی ڕێکخستنی شۆڕشی بە بەڕێوەبردنی خێزان ڕێک خست. پرسیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە چۆنیەتی بنیاتنانی جڤاکێکی دیموکراتیک، چۆنێتی بنیاتنانی جڤاکێکی یەکسان، چۆنێتی بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەش و ئازاد، ڕۆڵی تاک لە جڤاکدا چییە، مرۆڤەکان چۆن دەتوانن ئازاد بن؟ شێواز و سیستەمێکی پەروەردەیی و ڕێکخستنی بۆ وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەکرد".
بێناسنامەیی و بێشوێن و بێدەنگی پیشاندا
ڕوکەن هەروەها گوتی: " جڤاکێک هەبوو، پێویستیەکانی دەوڵەت دابین دەکرد و دەنگی بەرز نەدەکردەوە و ئیرادەی دەستی بەسەردا گیرابوو. ئەگەر ئاوڕێک لە پارچەکانی تری کوردستان بدەینەوە، مرۆڤ دەتوانێ بڵێت کاردانەوە لە دژی سیستمی دەوڵەتی ئێستا هەیە. سیاسەتی ڕژێم سیاسەتێکی توند بوو، بۆیە زۆرجار خەڵک ڕاستییەکانیان نەدەبینی. ڕێبەر ئاپۆ بە شیکارییەکانی و ئەو سیاسەتەی کە لەم بوارەدا جێبەجێی کردووە، نیشانی داوە کە گەل بێ شوناس و بێ دەنگ و بێ شوێن ماوەتەوە. بەو چاندەی کە دروستی کرد، بەو سیاسەتەی خۆی، بەو بوارانەی ژیانی جڤاکی کردبوویەوە و بە سیستەمی پەروەردە-ڕێکخستن، گەلی لە سیستەمی دەوڵەتی ئێستا تێگەیاند و وای کرد لەبری بێدەنگی هۆشیاری گەشە بکات. ٧٠ هەزار کەس بێ ناسنامە بوون. ڕێبەر ئاپۆ وای کرد گەل حەقی خۆی بەدەست بهێنێت. ٢٠ ساڵ خەباتی کرد و سیستەمی بەعسی ئاشکرا کرد کە کورد پشتگوێ دەخست و دەستی بەسەر موڵک و ماڵی کورددا دەگرت. ڕێبەر ئاپۆ شوێنێکی ژیانی پێشکەش بە گەل کرد".
جڤاکێکی ڕێکخراوی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا ئامادە کرد
ڕوکەن دووپاتی کردەوە، " هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو جڤاکەی بەم هێڵە پەروەردە بوو، شۆڕشیان پەرەپێدا. شۆڕشێک لەناو شۆڕشدا پێکهات. ڕێکخستنی سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی، ژنان، گەنجان و هتد. لەگەڵ شۆڕشدا ڕێکخراو بوون. ڕێبەر ئاپۆ هەرگیز خەباتێکی توندی لە دژی هێڵی ڕژیم نەکردووە، بەڵام ئەو ڕژێمەی قبوڵ نەکرد کە لەسەر بناغەی نکۆڵی لە جڤاک بنیات نرابوو. هێڵەکەمان ڕێگای سێیەمە. شۆڕشی ڕۆژئاواش لەسەر ئەو بناغەیە سەریهەڵدا. ڕێگای سێیەم بریتییە لە بنیاتنانی ژیانی هاوبەشی گەل، دروستکردنی سیستەمی خۆپاراستن و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری. ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگای ڕۆژئاوای پەروەردە و ڕێکی خست و هاوکاریی کرد بۆ گەیشتن بەم ئاستە. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژئاوادا ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەل نەبوایە، ئەوا کەسێکی وا ڕێکخراو و هۆشمەند نەدەبوو کە ناسنامە و زمان و خاکی خۆی بپارێزێت. ئەگەر گەلی ڕۆژئاوا لە فەرمانی ٧٤دا سەفەربەری بۆ گەلی شنگال ڕاگەیاند، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ هۆشیاری یەکێتیی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی ئافراند. دروستکردنی هێزێکی جڤاکی ڕێکخراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو پەیوەندییەوە هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ گەل دایمەزراندووە".
ئازادی جەستەیی لەگەڵ یەکێتیی نەتەوەیی
ڕوکەن ئەحمەد لەکۆتاییدا، گوتی: " ئەو سیاسەتەی دژی گەل پەیڕەو دەکرێت، زۆر مەترسیدارە. بۆیە پێویستە تێکۆشان لەوەش مەزنتر بێت. ئاستی تێکۆشان چۆن بەرز دەبێتەوە؟ بە پێشەنگایەتی نەتەوەی دێموکراتیک و گەلی کورد و یەکێتی نەتەوەیی، پێکدێت. بەمەش ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەبێت و کۆتایی بە بازنەی شەڕ و ئاژاوە دێت. مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تەنیا ئازادی گەلی کورد نییە، بەڵکو ئازادی گەلانی جیهانە. لەم چوارچێوەیەشدا نابێت گەل لە بەرامبەر سڕینەوە و گۆشەگیریدا بێدەنگ بێت".